ئا، لە فارسییەوە: هێلین محەمەد
لێرەدا سێ وانە لە ئەنیشتاینەوە فێر دەبین كە بەقسەی خۆی لە هیچ زانكۆیەكدا باسی نەكردووە. ئەم زانا بلیمەتە لە (14/3/1789) لەدایكبووە و (76) ساڵ ژیاوە، دوو ژنی هێناوە، ئەزموونی زۆری لە ژیان وەرگرتووە كە بە لێكۆڵینەوەی قسەكانی دەتوانین گەلێ وانەی لێوە فێربین.
وانەی یەكەم:
كەشتییەك كاتێك لە كەناری دەریایە لە ئەماندایە، بەڵام بۆ ئەوە دروست نەكراوە:
زۆر لە ئێمە لە ژیانی خۆماندا ریسك ناكەین و ئیشی تازە ناكەین. خەونی زۆرمان هەیە، بەڵام لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی خەونەكانمان دەترسین. جورئەتی ئەوەمان نییە لە كەناری ئارامی رزگار بین. با چیرۆكێكتان بۆ بگێڕمەوە:
رۆژێك مار و هەنگ مشتومڕیان بوو، مار دەیوت خەڵك بەهۆی شكڵ و شێوەی ترسناكمەوە دەمرن، نەك بەهۆی پێوەدانمەوە، بەڵام هەنگ نەیدەسەلماند. مار بۆ سەلماندنی قسەكەی رۆیشت دای بە قاچی شوانێكەوە كە خەوتبوو، ئینجا دووركەوتەوە. هەنگ بەگیزە گیز شوانەكەی خەبەركردەوە، شوانە شوێنی ژەهرەكەی هەڵمژی و دەریكرد، پاشان قاچی تیمار كرد و چاكبۆوە. ئەمجارە مار و هەنگ نەخشەیەكی تریان دانا، هەنگ دای بەشوانەكەوە و دوور كەوتەوە، مار فیشكاندی، شوانە لەترسی مارەكە هەڵات و پێوەدانەكەی بیرچۆوە، لە ئەنجامدا لێی پیس كرد و مرد. زۆر لە كێشەكانی مرۆڤ بەم شێوەیەن مرۆڤ تەنیا بەهۆی ترسەوە دەمرێت. كەواتە هەموو شتێك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئێمە لە چ دۆخێكداین و چۆن لەگەڵ ژیاندا مامەڵە دەكەین. دەبێت نەترسین و ئەوەی دەمانەوێت بیكەین.
وانەی دووەم:
هەموو مرۆڤێك بەتوانایە، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە بڕیار لەسەر توانای ماسییەك بدەین كە ناتوانێت بە درەختدا سەركەوێت، دەگاتە ئەو باوەڕەی بێتوانایە. لە راستیدا هەر كەسێك توانای خۆی هەیە. لەوانەیە كەسێك قسەكەرێكی باش نەبێت، بەڵام وێنەكێشێكی باش بێت، لەوانەیە یەكێك لە ماتماتیكدا نمرەی باش نەهێنێت، بەڵام لە وەرزشدا یەكێك بێت لە باشترین یاریزانەكان. لەوانەیە كەسێك حەزی لە ئیشی تەكنیكی نەبێت، بەڵام لە هونەردا بدرەوشێتەوە. كەواتە لە هەنگاوی یەكەمدا دەبێت ئێمە خۆمان بناسین. بزانین كێین و حەز و تواناكانمان بناسین. ئەوكاتە سەركەوتنی گەورە بەدەست دەهێنین.
یەكێك لە كەسە ناسراوەكانی ئەمریكا چووە رێستۆرانێكی (سێڵف سێرڤس)، ماوەیەكی زۆر چاوەڕوانیكرد و كەس نەهات بەلایەوە، پاشان سەیركرد هەموو ئەوانەی دوای ئەو هاتوون خواردنیان لەبەردەمدایە و سەرقاڵی نانخواردنن. زۆر بیری كردەوە و تووڕە بوو لەوەی كەس حسابی بۆ ناكات و بەهای بۆ دانانێت. ماوەیەك دوای ئەوە كەسێك لەسەر مێزەكەی تەنیشتی دانیشت و یەكسەر دەستیكرد بەنانخواردن، ئیتر خۆی پێنەگیرا و چوو پێی وت: قوربان تۆ پێنج دەقەیە هاتوویت، یەكسەر دەستتكرد بە نانخواردن، منیش سەعاتێكە دانیشتووم كەس نایەت بەلامەوە، هۆكارەكەی چییە؟ پیاوەكە وتی: قوربان ئەم رێستورانە (سێڵف سێرڤسە) یانی دەبێت خۆت بچیت هەرچی خواردنێكت حەز لێیە بیكەیتە قاپەوە و بیهێنیت بیخۆیت. پیاوە ناسراوەكە راچڵەكی، تێگەیشت ژیان وەكو ئەم رێستۆرانە وایە، نابێت سەیری سەركەوتنی كەسانی تر بكەیت، دەستەوئەژنۆ دانیشیت و خۆت بە بێتوانایی تاوانبار بكەیت.
وانەی سێهەم:
پێنج شت بە هیچ كەسێك مەڵێ: (1-كێشەی پەیوەندییەكانت. 2-بڕی ئەو پارەیەی لە بانكدا هەتە. 3-كێشەی خێزانیت. 4-خاڵە لاوازەكانت. 5-ئامانجەكانت).
لە ساڵی (2009)دا (پیتەر گۆل ڤیتەرز) چەند تاقیكردنەوەیەكی تازەی كرد كە یەكێكیان بەم شێوەیە بوو. (163) كەس لە (4) تاقیكردنەوەی جیاجیادا ئامانجەكانیان نووسی. نیوەی ئەم كەسانە ئامانجەكانیان باسكرد، نیوەشیان باسیان نەكرد. هەموویان (45) دەقە كاتیان هەبوو ئیش لەسەر ئامانجەكانیان بكەن، ئەو ئیشانە بكەن كە لە ئامانجەكانیان نزیكیان دەخاتەوە. پێشیان گوترا هەركاتێ حەزتان لێبوو دەتوانن وازبێنن. ئەنجامەكەی بەم شێوەیە بوو: ئەوانەی باسی ئامانجەكانیان نەكردبوو توانیان لە نیوەی كاتدا باسی ئەو شتانە بكەن كە بەئامانجیان دەگەیەنێت. كاتێك دوای ئیشەكە لێیان پرسین دۆخەكە چۆنە؟ باسی ئەوەیان كرد دەبێت ئیشی زۆر بكەن بۆ ئەوەی بە ئامانجەكانیان بگەن. بەڵام ئەوانەی باسی ئامانجەكانیان كردبوو دوای (33) دەقە وازیان هێنا. كاتێك پرسیاریان لێكرا هۆكاری هەوڵی كەمی ئێوە چییە؟ وتیان زۆر لە ئیشەكە نزیك بوونەتەوە. كەواتە بەشێوەیەكی زانستی دەتوانین تێبگەین، ئەگەر ئامانجەكانمان باس بكەین، لە بەرژەوەندیمان نییە، چونكە یان سووكایەتیمان پێدەكەن یان نایەڵن ئیشەكە بكەین. لە كۆنیشەوە وتویانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانت گڵۆپەكان بكوژێنەوە ئینجا بجووڵێ. بەگشتی مرۆڤ كاتێك سەركەوتوو دەبێت باسی ئەو پێنج خاڵەی سەرەوە نەكات.
سەرچاوە:
www.youtube.com/watch?v=F9lRWNCr5-Y