ساریا محەمەد خاوەنی خەڵاتی برۆنزییە لە پێشبڕکێی زانستیدا

10:37 - 2024-03-17
دووتوێ
200 جار خوێندراوەتەوە
ساریا محەمەد بۆ پڕۆژەکەی سوودی لە مادە پلاستیکییەکان وەرگرتووە

سازدانی: ئازاد ئیبراهیم

ساریا محەمەد لەتیف خوێندکاری قوتابخانەی رەنگینە و تا ئێستا پێنج جار بەشداری پێشبڕکێ زانستییەکانی لە سلێمانی کردووە و سێجاریان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و خاوەنی یەک خەڵاتی برۆنزییە لە پێشبڕکێی زانستیدا، لەو بارەیەوە وتی «کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکەم کە بە پلەی یەکەم سوودی بۆ کەمئەندامان هەیە»

هەموان لێی سوودمەند بن
ساریا دەڵێت: لە شکستهێنانی پڕۆژەیەکی پێشووم، توانیم ببمە خاوەنی پڕۆژەیەکی زۆر گەورەتر و بەسوودتر کە هەموو تاکێک دەتوانێت سوودمەندبێت لێی بەتایبەت ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، پڕۆژەکەشم دروستکردنی چەترێکی مۆدێرنە کە فێنککەرەوەی لەژێردایە، ئەوەش بەو شێوەیەیە ئێمە دەزانین ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن ناتوانن هەڵگری کۆمەڵێک شتی قورس ببن بەیەکەوە، من کارئاسانیان بۆ دەکەم، بۆ نموونە پێویست ناکات چەترەکە بگرن بە دەستەوە، من هاتووم چاکەتی یارمەتیدەرم لەگەڵ دروستکردووە کە دەتوانێت پێداویستییەکانی بۆ هەڵبگرێت، لەماوەی داهاتوودا بەرەوپێشچوونێکی باشی بۆ دەکەم بۆئەوەی بە زووترین کات کەمئەندامان سوودمەندبن و هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت بەکاریبهێنێت، دەتوانم بڵێم چیرۆکی ئەم پڕۆژەیەی من تەواو جیاوازە.

سوودوەرگرتن لە پلاستیک
لە بارەی بیرۆکەی پڕۆژەکەیەوە ساریا محەمەد دەڵێت: بیرۆکەی پڕۆژەکەم سوودوەرگرتن بوو لە مادە پلاستیکییەکان، دەمەوێت بتوانم بەشێکی سروشت زیندوو بکەمەوە، بۆئەوەی چیتر مادە پلاستکییەکان نەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، هەروەها سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر باشترین و بەسوودترین وزەیە بۆ بەکارخستنی کارەکانمان، بۆیە ئێمە دەتوانین سوود لە وزەی خۆر وەربگرین، وەک دەزانین لە کوردستاندا (هاوین) باشترین وەرزە بۆ دەستکەوتنی وزەی خۆر بۆ کارەکانمان، بۆ زستان من سوودمەندبووم لە چەترێک _ دەفرێک _ هیتەرێکی بچووک کە بە پاتری ئیش دەکات.
ساریا محەمەد لە رووی تێچووی مادییەوەبۆ پرۆژەکەی باسی لەوە کرد لە رووی مادییەوە ئەو پڕۆژەیە تێچوویەکی ئەوتۆی نییە، چونکە هەموو بابەتەکانی لە سروشتەوە دەست دەکەوێت وەک (وزەی خۆر، مادەی پلاستیک)، بەڵام ئەگەر کۆمپانیایەک و لایەنێک سپۆنسەری بکات تێچووەکەی کەمتر دەبێت و زووتریش بڵاودەبێتەوە.

کاری ئایندە
لە بارەی کاری ئایندەیەوە، ساریا محەمەد دەڵێت: ئەو کاتەی ئەم پڕۆژەیەم کرد تەنها بیرم لە سوودگەیاندن کردبۆوە بۆ کۆمەڵگە وەک هەر پڕۆژەیەکی ترم، بۆیە بۆ ئایندەش پڕۆژەیەکی گەورەترم هەیە کاری لەسەر دەکەم و پەلەی تێدا ناکەم بۆئەوەی بتوانم بە جوانی و سەرکەوتوانە رایپەڕێنم و پێشکەشی هەموانی بکەم.
لە کۆتاییدا وتی: سوپاسی هەر کەس و لایەنێک دەکەم کە هاوکاریم دەکەن بە هەر رێگەیەک بێت سوودێک بە کۆمەڵگە بگەیەنین و بتوانین ئێمەش وەک هاووڵاتی وڵاتانی دیکە خزمەتی گەل و خاکی خۆمان بکەین و ناومان هەبێت لە پێشکەوتنە جیهانییەکاندا.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان