كێشەیەكی گەورە بەرۆكی ئاوارەكان دەگرێت

10:34 - 2022-06-07
دووتوێ
400 جار خوێندراوەتەوە
نەبوونی ناسنامە لە مامەڵەكاندا، كێشە و ئاستەنگی گەورە بۆ ئاوارەكان دروستدەكات

ئاوێنەی عیراق

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت»وەزارەتەكەیان 22 خانەی منداڵانی بێ‌ دایك و باوكی هەیە، هەریەكەیان 50 -100 منداڵ لەخۆدەگرێت، بەشێوەیەكی بەردەومیش داوەتنامە بۆ ئەو خێزانانە نێردراوە كە منداڵی هەتیویان هەیە، بە تایبەت خێزانە ئاوارەكان، تا ئەو منداڵانە لەخۆبگرن كە خێزانێك نییە چاودێرییان بكات، هەموو ئەو منداڵانەش لەخۆدەگرێت لەهەردوو رەگەز كە تەمەنییان لە یەك رۆژ تا 18 ساڵانە، بۆ مەبەستی تۆماركردنییان لە خانەكانی دەوڵەت بۆ چاودێریكردنی بێسەرپەرشتان لە بەغدا و پارێزگاكانی تر، لەپێناو فەراهەمكردنی كەشێكی كۆمەڵایەتی شیاو بۆیان و قەرەبووكردنەوەی ئەو سۆزە خێزانییەی لێی بێبەشبوون، وێڕای دابینكردنی خزمەتگوزاریی داڵدەدان و پەروەردەیی و فێركاریی و كاتبەسەربردن». 

پەنا بۆ خانەكانی بێسەرپەرشتان نابرێت 
عەبیر چەلەبی، ئاماژەی بە ئاستێكی لاواز كرد لە پەنابردنە بەر خانەكانی بێسەرپەرشتان، بەو پێیەی نەریتە كۆمەڵایەتییەكان رێگە بە زۆرێك لە خێزانەكان نادەن منداڵەكانیان ببەنە خانەكانی بێسەرپەرشتان كە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەبرێن، بەلایانەوە باشترە بەبێ‌ سەرپەرشتی بمێننەوە، بەو هۆیەی كۆمەڵگە بەلایەوە پەسەند نییە، ئەمەش وایكردووە ئەو منداڵانە لە مافەكانیان بۆ ژیان بێبەش ببن». 
دكتۆر عەلی بەیاتی، ئەندامی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ، ئاماژە بە دەرچوونی ئامارێك دەكات لەلایەن وەزارەتی پلاندانان و لە ئامارەكەشدا باس لە بوونی نزیكەی 700 بۆ ملیۆنێك منداڵی بێ‌ دایك و باوك دەكات لە وڵاتدا. 
بەیاتی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»5 ملیۆن بێ‌ دایك و باوك هەیە لە عیراق، زانیارییەكانی رێكخراوی (یۆنسێف)ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانیش باس لە ژمارەیەكی هاوشێوە دەكەن، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەست، ژمارەكە لە عیراق لە ملیۆنێك منداڵی بێ‌ دایك و باوك كەمتر نییە». 
بەڵگەنامە رەسمییەكان بە پێویستی سەرەكی دادەنرێن لە ژیانی هەموو كەسێكدا،بەوپێیەی ئامرازێكن بۆ چەسپاندن و سەلماندنی ناسنامەكەی، هەروەها زۆرێك لە مامەڵەكان پێویستییان بە هێنانی كارتی كەسێتییە بەو هۆیەی بە كارتی سەرەكی سەلماندنی بوونی كەسەكە دادەنرێت، ئەمەش وادەكات هەموو كەسێك پارێزگاری لەو بەڵگەنامانە بكات، تا كار و مامەڵەكانی لە فەرمانگەكانی دەوڵەتدا بە باشی بەڕێوەبچن.  
جۆری بەڵگەنامە پێویستەكان بۆ مامەڵە سەرەكییەكان لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاوازییان هەیە، بڕوانامەی لەدایكبوون و كارتی ناسنامەی نیشتمانی و بەڵگەنامە هاوشێوەكان، وەك پاسپۆرت و مۆڵەتی شۆفێری، لە بەربڵاوترین ناسنامە و كارتە باوەڕپێكراوە بەكارهاتووەكانن، لە مامەڵە رەسمییەكاندا. 
بەپێی یاسای باری كەسێتی عیراقی، هەموو هاووڵاتییەكی عیراقی مافی بەدەستهێنانی كارتی ناسنامەی باری شارستانی هەیە كە بە  ناسنامەی باری كەسێتی ناودەبرێت و دەدرێتە هەموو ئەوانەی لە باوك و دایكێكی عیراقین، بە بەڵگەنامەیەكی رەسمی گرنگ و پێویستیش دادەنرێت لە زۆربەی مامەڵە رەسمییەكاندا. 
زۆربەی ئاوارەكان لە كەمپەكاندا بەدەست نەبوونی بەڵگەنامە مەدەنییەكانەوە دەناڵێنن، تەنانەت بەڵگەنامە رەسمییەكانیش، هەندێكی تر بەتایبەت ئەوانەی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئاستەنگییان بۆ دروستبووە لەكاتی هەوڵیان بۆ دەستەبەركردنی بەڵگەنامە مەدەنییەكان، یان تازەكردنەوەیان لەبەر هۆكاری ئەمنی، ئەمەش وایكردووە بێبەشبن لە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی وەك فێركاریی و چاودێری تەندروستی و تایبەتمەندییەكانی تری بیمەی كۆمەڵایەتی.  
بە هەمان شێوە نەبوونی ئەو بەڵگەنامانە دەبێتە مایەی دروستكردنی كۆتوپێوەند لەكاتی هاتووچۆ و جێگۆڕكێ‌، مەترسییەكانی دەستگیركردن و دەستبەسەركردنیش زیاتر دەكەن، لەگەڵ دوورخستنەوەی لە پرۆگرامەكانی تێكەڵبوونەوە بە كۆمەڵگە، و بەشداریكردن لە كاروبارە گشتییەكانی وڵات. 
بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، زیاتر لە 5 ملیۆن هاووڵاتی بەهۆی جەنگی دژی رێكخراوی داعش ئاوارەبوون، كەریم نوری بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانیش پێشتر رایگەیاندبوو»ژمارەی ئاوارەكان لەدوای حوزەیرانی 2014 گەیشتە 900 هەزار خێزان، زیاتر لە 600 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بەمەش بە رەسمی رێژەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە گەیشتۆتە 75%».

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان