كتێبی پاراستنی مافی كەمینەكان لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆ

09:54 - 2024-03-24
کەلتور
127 جار خوێندراوەتەوە
#د. هێمن قاسم بایز

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد



لەساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری (ی.ن.ك) رێوڕەسمێك بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (پاراستنی مافی كەمینەكان لە عیراق و هەرێمی كوردستان لەبەر رۆشنایی تیۆری هاووڵاتیبوونی كەلتوری) لە نووسینی د. هێمن قاسم بایز رێکخرا.
لەكۆڕەكەدا کە ژمارەیەك لە نووسەران و رۆشنبیران ئامادەیبوون، سەرەتا كۆڕەكە د. هێمن چەند پێوەرێكی باس كرد بۆ پێناسەكردنی كەمینەكان و رایگەیاند یەكەم پێوەر بۆ پێناسەكردنی كەمینەكان پێوەری ژمارەییە كە پشت بە ژمارە دەبەستێت دەڵێت كەمینە بریتیە لە رێژەیەكی دیاریكراو لە كەسانی دیاریكراو لە كۆمەڵێكی دیاریكراودا كە خاوەن تایبەتمەندییەكی هاوبەشی ئایینی و ئیتنی و زمانن ئەمانەش هۆكارن بۆ ئەوەی لەناخەوە هەست بە یەكێتییەك لەناو خۆیاندا بكەن لەپێناو هێشتنەوە و بەردەوامیی ئەو تایبەتمەندییەی كە هەیانە، دووەم پێوەر، پێوەری تایبەتمەندییە كە پێی وایە كەمینەكان ئەو كۆمەڵەیەن تایبەتمەندی تایبەت بەخۆیان هەیە، سێیەم پێوەریش پێوەری كەسیە، بەڵام ئەمەیان لەڕووی یاساییەوە زۆر پشتی پێنابەسترێت.

هاووڵاتیبوون ئەرك و مافە
سەبارەت بەهاووڵاتیبوون د. هێمن باسی لەوەکرد لەكتێبەكەدا چەند خاڵێكمان داناوە كە بە واتای ئینتیما دێت بۆ نیشتمان ئەگەر هاووڵاتیبوون بۆ هەموومان بچەسپێت ئەوكات هەموومان هاونیشتمانی عیراق و هەرێمی كوردستانیشین، ئینیتما بۆ نیشتمانەكەی خۆت ئەوەیە خاك و نیشتمانت خۆشبوێت و بەرگریی لێبكەیت، هاووڵاتیبوون لەگەڵ كۆمەڵگای سیاسی دامەزاروەیی دەگونجێت، بەڵام لەگەڵ سیستمی دیكتاتۆری ناگونجێت، بەڵكو لەگەڵ سیستمێكی سیاسی دیموكراسی دەگونجێت، بۆیە ناكرێت ئەگەر سیستمێك دیكتاتۆری بوو باسی هاووڵاتیبوونی تێدا بكەیت لەبەر ئەوەی مافی هاووڵاتیبوونی تێدا جێبەجێ ناكرێت، هەروەك هاووڵاتیبوون ئەرك و مافە كە هەموو هاووڵاتییەك لەعیراق و هەرێمی كوردستان ئەرك و مافی لەسەرشانە ئەركەكەش دەبێت جێبەجێ بكات و مافەكەشی پێبدرێت.
هەر سەبارەت بەكەمە نەتەوەكان و بەشداریان لە دەسەڵاتدا، نووسەری كتێبەكە رایگەیاند نوێنەرانی هەموو كەمە نەتەوەكان هێندەی پێگەی خۆیان دەبێت مافی ڤیتۆیان هەبێت ئەگەر زانیان یاسایەك یان شێوە حوكمڕانییەكە كاریگەری لەسەر مافەكانیان دەكات ئەوكات مافی ئەوەیان هەبێت روونیبكەنەوە كە ئەوان مافی ڤیتۆیان هەیە و بەو شێوەیە ناكرێت بەڕێوەبچێت ئەوكاتیش سازانی لایەنە بەشداربووەكانی دەسەڵات سەركەوتوو دەبێت، خاڵێكی تر لەوبارەیەوە ئەوەیە كە نوێنەری رێژەیی ئەو گروپە بەقەدەر خۆی بەشداربێت و نە زیاتر و نە كەمتر بێت و داوای زیاتر نەكرێت، خاڵێكی تر ئەوەیە دەبێت نوێنەرانی كەمە نەتەوەكان سەربەخۆبن ئەوكات خاوەن ئیرادەی خۆیان دەبن و بڕیاریش لەدەست خۆیاندا دەبێت و دەبێت رێزیشیان لێبگیرێت، ئەوە پێی دەوترێت تیۆری سازان.

رێزی تایبەت لە كەمە نەتەوەكان بگیرێت
نووسەری كتێبەكە ئاشكرای كرد لەساڵی 2005 لەپەرلەمانی كوردستان یاسایەك دەرچووە بۆ پاراستنی مافی كەمینەكان كە هەنگاوێکی باش بووە بەر لەو مێژووەش لەساڵی 1992 سەرۆك مام جەلال لەبۆنەیەكدا پێداگری لەسەر ئەوە كرد كە دەبێت كەمینەكان لەپەرلەمانی كوردستان پێگە و كورسی و شوێنی تایبەتی خۆیان هەبێت و ئەو هەوڵە درێژەی كێشا تا ساڵی 2009 پەرلەمانی كوردستان 100 كورسی بوو كە هەر 30 هەزار هاووڵاتییەك یەك كورسی بۆ دانرابوو، بەڵام لەساڵی 2009 ئەو یاسایەیان هەمواركرد و 5 كورسیان بۆ كۆتای كریستیانەكانی كلدان و سریان و ئاشووری دانا و 5 كورسیش بۆ توركمانەكان و یەك كورسیش بۆ ئەرمەنەكان كە بۆ ئەوە بوو هەرێمی كوردستان لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوانترین نمونەی پێكەوە ژیان پیشانی وڵاتانی دەوروبەر و هەموو جیهان بدات و دەریبخات ئێمە رێزی تایبەت لە كەمە نەتەوەكان دەگرین و مافی خۆیانمان پێداوە كە ئەمە شتێكی زۆرباش بوو، بەڵام دەپرسین ئایا كلدان و سریان و ئاشووری لەلایەك و توركمانەكان لەلایەكی تر هەریەكەیان مافی پێنج كورسیان هەیە یا نەخێر كە دەبووایە لەڕابردوودا سەرژمێریەكی بۆ بكرایە بزانن ئەو كورسیانە بۆ ئەوان كەمە یا زیاترە، راشیگەیاند : ئەو یاسایەی بۆ ئەو بابەتە دانراوە 4 بڕگەیە بڕگەی چوارەمیان زۆر گرنگە و دەڵێت دەبێت یاساكە وەكو خۆی جێبەجێی بكرێت، بەڵام نەكرا كە ئەوەش كێشەی دروستكرد و ئاكامەكەشی وایلێهات كە بڕگەكە دەڵێت ئەم كەمە نەتەوایەتیانە پێویستە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن كە هەڵیان نەبژارد لەبەرئەوەی لیستەكەیان جیاواز نەبوو ، بۆیە هەڵیان نەبژارد.


دیمەنێک لە کۆڕەکە

بابەتە پەیوەندیدارەکان