دەستدرێژیكردنە سەر وانەبێژان دەبێتە دیاردە

10:28 - 2022-06-07
دووتوێ
562 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

لەم ماوەیەی دواییدا دیاردەی دەستدرێژیكردنە سەر وانەبێژان لە هەموو پارێزگاكانی عیراق بڵاوبۆتەوە، هۆشداریش دەدرێت لە مەترسییەكانی، هەرچەندە لایەنە پەیوەنیدارەكان یاسایان بۆ بەرگرتن لە دیاردەكە داڕشتووە كە لەلایەن حەسەن عەلی سەعیدی سەرۆكی سەندیكای مامۆستایان دەكرێت كە بە وتەی ئەو»زۆربوونی دیاردەی دەستدرێژیكردنە سەر مامۆستایان و دامەزراوە پەروەردەییەكان مایەی نیگەرانییە، بەو پێیەی هەڕەشە لەسەر پرۆسەی پەروەردەیی و نەریتی ئاكاریی خێزان و كۆمەڵگە دروستدەكات، ئەمەش نەك تەنیا لە زیقار، بەڵكو هەموو پارێزگاكانی تری وڵاتی گرتۆتەوە». 
سەعیدی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە رایگەیاندووە»ئەم ساڵ و ساڵانی پێشوو، حاڵەتێكی زۆریی دەستدرێژیكردنە سەر وانەبێژانیان بەخۆوەبینی، تەنیا لەمساڵدا 40 حاڵەتی لەو جۆرە تۆماركراون كە 16 حاڵەتییان لە نیوەی دووەمی ساڵدا بوون». 

سوڵحی عەشایەری 
لایەنە پەیوەنیدارەكان دەڵێن، دەستدرێژییە یەك لەدوا یەكەكان بۆسەر نەوانەبێژان لەلایەن خوێندكاران و كەسوكارییانەوە دەكرێن، بەتایبەت ئەوانەی لە سایەی گروپە چەكدارەكاندان، یان چەكی خێڵەكانیان لە شاندایە. 
پارێزگای زیقار لە ریزبەندی سەرەوەی پارێزگاكانە لەڕووی دەستدرێژیكردنە سەر وانەبێژان، بەو پێیەی لە نێوەندە پەروەردەییەكان لە زیقار لەم ماوەیەی دواییدا، دوو حاڵەتی نوێی دەستدرێژیكردنە سەر مامۆستایان و دەستەی وانەبێژان تۆماركران و چوونە سەر ئەو 40 حاڵەتی تر كە پێشتر بەشێوەیەكی رەسمی لەمساڵدا تۆماركران، وێڕای روودانی دەیان حاڵەتی تر كە بەشێوەی عەشایەری و كۆمەڵایەتی چارەسەركراون، سەندیكای مامۆستایانیش هۆشداریی دەدات لە پشتگوێخستنی دیاردەكە و چارەسەرنەكردنی كە كاریگەریی لەسەر خێزان و كۆمەڵگە دروستدەكات. 
 
لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا زیارتر دەبێت 
سەعیدی پێیوایە، حاڵەتەكانی دەستدرێژیكردنە سەر مامۆستایان و دەستەی وانەبێژان، لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا زیاتردەبن، بە تایبەت لەكاتی ئاشكراكردنی غەشكردن، یان دابەشكردنی ئەنجامی كۆتایی ساڵی خوێندن، دەستدرێژییەكان لەئێستادا، نەك هەر لە زیقار، بگرە لە زۆربەی خوێندنگەكاندا لە عیراق سنورییان بەزاندووە، وێڕای سوكایەتیكردن و لێدان و كوشتن لەهەندێك حاڵەتدا. 

هۆكاری بڵاوبوونەوەی دیاردەكە 
نەبوونی بەربەستێكی یاسایی، بەو پێیەی یاسایەكی توند نییە، لەگەڵ بوونی كەلێن لە سیستمی نەریتە گشتییەكان، و كەمبوونەوەی ئاكار لە كاروبارە گشتییەكاندا، دەركەوتووترین هۆكارەكانی پشت زیادبوونی حاڵەتەكانی دەستدرێژین بۆسەر حەرەمی پەروەردەیی. 

دیاردەیەكی دزێوە 
هەر لەو بارەیەوە، عەباس كازم سودانی نەقیبی سەندیكای مامۆستایانی عیراق و ئەمینداری گشتی یاریدەدەر لە یەكێتی مامۆستایانی عەرەب رایگەیاندبوو»دیاردەی دەستدرێژیكردنە سەر وانەبێژان دیاردەیەكی دزێوە لەنێو گەلی عیراق و پێشتر نەبووە، بەڵام لە ساڵی 2003وە پەرەی سەند و بووە دیاردە، بۆیە سەندیكای مامۆستایان داوای لە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەكان و خێزانەكان كردووە، كار بۆ كەمكردنەوەی ئەو دیاردەیە بكەن، بەڵام داواكارییەكەیان بێسود بووە». 

رێكار و چارەسەرە چەوتەكان 
بە وتەی سودانی»چارەسەرەكان لەئێستادا بۆ دیاردەكە چەوتن، بەو پێیەی مامۆستا پەنادەباتە بەر سوڵحی عەشایەری، یان چارەسەری عەشایەری، ئەمەش نابێتە مایەی بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی دیاردەی دەستدرێژكردنە سەر مامۆستایان». 
بە وتەی نەقیبی مامۆستایانی عیراق»لەدوای داڕشتنی یاساكە، دیاردەكە بەڕێژەی 80% بۆ 90% كەمبۆوە، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا خەریكە زۆردەبێتەوە، بە تایبەت لە پارێزگای زیقار، زانیارییان لەبەرسدەتە كە تێكڕای دەستدرێژییەكان گەیشتوونەتە 80 حاڵەت لە پارێزگاكە و 30 حاڵەتییان براونەتە دادگاكان و 50 حاڵەتەكەی تر لێكۆڵینەوەی ئیداریان تێدا دەكرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی زیقار». 

پەنابردنە بەر یاسا
بە بۆچوونی سودانی»ماددەی چواری یاساكە، هەموو ئەوانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر مامۆستا بە زیندانی و غەرامە سزا دەدات، بەپێی جۆری دەستدرێژییەكە»، نیگەرانی خۆشی دەربڕی لە نەبوونی چاودێریكردنی خێزانەكان بۆ منداڵە خوێندكارەكانیان بەپێچەوانەی پێشووەوە. 
هەر لەو وچوارچێوەیەدا، عەلی تەمیمی شارەزا لە بواری یاسا، ماددەكانی سزادان لە یاسای پاراستنی مامۆستایان و وانەبێژان ژمارە (8)ی ساڵی 2018، دیاریی دەكات. 
تەمیمی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»ماددەی 5ی یاساكە، هەموو ئەوانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر مامۆستا یان وانەبێژ، بە 3 ساڵ زیندانی و 10 ملیۆن دینار سزادەدات، هەمان سزاش بەسەر ئەوانەدا دەسەپێنێت كە دەیانەوێت لەڕێی سوڵحی عەشایەرییەوە كێشەكە چارەسەر بكەن، كێشەكە لە سزا یان دەقدا نییە، بەڵام جێبەجێكردنی دەبێتە مایەی بەرگرتن و هێنانەدی عەدالەتی كۆمەڵایەتی». 
بە وتەی تەمیمی»بابەتەكە پێویستی بە هۆشیاركردنەوەی زیاترە لەلایەن پیاوانی ئاینی و میدیاكان و خودی خوێندنگەكان، چونكە دەستدرێژیكردنە سەر مامۆستایان دیاردەیەكی مەترسیدارە و پێویستە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بكرێت كە دەستدرێژییەكەیان كردووە و لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بەپێی ماددەی 229 یاسای سزادانی عیراقی، سكاڵایان لەسەر بەرزبكرێتەوە بۆبەردەم دادوەریی لێكۆڵینەوەی پسپۆڕ لەو بوارە». 
دەستدرێژییەكان لە خوێندنگەكاندا هەر تەنیا بە دەستدرێژیكردنە سەر مامۆستاوە نەوەستاوە، بەپێچەوانەوە دیمەنەكانی بەكارهێنانی توندوتیژی لەدژی خوێندكاران و قوتابیان دووبارە بۆتەوە لەلایەن مامۆستایان و وانەبێژان لە خوێندنگەكاندا، بەبێ‌ ئەوەی تێبینی كاریگەریی و دەرهاویشتە مەترسیدارەكانی بكرێت، لە سایەی نەبوونی یاسایەك كە بایەخ بەو دۆسێیە بدات. 
شارەزایانی بواری پەروەردە و توێژە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێن»وێڕای رێكار و رێنماییە توندەكانی وەزارەتی پەروەردە، سەبارەت بە رێگرتن لە روودانی لێدان لە خوێندكاران و سوكایەتیكردن پێیان لەلایەن مامۆستایان، یان سزادانی ئەوانەی ئەو كارە دەكەن، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێك لەنێو مامۆستایان پێیانوایە لێدان و سزادان، ئامرازێكن بۆ پەروەردە و راستكردنەوە، لەكاتێكدا ئامرازێكن دژ بە مافەكانی منداڵ و مافی مرۆڤ، و دەبنە مایەی تۆقاندنی خوێندكار و منداڵان و دوورخستنەوەیان لە مامۆستا و تەواوی پرۆسەی خوێندن». 

تیرۆری پەروەردەیی 
رحمە-ی تەمەن (8 ساڵان) پێشتر لەلایەن مامۆستاكەیەوە لەسەری درابوو لە یەكێك لە خوێندنگەكانی شاری موسڵ لە پارێزگای نەینەوا، رحمە بە هۆی ئەو لێدانەوە توانای رۆیشتنی لەدەستدابوو، لێدانەكە لەئێستادا بۆتە مایەی ئیفلیجبوونی بەشی خوارەوەی جەستەی، وەك خێزانەكەی باسی دەكات.   
ئەم رووداوە و رووداوە هاوشێوەكانی تر، توڕەییەكی فراوانیان لەنێو كەسوكاریی خوێندكارانی عیراق و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە وڵاتدا دروستكرد كە رووداوەكەیان بە «تیرۆری پەروەردەیی» لەقەڵەمدا دژ بە منداڵانە كە هیچ دەسەڵاتێكیان نییە، لە هەمان كاتدا رەخنەیان لە بێدەنگی حكومەت گرت بەرامبەر بەو تاوانانە. 
پەیوەنیدارەكان پێیانوایە»تەواوی سیستمی پەروەردەیی پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی قوڵ و نوێكردنەوەیە لە رواڵەت و ناوەڕۆكدا، بەو پێیەی زۆرێك لە یاسا و سیستمەكان بۆ دەیان ساڵ و بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو دەگەڕێنەوە كە كەشی وڵات توندوتیژی باڵی بەسەردا كێشابوو». 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان