فەیسەڵ عەلی
پرۆفیسۆر محەمەد یونس، بزنسمانی کۆمەڵایەتی و شارەزای ئابووری و یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەنگلادیش، لەسەر ئاستێکی فراوان ناسراوە بەوەی رۆڵی لە پەرەپێدانی تەمویلی پڕۆژەی بچوکدا هەبووە، بەمەش یارمەتی ملیۆنەها کەسی هەژاری داوە تا قەرز وەربگرن، لە ساڵی 2006 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێناوە بەرامبەر بە هەوڵەکانی لە پەرەپێدانی چەمکی قەرزی بچوک و دامەزراندنی بانکی هەژاران (گرامین بانک). هەروەها مامۆستای ئابووریی زانکۆی شیتاگۆنگە، کە یەکێک بوو لە گەورەترین زانکۆکانی بەنگلادیش.
هەموو مرۆڤێک دەبێت پەیامێکی لە ژیاندا هەبێت
یونس، لە ساڵی 1940 لە گوندی باتوای شاری شیتاگۆنگ لە دایکبووە، ئەوکات ئەو شارە ناوەندێکی بازرگانیی ناوچەی بەنگالی خۆرهەڵات لە باکووری خۆرهەڵاتی هیندستان بووە. باوکی وەک زەڕەنگەر کاری دەکرد، ئەمەش وایکرد ژیانێکی خۆش بەسەر بەرێت و بە بەرزترین ئاستەکانی خوێندن بگات، بەڵام کاریگەریی دایکی (سەفیە خاتون) لەسەر محەمد ئێجگار گەورە بوو، کاتێک جەختی لەوە دەکردەوە کە دەبێ هەر مرۆڤێک پەیامێکی لە ژیاندا هەبێت.
گەڕانەوە بۆ گوند
یونس ده‌ڵێت: ده‌یتوانی له ناو پۆله‌کانیدا و له‌سه‌ر کاغه‌ز هه‌موو کێشه‌یه‌کی ئابووری چاره‌سه‌ر بکات، له کاتێکدا نه‌یده‌توانی له‌ژیانی ئاسایدا، ته‌نیا کێشه‌یه‌کی ئابووری وڵاته‌که‌ی چارەسەر بکات، که به‌ده‌ست ده‌یان کێشه‌ی ئابووری گه‌وره‌وه ده‌یناڵاند. ئه‌و پرۆفیسۆره بۆئه‌وه‌ی بتوانێ به باشترین شێوه له کێشه ئابوورییه‌کانی وڵاته‌که‌ی خۆی بگات، بڕیاریدا یه‌که‌مجار گونده‌کانی وڵاته‌که‌ی بکاته شوێنی وانه گوتنه‌وه، خوێندکاره‌کانی خۆی به‌سه‌ر چه‌ند گروپێکدا دابه‌شکرد، ئه‌و گروپانە‌شی به‌سه‌ر گونده‌کانی ناوچه‌یه‌کدا دابه‌شکرد، بۆئه‌وه‌ی له نزیکه‌وه ئاگاداری ره‌وشی ئابووری ئه‌و گوندانه و کێشه و گرفته‌کانیان بن. گواستنەوەی جێی گوتنەوەی وانە، بووه هه‌وێنی دامه‌زراندنی بانکێک کە تەنها کاری خزمه‌تکردنی هه‌ژارانی گونده‌کانی به‌نگلادیش بوو.
بانکی هەژاران
لە ساڵی 1976 یونس بانکی هەژارانی (گرامینی بانک) دامەزراند، کە قەرزی بچوکی بە خێزان و کەسە هەژارەکان دەدا بەتایبەتیش بەو ژنانەی کە توانای گەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە تەقلیدییەکانی بانکەکان نەبوو، گرامین بانک لەسەر پڕەنسیپی قەرزی بچوک و بچوکتر دامەزرا، قەرزی بەو کەسانە دەدا کە هیچ زەمانەتێکی دانەوەی قەرزیان نەبوو وێڕای ئەوەش هیچ مێژووییەکی قەرز وەرگرتن و مامەڵەی بانکییان نەبوو. دواتر لەسەر ئاستێکی فراوان دان بەم بانکەدا نرا، وەک نموونەی بانکێکی سەرکەوتوو لە کەمکردنەوەی ئاستی هەژاریی تەماشا کرا، ئەمەش بووە ئیلهام بەخش بۆ زۆر ناوچەیتری جیهان.
فه‌لسه‌فه‌ی بانک له‌سه‌ر قەرزی بچوک به‌ند بوو، به‌پێی سستمێک کار ده‌کات که ئه‌وله‌ویه‌تی قه‌رزدان بۆ ئه‌و که‌سانه‌یه که هیچ ده‌رامه‌تێکیان نییه. له‌به‌رئه‌وه‌ی پەیڕه‌وکردنی کارکردنی له‌سه‌ر ئه‌و میتۆدە دانا، که‌سی قه‌رز وەرگر تاچه‌ند توانای کارکردنی هه‌یه، نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسه‌نگاندنی توانای خاوه‌ندارێتی ئه‌و که‌سه‌ی داوای قه‌رز ده‌کات. له پڕۆسه‌ی پێدانی قه‌رزدا، بانک ئه‌وله‌ویه‌ت به ژنان ده‌دات، هه‌ر بۆیه‌ش له 96 % ی قه‌رزه‌کانی بانکه‌که بۆ ژنان بووه. به‌ڕێوه‌به‌رانی بانکه‌که پێیان وایه ژنان له پیاوان زیاتر بۆ باشترکردنی گوزه‌رانی خێزانه‌کانیان کار ده‌که‌ن.
محەمەد یونس دەیویست لەڕێی بانکی هەژارانەوە، ئه‌و بڕوایه لای هه‌ژاران بگۆڕێت بەوەی هه‌ژاریی کێشه‌یه‌که چاره‌سه‌ر دەکرێت، ده‌بێ خودی هه‌ژاره‌که به‌شداری له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی خۆیدا بکات نه‌ک هه‌ر چاوه‌ڕێی ده‌ستی خه‌ڵکی تر بێت
سەرمایەی کۆمەڵایەتی
یەکێک لە پڕەنسیپە بنچینەییەکانی میتۆدی یونس، گرنگیی چارەسەری کۆمەڵگەییە، یونس لەو بڕوایەدایە کە کۆمەڵگە ناوخۆییەکان توانای دیارییکردن و چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییانەیان هەیە کە رووبەڕووی تاکەکان و ناوچەکەیان دەبێتەوە، دەبێ دەستوەردانە دەرەکییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانە و گەورەکردنیان بێت لەبری ئەوەی کار لەسەر گۆڕینی و هاوردەکردنی میتۆد و چارەسەری دەرەکی بکەن، ریشەی ئەم میتۆدەی یونس لە بیرۆکەی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدایە، یان لە تۆڕی پەیوەندیی و بەها هاوبەشەکانی ناو کۆمەڵدا هەیە. یونس رای وایە لە میانی سود وەرگرتن لەم سەرمایەی کۆمەڵایەتییە، کۆمەڵگەکان دەتوانن سوود لە دەرامەت و شارەزاییە تایبەتمەندەکانی خۆیان وەربگرن تا چارەسەری بەردەوام بۆ هەژاری و ئەو گرفتە کۆمەڵایەتییانەی تر کە بە دەستییانەوە دەناڵێنن بدۆزنەوە.
یونس دەیویست لەڕێی بانکی هەژارانەوە، ئه‌و بڕوایه لای هه‌ژاران بگۆڕێت بەوەی هه‌ژاریی کێشه‌یه‌که چاره‌سه‌ر دەکرێت، ده‌بێ خودی هه‌ژاره‌که به‌شداری له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی خۆیدا بکات نه‌ک هه‌ر چاوه‌ڕێی ده‌ستی خه‌ڵکی تر بێت، چونکه هه‌موو مرۆڤێک هه‌ژار بێ یان نه‌خوێنده‌وار یان ژن بێ یان پیاو، ده‌توانێت کارێک به‌ڕێوه ببات.