قانوونی ستورجن

چۆن ئامێری دۆزەرەوەی قسەقۆڕەكانت كۆنترۆڵ دەكەیت؟

09:45 - 2024-03-20
ئابووری
94 جار خوێندراوەتەوە

رۆڵف دۆبێڵێ
لە فارسییەوە: محەمەد كەریم

50

نووسینی رۆمانی خەیاڵی زانستی زۆر قورسە، بەتایبەتی ئەگەر بڕیار بێت كتێبەكانت بە تیراژێكی زۆر چاپ بكرێن. ئاسایی رەخنەگران وەكو شتێكی پیس رەفتارت لەگەڵ دەكەن. بەڕای من زۆربەی رۆمانەكانی خەیاڵی زانستی كە دەكەونە بازاڕەوە، بەڕاستی قسەی قۆڕ و بێكەڵكن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نووسینی دەقی باش قورستر بێت، چونكە دەقە باشەكان ناچار دەبن بەتەنیا باری ئەم ژانرە بكەنە كۆڵ.
تێد ستورجن 
تێد ستورجن (Ted Sturgeon) یەكێك بوو لە باشترین نووسەرانی بواری رۆمانی خەیاڵی زانستی پەنجاكان و شەستەكانی سەدەی بیست. هەروەكو دەزانیت، سەركەوتن ئیرەیی دروست دەكات. تێد ناچار بوو هەمیشە رەخنەی ئاگرینی رەخنەگران قبووڵ بكات. رەخنەگران باوەڕیان وابوو لە سەدا نەوەدی رۆمانەكانی خەیاڵی زانستی پاتاڵن. تێد هاوڕایان بوو، بەڵام لەو باوەڕەدا بوو ئەم مەسەلەیە تەنیا سەبارەت بە رۆمانی خەیاڵی زانستی راست نییە، بەڵكو لە سەدا نەوەدی ئەو كتێبانەی چاپ دەكرێن پاتاڵ و بێسوودن. وەڵامەكەی بە قانوونی ستورجن ناسراوە.
لە یەكەم سەرنجدا بۆچوونەكەی ستورجن زۆر ناجوامێرانە و قورس دێتە بەرچاو، بەڵام ئەگەر كەمێك لێی ورد بیتەوە هەست بەوە دەكەیت قسەكەی تەواو راستە. بیربكەرەوە چەند كتێب هەبوون كە تۆ پاش خوێندنەوەیان هەستت بە رەزامەندی كردووە و چەند كتێبت بە بێتاقەتییەوە تووڕداوە و نەتتوانیوە چەند لاپەڕەیەك زیاتری لێ بخوێنیتەوە، یان پێت وایە هەتا ئێستا چەند فیلم توانیویەتی وات لێ بكات بەرامبەر تەلەفزیۆن دانیشیت و لە شوێنی خۆت نەجووڵێت، یان چەند جار تاقەتت نەماوە و ناچار بوویت كەناڵەكە بگۆڕیت؟ بێگومان وەڵامەكەت هاوڕێكە لەگەڵ قانوونی ستورجن.
بەڕای (دانێل دێنت) یاسای ستورجن نەك تەنیا سەبارەت بە كتێب و فیلم بەڵكو سەبارەت بەهەر شتێكی دیكەش راستە. واتە  لەسەدا نەوەدی هەر شتێك پاتاڵە. لە راستیدا جیاوازی نییە كە تۆ سەبارەت بە فیزیا، كیمیا، فیسیۆلۆجی، كۆمەڵناسی، پزیشكی یان هەر شتێكی دیكە قسە بكەیت، ئەم یاسایە هەموویان دەگرێتەوە. تەنانەت لە هەندێ بواردا دەتوانرێت بگوترێت لە سەدا نەوەد و پێنجی بەرهەمەكان پاتاڵ و بێكەڵكن و تەنانەت بەهای باسكردن و بیرلێكردنەوەشیان نییە.
قانوونی ستورجن
لەو كاتەوە بۆ یەكەمجار قانوونی ستورجنم بەرگوێ كەوتووە زۆر هەستم بە ئیسراحەت كردووە، چونكە پێیان وتبووم زۆربەی كار و قسەی كەسەكان، زۆر گرنگ و بایەخدارە و دەبێت بەهایان بۆ دابنێیت، بەم پێیە هەر كاتێ قسە یان كتێبێكی پاتاڵ و بێبەها دەهاتە خەیاڵم، هەستم دەكرد من بەباشی لێی تێنەگەیشتووم و تێگەیشتنم لە ئاستی ئەوەدا نییە، بەڵام ئەمڕۆ دەزانم لە هەندێ بواردا بێتوانا و نەزان نیم، بەڵكو كێشەكە ئەو بیرۆكەیە یان ئەو بەرهەمەیە. بۆ نموونە ئەگەر پلانێكی بازرگانی گەمژانە و پاتاڵ بێتە بەرچاو خەتای من نییە و بەو مانایە نییە كە من ئاستی تێگەیشتنم نزمە یان خەتای ئەوە نییە من ناشكورم و بڕیارەكەم خراپە. ئەگەر لە سەدا نەوەدی ئەو كەسانەی بۆ نانخواردنی ئێوارە داوەتن، بێتاقەتم بكەن، لە راستیدا ئەوە من نیم كێشەم هەیە، بەڵكو كێشەكە لە دەرەوە و لەو كەسانەی دەورمەوەیە، بۆیە بەپێویستی دەزانم یاسای ستورجن دووبارە بكەمەوە و بڵێم:
"لە سەدا نەوەدی هەموو بەرهەمەكانی مرۆڤ پاتاڵن، لە سەدا نەوەدی ریكلامەكان پاتاڵن، لە سەدا نەوەدی ئیمەیلەكان لە شیاكەی مانگا بێبەهاترن، لە سەدا نەوەدی تویتەكان قسەی قۆڕن. لە سەدا نەوەدی چاوپێكەتنەكان لە شوێنی كار دۆستانە و كات بەفیڕۆدانە و ئەو قسانەی دەكرێن و قۆڕ و بێسوودن. بەگشتی دەبێت بڵێم لە سەدا نەوەدی مەسەلە مادییەكان كە لە دنیادا هەن بەڕاستی هیچ و پاتاڵن."
باوەڕ بكە یاسای ستورجن دەتوانێت ژیانت باشتر بكات و زۆر بەكەڵكت دێت، چونكە دەرفەتت دەداتێ بەئاسانی زۆربەی ئەو شتانە تێپەڕێنیت كە دەیانبینیت، دەیانبیستیت و دەیانخوێنیتەوە. ئەوەت لەبیر بێت كە دنیا پڕە لە شتی هیچ، بەڵام تۆ ناچار نیت هەموو ئەو شتە هیچانە ببیستیت.
هەوڵ مەدە شەڕی شتە هیچەكان بكەیت، چونكە شكست دەهێنیت. دنیا دەتوانێت بە نالۆجیكی بمێنتەوە، بەڵام تۆ ناتوانیت شەڕ لەگەڵ دنیا بكەیت و بە عاقڵی بمێنیتەوە. دوای هەموو كەسێك و هەموو شتێك مەكەوە، هەست و هۆشت تەنیا لای مەسەلە بەهادارەكان بێت و مەسەلەكانی تر بخەرە لاوە.
مستەر بازاڕ
هەڵبەتە سەرمایەداران ئاشنای ئەم بابەتە بوون پێش ئەوەی ستورجن باسی بكات. لە كتێبی سەرمایەگوزاری زیرەك 
(The Intelligent Investor)ی بێنجامین گراهام
(Benhamin Graham)دا، بازاڕی بۆرسە و سەرمایە وەكو كەسێكی بی لۆجیك بەناوی مستەر بازاڕ رەسمكراوە. مستەر بازاڕ كەسێكی شێت و شەپڕێوە هەر رۆژەی چەند نرخێكی تازە رادەگەیەنێت و پێشنیاز دەكات كام پشكانە بۆ كڕین و فرۆشتن گونجاون. هەندێ جار گەشبینە و هەندێ جاریش رەشبین دەبێ یان تووشی سترێس دەبێت. رۆحیەت و ئاكاری وەكو یۆیۆ (yo yo) وایە و بەردەوام شێوەی دەگۆڕێت، بەڵام خاڵی باش لەوێدایە كە ناچار نیت گوێ بە هەموو ئەو شتانە بدەیت كە مستەر بازاڕ پێشنیازی دەكات. دەتوانیت سەبر بكەیت هەتا مستەر بازاڕ پێشنیازی باش بكات و پاشان قبووڵی بكەیت. لە سەدا نەوەد و نۆی ئەوەی مستەر بازاڕ داوایدەكات قسەی قۆڕە و دەبێت لەبەرچاو نەگیرێت. بەدبەختانە ژمارەیەك لە سەرمایەداران لەم مەسەلەیە تێناگەن كە بازاڕی بۆرسە و سەرمایە روانینێكی تەواو تەواو نالۆجیكی و ناجێگیریان هەیە و وەكو گۆتەیەك دەیبینن كە پەیڕەوەی لە بنەما یان پرەنسیپێكی دیاریكراو دەكات. لە راستیدا ئەوان نرخی پشك لەگەڵ بەهادا بەهەڵە وەردەگرن و ئەوەندە هەڵە دەكەن كە تەواوی پارەكەیان لەدەستدەدەن.
هەڵبەتە ئەم مەسەلەیە تەنیا تایبەت نییە بە بۆرسە بەڵكو گۆتەكانی تری وەكو پیشەسازی فیلم دروستكردن، بەرهەم هێنان، هەواڵ، مۆدە، پەیوەندی تایبەتی، رێستۆرانەكان، بیروبۆچوونی سیاسەتمەداران، هەلی كار و مەسەلەكانی تریش بەرچاو دەكەوێت و تۆ دەبێت وەكو میوەی گەنیو مامەڵەیان لەگەڵدا بكەیت، چونكە لە سەدا نەوەدی ئەمانە گەمژانە و دەستی چەندەم و بە مانای راستەقینە پاتاڵن. كەواتە گوێكانت بگرە و كاتێك هاتوهاواری بازاڕ زۆر زۆرە لێیان دوور بكەوەرەوە. لە راستیدا بازاڕ و رەوتە رەسمكراوەكانی دەربڕی ئاستی بەها و چۆنێتی بەرهەمەكان و بیروبۆچوونەكان نین.
هەڵبەتە لەوانەیە ئیشكردن بەم قسانەی سەرەوە بۆ تۆ قورس بێت، هۆكارەكەشی بۆ رابردووی ئێمە دەگەڕێتەوە. وایدابینێ لەناو باو باپیرانتدا دەژیت و سێ هەزار ساڵ گەڕاویتەتەوە بۆ دواوە. راوچیت و لەناو هۆزێكی پەنجا كەسیدا دەژیت. لەوێ هەموو شتێك واقیعی و بەرجەستەیە. لەو گژ و گیایانەوە كە دەخورێن یان ژەهراوین بگرە هەتا ئەو ئاژەڵانەی راو دەكرێن یان راو دەكەن. تەنانەت ئەندامانی هۆزەكەشت ئامانجی تەواو روون و دیاریكراویان هەیە. لەو رۆژگارەدا پێچەوانەی یاسای ستورجن راست بوو یانی لە سەدا نەوەد و نۆی هەموو شتێك واقیعی راست بوو، ئەو لە سەدا دەیەی ماوەتەوە حیكایەتی پڕوپیرەژن و بێمانا بوو كە لە گوێ ئاگردان دەگێڕدرایەوە و یان دەبوو بە نەخشی سەردیوار.
لەوانەیە زۆر قورس بێت كە دنیا لە دیدی سەختگیرانەی (دانێل دینێت)ەوە ببینین و هەموو قسە بێهوودە و لاوەكییەكان بخەینە لاوە، بەڵام خراپ نییە راهێنان بكەین و هەتا ئەو شوێنەی دەتوانین شتی بێهوودە و بێسوود لە ژیانمان تووڕ بدەین.
دەرئەنجام
ئەگەر بمەوێت راستگۆیانە قسەت لەگەڵ بكەم دەبێت بڵێم قانوونی ستورجن تەنیا سەبارەت بە دنیا راست نییە، بەڵكو تەقریبەن لە سەدا نەوەد بیرۆكەكانی من بێسوود و گەمژانەن یان لە سەدا نەوەدی هەستەكانی من سەرچاوەیەكی گەمژانە یان نەناسراویان هەیە. هەروەها لە سەدا نەوەدی داخوازییەكانم نەكردە و سادەن، بەڵام بەهەرحاڵ من ئاگام لەو مەسەلەیە هەیە و هەوڵدەدەم بەوردی لە هەست و بیروبۆچوونەكانم بكۆڵمەوە بۆ ئەوەی هەست بەوە بكەم دەبێت كامیان  بە ئاسانی و كامیان بەجدی بگرم.
بەم پێیە هەر بابەت یان هەر قسەیەكی پووچ بە ئاسانی قبووڵ مەكە. هەروەها سەبارەت بە نیگەرانی عەقڵیت بە ئاگا و هۆشیاربە بەپەلە رەفتار مەكە تەنیا لەبەرئەوەی كە شتێك دەبێت بەمۆدە یەكسەر ملی خۆتی بۆ مەشكێنە و هەمیشە ئەوەت لەیاد بێت شتی بەهادار لە دنیادا كەمە و پەیڕەوكردنی یاسا ستورجن تاڕادەیەكی زۆر یارمەتیت دەدات پاشەكەوت لە كات و خەرجیدا بكەیت. لە جیاوازی نێوان ئایدیای هیچ و ئایدیای باش تێبگە و بایەخ بە بەرهەمی بیرۆكە و قسەی گەمژانە مەدە، ئەو بنەمایەی كە ئەزموون بەمنی نیشانداوە پەیڕەوكردنی خراپ نییە، ئەوەیە كە ئەگەر سەبارەت بە هیچی شتێك گومانت هەیە وەكو گریمانەی هیچی لەبەرچاوی بگرە و مەگەر پێچەوانەكەی بسەلمێنرێت.

سەرچاوە: هنر خوب زیستن ص274-278

تابلۆی تێد ستورجن 


بابەتە پەیوەندیدارەکان