بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەوەی پێشکەشی ھەڵەبجە دەکرێت لە چوارچێوەی درووشم و بەڵێنی بێکرداردا ماوەتەوە

11:12 - 2024-03-16
کوردستان
104 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ٣٦ ساڵەی بیرەوەری بۆردومانی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەداخەوە ئەمڕۆ کە یادی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەینەوە، گلەییەکان زۆرن و خزمەتگوزارییەکان کەمن، جیاکاریی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەکرێت و ئەوەی پێشکەشی ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییە سەربەرزەکان دەکرێت تەنیا لە چوارچێوەی درووشم و بەڵێنی بێکرداردا ماوەتەوە.
دەقی پەیامەکە... 
ئەمڕۆ و ھەموو رۆژەکانی ژیانمان شەھیدانی جینۆسایدی ھەڵەبجە و خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزیانمان لەیادە و سەری رێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین. 
بەداخەوە ئەمڕۆ کە یادی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەینەوە، گلەییەکان زۆرن و خزمەتگوزارییەکان کەمن، جیاکاریی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەکرێت و ئەوەی پێشکەشی ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییە سەربەرزەکان دەکرێت تەنیا لە چوارچێوەی درووشم و بەڵێنی بێکرداردا ماوەتەوە، لەکاتێکدا دەبوو ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو شارەدا ھات، وانەیەکی مێژوویی و پەندێکی گەورە بووایە بۆ ئێمەی کورد و ھەمووان پێکەوە بە رۆحێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە کارمان بۆ گەڕاندنەوەی ھیوا و بونیادنانی داھاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بکردایە.
دەبێت لای ھەمووان روون بێت ئەوەی خەڵکی ھەڵەبجە و ھەموو کوردستان پێویستیانە، بیرکردنەوەی تەسکی حزبی و ھەوڵدان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت نییە، بەڵکو خزمەتکردن و بەدەنگەوەچوونی داواکارییە رەواکانە. دەبێت بەرپرسیارێتی بەرامبەر خاک و نیشتمان، جێگەی بیری جیاکاری بگرێتەوە و خزمەتگوزارییەکان بۆ ھەمووان بێت. کوردستان پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتووییە نەک ترازان و دوورکەوتنەوە، دەبێت جیاوازییەکان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و لەبیرمان بێت وەک کورد یەک چارەنووسمان ھەیە.
دروود بۆ گیانی شەھیدان و سەرفرازی بۆ کەسوکاریان
بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #هەڵەبجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان