لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵ و تەسریباتی ناڕاست و نادروست لە سەر بابەتی مووچە زۆر وترا و بڵاوکرایەوە، بۆ راستکردنەوە و گەیاندنی زانیارییەکان بە دروستی و دوور لە موزایدەی سیاسی، مەبەستمان بوو ئەم دوو خاڵە بخەینەڕوو:
یەکەم: لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، تیمی وەزاری یەکێتی داوایکرد بەو بڕە پارەیەی کە لە بەغداوە هاتووە دەستبکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، چونکە بەرەجەژنانە و خەڵک چاوەڕێی ئەو مافەی خۆیەتی وەریبگرێت، لەگەڵ ئەوەش هەوڵ بدرێت ئەو بەشەی تریش داوا بکرێت لە وەزارەتی دارایی عیراق بینێرێت. هەبوون کە لایەنی سەرەکی حکومەتن؛ لە دژی ئەو بۆچوونەی ئێمە قسەیان کرد.. جگە لەوە هەرچییەک وترابێت بە پێچەوانەی ئەوەی دەیڵێین؛ راست نییە و مەرام و موزایەدەی سیاسی لە پشتە.
دووەم: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە حزب و تیمی حکومەتیشەوە، سیاسەتێکی میانڕەوانەی گرتووەتەبەر لەگەڵ لایەنەکانی هەرێم و عیراق و هاوسەنگی راگرتووە لەپێناوی پاراستنی سەقامگیری و بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد کە بە خوێنی شەهیدانمان بەدەست هاتوون و ئەمانەتە لە ئەستۆی هەموومان، هەرگیز هەوڵی تێکدانی نێو ماڵی لایەنەکانی هەرێم و بەغدای نەداوە لەپێناوی پۆستێکی دیاریکراودا. بۆیە ئەوانەی ئەو هەوڵانە دەدەن، بوونەتە باعیسی رێکنەکەوتن و تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دواتر خەڵکی کوردستانیش دەبنە قوربانی ئەو سیاسەتە هەڵەیە.
لە کۆتاییدا دەڵێین؛ بەم رەمەزان و بەرەجەژنانە، خۆزگە لەبری بەیاننامە و لێدوان و تەسریباتی ناڕاست، بە هەموومانەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەمان بدایە کە زیاد لە 10 ساڵە ماف و شایستەی مووچەخۆرانمان دەستەبەر ناکرێت. خەڵکی کوردستان راستە پشووی درێژە بەڵام ناکرێت ئەو پشوودرێژییە لەبەرچاو نەگیرێت و مافەکانیان پەراوێز بخرێت.
تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان