فەیسەڵ عەلی
ئەوەی لای هەمووان ئاشکرا و زانراوە، چەند دەیەیەکە دۆلار بۆتە دراوی ژمارە یەکی جیهان و باڵی بەسەر ئابووریی جیهاندا کێشاوە، بەڵام گرنگی و رێژەی قەبارەی ئابووریی ئەمریکا بۆ ئابووریی جیهان بە هەژموونی دۆلارەوە پەیوەستە. بەرامبەر بەم هەژموونەی دۆلار، ئاڕاستەیەکی نێودەوڵەتی هەیە لەلایەن دەوڵەتە گەورەکانی جیهانەوە، لەسەرووی هەموویانەوە، روسیا و چین، لەسەرخۆ هەنگاو بۆ دەستبەرداربوونی دۆلار دەنێن.
مەبەست لە دراوی نێودەوڵەتی چییە؟
مەبەست لە دراوی نێودەوڵەتی، دراوێکە سێ خەسڵەتی هەیە: یەکەمیان: لە پڕۆسەی بازرگانیی نێودەوڵەتیدا بەکاربهێنرێت. دووەمیان: لە دەرچواندنی سەنەدات رۆڵی هەبێت. سێیەمیان: چەندین دەوڵەت وەک یەدەگی رەسمی لای خۆیان گلی بدەنەوە. دیارترین نمونەی ئەم خەسڵەتەی دوایی، دۆلاری ئەمریکایە. گەیشتنی دراوێک بەم پێگە نێودەوڵەتییە، بەو مانایە نییە کە لە کێشە بە دوورە، بەڵکو ئەو هەژمونە بەرەو هەندێک رەفتاری ببات کە بە تێپەڕبوونی کات هێز و پێگەی لاواز بکات.
دۆلار و پاوەنی بەریتانیا
چەندین نووسەر بەو بڕوایە گەیشتوون کە دراوە نێودەوڵەتییەکان نمونەی دۆلار، لاوازترن لەوەی زۆر کەس پێشبینی دەکەن. ئەمەش یەکەم جار نییە، توێژینەوەکان دەریان خستووە کە دۆلار لە چارەکی یەکەمی سەدەی رابردوودا هەوڵیدا وەک دراوێکی یەدەگی نێودەوڵەتی بە پاوەنی بەریتانیا بگات، پاشان بەر لە دووەمین جەنگی جیهانەوە بایەخ و پێگەی دۆلار دووچاری دابەزین بوو، پاشان هەنگاوەکانی سنوردارکردنی ئەو دابەزینە گیرایەبەر.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا
بانکی ناوەندیی ئەمریکا، واتە ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵی لە ساڵی 1913 دامەزراوە، دوای دامەزراندنی ئەو بانکە، لە ماوەی نێوان هەردوو جەنگی جیهانییەوە، دۆلار لەگەڵ پاوەنی بەریتانیا چووە کێبڕکێیەکی بەهێزەوە.
دراوەکانی تری جیهان
رەنگە گرنگترین پەرەسەندنەکانی دراو، لە نیوەی دووەمی سەدەی رابردوودا بە داڕمانی بایەخی پاوەنی بەریتانیا و هەڵكشانی و دواتریش دابەزینی یەنی ژاپۆنی دەستی پێکرد بێت، دواتریش بە شێوەیەکی لاوەکی یۆرۆ هاتبێتە نێو گەمەکە و بەدوایشیدا هەڵكشانی دراوی (ئاڕئینبی) یوانی چینی بێت.
سیاسەتی بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا
سیاسەتی بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا بە کڕینی بڕێکی ئێجگار زۆری سەنەدات (تەمویلکردنی قەرزەکانی حکومەتی ئەمریکا) رۆڵی لە زیادکردنی بەهای دۆلاری ئەمریکا هەبوو، لە ئامانجەکانی ئەو پڕۆسەیە تەمویلکردنی هەناردە و هاوردەی ئەمریکا بوو. ئەو تەمویلکردنە سیولەی دۆلار بەگەڕ دەخات، ئەم سیاسەتەیش وای لە بانکی یەدەگی فیدراڵی کرد زیاتر پشتیوانی ئەو پڕۆسەیە بکات.
بە بەدواداچوونێکی مێژوویی یەدەگی بانکەکان بۆ زۆربەی ساڵانی سەدەی بیستەم، تێبینی دەکرێت کە هیچ دراوێک بە تەنها نەیتوانیوە زۆرینەی یەدەگی بانکەکان پێک بهێنێت، یەدەگی بانکەکان لە نێوان دۆلار و پاوەنی بەریتانیا دابەش بوو بوون. بەڵام بەر لە بەرپابوونی یەکەمین جەنگی جیهانی، پاوەنی بەریتانیا هەژموونی هەبوو، هاوکاتیش فرەنکی فەرەنسایی و مارکی ئەڵمانی بایەخی دیاریان هەبوو.
لاوازبوونی دۆلار
لاوازی بوونی کێبڕکێکاری دۆلار لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی رابردوو، دەرفەتی بۆ هەژموونی دۆلار رەخساند، ئێستا ئەو لاواز بوونە دووچاری بارگۆڕان بووە، لە دیارترین هۆکارەکانی هەڵکشانی ئابووریی چین و دەوڵەتانی تری گروپی 20.
رووداوەکانی پێشوو، واتە هەژموونی دۆلار وەک دراوێکی یەدەگی جیهانی لە داشکاندایە، داشکانێکە دۆلار ناچار دەکات دەستبەرداری هەندێک لە بایەخی خۆی بۆ یوانی چینی و یۆرۆی ئەوروپی بێت. هەندێک لە ئابووریناسان رایان وایە، خێرایی روودانی ئەو وەرچەرخانە پەیوەندیی بە سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا و پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا بە دەوڵەتە گەورەکانی جیهانەوە هەیە.
هەلومەرجی پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی تەکنۆلۆجیا، خزمەتی هەژموونی یەک دراویی دەکات، بەڵام پەرەسەندنەکانی تەکنۆلۆجیای دارایی پڕۆسەی گواستنەوە لە دراوێکەوە بۆ ئەویتری زۆر ئاسان کرد، کە پێشتر ئێجگار قورس بوو.
خێرایی بارگۆڕانەکان پشت بە سروشتیی سیاسەتەکانی داهاتوو دەبەستێت. نموونە، ئاستی کەوتنەوەی جەنگی بازرگانی یان کۆنگریس بەرزکردنی سەقفی قەرزی ئەمریکا رەت بکاتەوە. هەروەها پشت بە تێڕوانینی خەڵکی بۆ ئاستی دڵنیایی و متمانە بە سەنەداتی خەزینەی ئەمریکا دەبەستێت، یان ئاستی گومانیان بە دڵنیایی و متمانە بە یوانی چین. لە دەستدانی متمانە بە سەنەداتی خەزینەی ئەمریکا باجی خۆی هەیە، بەدیلەکەیشی خەوشی هەیە، دەرئەنجام لەسەر ئاستی جیهان کورتهێنان سیولەی لێدەکەوێتەوە.