راپۆرتێك پیسترین 100 شاری جیهان ئاشكرا ده‌كات

10:09 - 2024-03-24
ژینگە
352 جار خوێندراوەتەوە
پیسبوونی هەوا تەنگ بە دانیشتوانی هیندستان هەڵدەچنێت

ئا: مه‌عرووف مه‌جید*


ساڵانه‌ شه‌ش ملیۆن و 700 هه‌زار كه‌س به‌هۆی پیسبوونی هه‌واوه‌ له‌ جیهان گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن. به‌پێی راپۆرتێكی(سی ئێن ئێن) كه‌ به‌مدوایانه‌، به‌دواداچوونی بۆ كوالێتی هه‌وا له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا كردووه‌، 100 شاری پیسی له‌ جیهان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ هیندستان هه‌ڵكه‌وتوون.
هه‌وای 83 شاری هیندستان پیسه‌ 
له‌ راپۆرته‌كه‌ی(IQAir)دا هاتووه‌ كه‌ زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌و 100 شاره‌ كه‌ (83) شاریان ته‌نها له‌ هیندستان بوون، سه‌رجه‌میان زیاتر له‌ 10 هێنده‌ی رێنماییه‌كانی كوالێتی هه‌وا به‌پێی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی تێپه‌ڕاندووه‌.
 راپۆرته‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای داتای زیاتر له‌ 30 هه‌زار وێستگه‌ی چاودێری له‌ 134 وڵات و ناوچه‌، تیشكی خستۆته‌ سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌ردیله‌ی ورد، یان (PM2.5) كه‌ بچووكترینن، به‌ڵام مه‌ترسیدارترین پیسكه‌ری هه‌وان، به‌و پێیه‌ی له‌كاتی هه‌ڵمژینیدا ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ناو شانه‌كانی سییه‌كان و ده‌توانێت بچێته‌ ناو سییه‌كان، سووڕی خوێن.
به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی (سی ئێن ئێن) سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ماددانه‌ ‌ وه‌ك سووتانی سووته‌مه‌نی به‌ردین و زریانی خۆڵ و ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستانه‌كانه‌وه دێن‌ و په‌یوه‌ندییان به‌ ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و سییه‌كان و شێرپه‌نجه‌ و نه‌خۆشیه‌كانی تری هه‌ناسه‌دانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر توانا ده‌روونییه‌كانی منداڵان هه‌یه‌.
پیسبوونی هه‌وا ته‌مه‌ن كورت ده‌كات 
راپۆرته‌كه‌ی(IQAir) ده‌ریخستووه‌ كه‌ زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار و 800 شار له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا شیكارییان بۆ كراوه‌، كوالێتی هه‌وایان تۆماركردووه‌ كه‌ ئه‌و ستانداردانه‌یان به‌دیهێناوه‌ كه‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دایناوه‌‌ تێیدا تێكڕای به‌های ساڵانه‌ی گه‌ردیله‌ ورده‌كان نابێت له‌ 5 مایكرۆگرام زیاتر بێت بۆ هه‌ر مه‌تر سێجایه‌ك.
فرانك هامس به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیای (ئای كیو ئایر) له‌ سویسرا كه‌ راپۆرته‌كه‌ی ئاماده‌ كردووه‌، ده‌ڵێت: ده‌بینین پیسبوونی هه‌وا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانمان هه‌یه‌، له‌ هه‌ندێك له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ زۆرترین پیس بوون هەیە، به‌زۆری ده‌بێته‌ هۆی كورتبوونه‌وه‌ی ته‌مه‌نی مرۆڤه‌كان له‌ نێوان 3 ساڵدا بۆ 6 ساڵ.
ساڵی رابردوودا شاری بێگوسارای كه‌ ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی نیو ملیۆن كه‌سه‌ له‌ ویلایه‌تی بیهار له‌ باكووری هیندستان، پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌ وه‌ك پیسترین شاری جیهان له‌ بواری هه‌واوه‌، به‌ تێكڕای چڕیی گه‌ردیله‌ی ورد (PM2.5) له‌ 118.9، كه‌ 23 هێنده‌ زیاتره‌ له‌و رێنماییانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ی ته‌ندروستی جیهانییه‌وه‌ ده‌رچووه‌.
شاره‌كانی دیكه‌ی هیندستان له‌ پۆلێنبه‌ندی (IQAir) له‌ پله‌ی دووه‌مدا هاتوون، گواهاتی له‌ ویلایه‌تی ئاسام، ده‌لهی و مولانپوور له‌ ویلایه‌تی په‌نجاب.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌، یه‌ك ملیار و 300 ملیۆن كه‌س له‌ هیندستان كه‌ ده‌كاته‌ 96 %ی دانیشتوانه‌كه‌ی، له‌ ژینگه‌یه‌كدا ده‌ژین كه‌ كوالێتی هه‌وا 7 هێنده‌ی رێنماییه‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی زیاتره‌.
ئاسیای ناوه‌ڕاست و باشووری ئاسیا خراپترین شوێنەکانی جیهان بوون، به‌و پێیه‌ی ساڵی رابردوو چوار وڵاتی پیسبوو، ئه‌وانیش به‌نگلادیش، پاكستان، هیندستان و تاجیكستان بوون.
به‌گوێره‌ی راپۆرتی (سی ئێن ئێن) باشووری ئاسیا جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌كی تایبه‌ته‌، چونكه‌ له‌ كۆی 30 شار كه‌ زۆرترین هه‌وایان پیس بووه‌، 29 شار له‌ هیندستان، پاكستان یان به‌نگلادیشن.
پیسبوونی هه‌وا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ 
ئه‌مریكای باكوور به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستانه‌كان كه‌ له‌ مانگی ئایار تا مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو له‌ كه‌نه‌دا روویدا، كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر بوو. له‌ راپۆرته‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌ له‌ مانگی ئایاردا تێكڕای پیسبوونی هه‌وای مانگانه‌ له‌ پارێزگای ئه‌لبێرتای كه‌نه‌دا 9 هێنده‌ زیاتر بووه‌ به‌ به‌راورد به‌ هه‌مان مانگ له‌ ساڵی 2022 دا. به‌پێی راپۆرته‌كه‌، ئه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌‌ كه‌نه‌دا له‌ ریزبه‌ندی پیسبوونی ناوچه‌كه‌دا ئه‌مریكای تێپه‌ڕاندووه‌. 
راپۆرته‌كه‌ تیشكی خستۆته‌ سه‌ر (نایه‌كسانی نیگه‌رانكه‌ر) چونكه‌ نه‌بوونی وێستگه‌ی چاودێری له‌ وڵاتانی ئه‌فریقا و ئه‌مریكای باشوور و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی داتا له‌سه‌ر كوالێتی هه‌وا له‌و ناوچانه‌، وه‌ك وڵاتی چاد كه‌ پیسترین وڵاتی جیهان له‌ ساڵی 2022، به‌ڵام دواتر له‌ ساڵی 2023 به‌هۆی كێشه‌ی نه‌بوونی داتا له‌ لیسته‌كه‌دا ده‌رهێنرا. 
راپۆرته‌كه‌ ده‌ریخستووه‌ كه‌ 92.5 %ی حه‌وت هه‌زار و 812 شار له‌ 134 وڵات و ناوچه‌ و هه‌رێم له‌ ماوه‌ی ساڵی رابردوودا رێنماییه‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییان تێپه‌ڕاندووه‌.
ته‌نها 10 وڵات و خاك هه‌ن كه‌ كوالێتی هه‌وای ته‌ندروستیان هه‌یه‌، فینلاند، ئیستۆنیا، پورتوگال، ئوسترالیا، نیوزله‌ندا، به‌رمودا، گرێنادا، ئایسله‌ندا، مۆریس و پۆلینیزیای فه‌ره‌نسی.
ساڵانه‌ ملیۆنان كه‌س به‌هۆی كێشه‌ ته‌ندروستییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ پیسبوونی هه‌وا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌و پێیه‌ی ساڵانه‌ پیسبوونی هه‌وا به‌هۆی سووته‌مه‌نی به‌ردینیه‌وه‌ پێنج ملیۆن و 100 هه‌زار كه‌س له‌ جیهاندا ده‌كوژێت، ئه‌مه‌ش به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی رابردوودا له‌ گۆڤاری پزیشكی به‌ریتانی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

سه‌رۆكی رێكخراوی ئاینده‌ بۆ پاراستنی ژینگه‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان