برنج، خۆراکە سەرسوڕهێنەرەکە

10:43 - 2024-03-17
دووتوێ
110 جار خوێندراوەتەوە

لە ئینگلیزییەوە: والی عەلی


برنج خواردنی بنچینەیی زۆرێك لە وڵاتانە و یەكێكە لە بەربڵاوترین خۆراكەكان لە جیهاندا، بۆیە لێرەدا چەند زانیارییەكی سەرنجڕاكێش سەبارەت بەم خۆراكە دەخەیەنەڕوو:
*خۆراكێكی بنچینەییە لە وڵاتانی داهات نزم و مامناوەندەكانی جیهاندا
* زیاتر لە چل هەزار جۆر برنج هەیە.
*لەڕووی بەكاربردنی برنجەوە لەسەر ئاستی تاكەكەسی، وڵاتانی لاوس و بەنگلادیش و كەمبۆدیا لە پلەی یەكەمدان لەسەر ئاستی جیهان.
*وەك وڵات، چین بە بەراورد بە هەر وڵاتێكی تری جیهان، زۆرترین برنج بەكاردەهێنێت.
*گەورەترین دوو بەرهەمهێنەری برنج لەجیهاندا چین و هیندستانن.
*بە بەراورد بە كیشوەرەكانی تر، ئاسیا زۆرترین برنج بەكاردەهێنێت. هەر تاكێك لە دانیشتوانی ئەو وڵاتانەی ئاسیا كە زۆرترین برنج دەخۆن، ساڵانە زیاتر لە سەد كیلۆگرام لەم خۆراكە بەكاردەهێنن.
*تاكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە بەراورد بە هی هەر وڵاتێكی تری جیهان كەمترین برنج دەخۆن. بەگشتی هەر تاكێكی ئەو وڵاتە ساڵانە نزیكەی 10 كوپ برنج دەخوات، بەڵام هی وڵاتانی ئاسیا دەكرێ رۆژانە پێنج بۆ 10 كوپ بخوات.
*برنجی سپی ئەگەر بەشێوەیەكی گونجاو هەڵبگیرێت، ئەوا دەكرێ بە تازەیی و بۆ خواردن شیاو بێت و بۆ ماوەی 10 بۆ 30 ساڵ بمێنێتەوە.
*تەنها یەك دەنك لە تۆوی برنج زیاتر لە سێ هەزار دەنكە برنج بەرهەمدەهێنێت.
*ئەم خۆراكە لە زۆربەی هەرە زۆری شوێنەكانی جیهاندا بەرهەمدەهێنرێت، جگە لەكیشوەری جەمسەری باشوور.
*ئەو كانزاو مادە دژە ئۆكسانانەی تێدایە كە پێست بە نەرمی و سافی دەهێڵێتەوە.
*برنج لە دروستكردنی شورای مەزنی چیندا بەكارهێنراوە.
*برنجی كێوی برنج نییە، بەڵكو خزمێكی دووری برنجی بازرگانییە.
*هەموو برنجە سپییەكان لە برنجی قاوەییەوە دروستبوون.
*برنجی قاوەیی لە هی سپی زیاتر ریشاڵی تێدایە.
*چەندین سوودی تەندروستی هەیە: بە خێرایی و دەستبەجێ پاش خواردن وزەت پێدەدات، جووڵەی ریخۆڵەكان رێك دەخات، سەرچاوەیەكی بنچینەییشە بۆ ڤیتامین B1.
*بەرهەمهێنانی، بڕێكی زۆر ئاوی پێویستە و تەنها یەك كیلۆگرام برنج نزیكەی پێنج هەزار لیتر ئاوی پێویستە.
*بەهۆی كوالێتییە بەرزەكەیەوە، برنجی ژاپۆن لە جیهاندا بەناوبانگترینە، ئەم وڵاتە بڕێكی باش بارانی تێدا دەبارێت كە رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لەبەرهەمهێنانی ئەم خۆراكەدا.
*كۆمپانیای هۆندا كە یەكێكە لە بەناوبانگترین كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا، ناوەكەی هەرچەندە لە دامەزرێنەرەكەیەوە وەرگیراوە كە ناوی سۆیشیرۆ هۆندایە، بەڵام زاراوەی هۆندا لە زمانی ژاپۆنیدا بەمانای «كێڵگەی سەرەكیی برنج» دێت.
*كوپێك برنجی قاوەیی بەڕێژەی (40٪) پرۆتینی زیاتر تێدایە لە برنجی سپی، هەمان بڕ دوو ئەوەندەی برنجی سپی ریشاڵی تێدایە.
*هەرچەندە لەڕووی ماددەی خۆراكییەوە، برنجی قاوەیی زیاتر لە سپی تێیدایە، بەڵام لێكۆڵینەوەیەك ئەوەشی سەلماندووە هەندێك لەو مادانەی لە برنجی قاوەییدایە، كێشە بۆ مژینی مادە خۆراكییەكان لە لەشدا دروستدەكەن.
*برنجی سپی مەترسیی شەكرە بە رێژەی زیاتر لەسەدا 10 زیاد دەكات بۆ هەر بەكاربردنێكی رۆژانە، لەبەرامبەردا برنجی قاوەیی دەكرێ مەترسیی ئەم نەخۆشییە بەڕێژەی لەسەدا 16 كەمبكات.
*هیندستان گەورەترین بەرهەمهێنەری برنجی بەسمەتییە لە جیهاندا كە یەكێكە لە بەناوبانگترین جۆرەكانی برنج، هەروەها پاكستان و نیپاڵ و ئیندۆنیسیاش بە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە برنجە بەناوبانگن.
*بەڵگە مێژووییەکان دەریانخستووە بنەچەی برنج دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین لە چین، بەڵام هەندێك لێكۆڵینەوەی تر ئاماژە بەوە دەدەن كە زۆر پێشتر لەوە لە هیندستان و پاكستان هەبووە.
*برنج لە كەلتوری چیندا مانای تایبەتی هەیە: كچۆڵەكانی ئەم وڵاتە پێیاندەوترێت پێویستە قاپی برنجەكەیان تەواوبكەن، ئەگەرنا هەر دەنكێك كە لەو قاپەدا دەمێنێتەوە دەبێتە پەڵه یان زیپكە یان كێشەیەك لە دەموچاوی مێردی داهاتوویاندا.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان