مێژووی دێری مەربێنە قەدیشە لە کۆیە

10:34 - 2024-03-24
دووتوێ
128 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: هاوژین عەبدولواحید


دێری مەربێنە قەدیشە یەکێکە لە شوێنەوارە ئاینییەکانی کوردستان کەوتۆتە قەزای کۆیەو مێژوویەکی دێرینی هەیە، بە شوێنێکی پیرۆز دادەنرێت لەلایەن کریستیانەکانەوە، لەلای موسڵمانەکانیش بەناوی (شێخ محەمەد) یان (شێخ محەمەدی دێرێ) ناوبراوە، دێرەکە دەکەوێتە بناری چیای باواجی سەروو گوندی ھەرمۆتە، بەدووریی سێ کم لە شاری کۆیەوە.
ساڵانە بەمەبەستی سەیران و مەراسیمە ئاینییەکان ژمارەیەکی زۆر  گەشتیار لەناوەوەی هەرێم و عێراق و دەرەوە سەردانی ئەم شوێنە دەکەن. 
د. هاوژین سلێوە مامۆستای زانکۆ لەبارەی مێژووی مەربێنە قەدیشەوە وتی: سەرەتا دەبێ لەوەوە دەستپێبکەین کە ئایینی کریستیانی لە کوردستاندا لەو ناوچانەدا بڵاوبۆتەوە ئەو کاتەی لەژێر رکێفی فەرمانڕەوایی ساسانییەکاندابووە، وەک ئەرکێکی ئایینیش هەر ئایینێک لە هەر شوێنێک بڵاوبێتەوە پەرستگەی لێ دروستکراوە، دوای بڵاوبوونەوەی ئاینی کریستیانیش لە کوردستاندا کڵێساو دێر دروستکراوە، کلێسا زیاتر بۆ نوێژکردن و کۆبوونەوەی خەڵک و خواپەرستیی بووە هەروەها (دێر)یش زیاتر بۆ پەروەردەکردنی رەبەنەکان بووە، ئەگەر سەرنج بدەین دێرەکان زیاتر لە شوێنی بەرزدا دروستکراون وەک (دێری مەربێنە هومرز، مەتێ، بویا...هتد) ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رەبەنەکان زیاتر حەزیان بە گۆشەگیری و تەنیایی کردووە خەریکی خوێندنی ئینجیل و کتێبە ئاینیەکان بوون.

مێژووی دێرەکە
لە ساڵی 1970 بەردەنووسێک بەقەد دیواری دێرەکە دۆزراوەتەوە کەبە ئەلف و بێی سریانی نووسراوە، تێیدا ئاماژە بۆئەوە کراوە کە (700) ساڵ بەر لە ئێستا ئەو دێرە لەلایەن (کوێخا ئۆغان) کوێخای گوندی هەرمۆتە بووە نۆژەن کراوەتەوە، ئەو بەردەنووسەش قەشە (مەتێ کۆسا) دۆزیویەتییەوە کە ساڵانی حەفتاکان قەشەی هەرمۆتە و کۆیە بووە.
بەداخەوە لەساڵی 1988 لەلایەن رژێمی بەعس تەقێنراوەتەوە و کاولکراوە، بەردەنووسەکەی ناودیوارەکەش لەگەڵ ئەو تەقاندنەوەیە فەوتاوە، تەنانەت دوای ئەوەش خەڵک هەر سەردانی شوێنەکەیان کردووە و لەشوێن گۆڕەکەی مۆمیان داگیرساندووە.
پاشان مەربێنە قەدیشە دروستکراوە و بەچەند قۆناغێک نۆژەنکراوەتەوە، پەترۆس فەرەنسی شایەتحاڵی رووداوەکانە لەو بارەیەوە دەڵێت: داڕمان و تەختکردنی مەربێنە قەدیشە کارەساتێکی زۆر گەورەبوو بۆ ئێمەی کریستیانەکان زۆر کاری تێکردین، چەند ساڵێک دوای تەقاندنەوەکە مەتڕانێک لە هەولێرەوە هات ناوی «عەنە مەرخۆ» بوو بەرپرسی قەشەکان بوو کەسێکی باش و کۆمەڵایەتی بوو هاتە کۆیە و چوو بۆ قەدیشە، لە شوێنە تەختکراوەکە وەک رەمزێک نوێژی بەجەماعەت کرد، ئەوە بۆ ئێمە جێگەی دڵخۆشی بوو.
نۆژەنکردنەوەی دێرەکە
پاشان لەدوای راپەرین و لە ساڵی 1996 خۆشبەختانە لەلایەن (مومتاز عومان یەعقوب) دووبارە لەسەر بناغەی خۆی بەهەمان شێوەی جاران دروستکرایەوە، لەدوای دروستکردنەوەشی لەساڵی 2000 بەهەوڵ و تەقەلایەکی زۆر توانیمان بڕە پارەیەک کۆبکەینەوە لە کۆیەوە چووین بۆ سلێمانی و هەولێر و بەغدا و شەقڵاوە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ چاککردنی رێگەکەی نزیکی 60 هەزاری سویسریمان کۆکردەوە توانیمان نۆژەنی بکەینەوە، پاشان لەساڵی 2006 ـ2009 بە هەنگاوتر  فراوانتر نۆژەنکرایەوە.

پەیوەندی نێوان موسوڵمان و کریستیانەکان
دکتۆر «جەمال فەتعولا»  مامۆستای زانکۆ  وتی: لە کۆیە هەر لە سەردەمانی زوودا تا ئەمڕۆ پەیوەندییەکی بەهێز هەبووە لەنێوان موسوڵمانان و کریستیانەکاندا ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە موسوڵمانەکانی کۆیە بڕوایان بەپێکەوە ژیان و ئاشتەوایی هەبووە، کۆیە خاوەن شارستانیەت بووە بەحوکمی ئەوەی پەیوەندی باشی بازرگانی هەبووە لەگەڵ زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەری خۆیدا وەک مهاباد و شام و بەغداد ...هتد. 

گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن
مامۆستا «ئیسماعیل عەبدوڵڵا» بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە وتی: مەربێنە قەدیشە شوێنەوارێکی ئایینیە و هێمای پێکەوە ژیانی کریستیانی و موسوڵمانەکانە و لەڕووی گەشتیارییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، هەر لە سەرەتاوە جێگەی بایەخپێدانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بووە.
ئەمساڵیش لەسەر گەشتوگوزار و  شارەوانی، بودجەیەکمان بۆ پڕکردنەوەی کەمێک لە پێداویستییەکانی دابین کرد بەگوژمەی 81 ملیۆن و 375 هەزار دینار، چونکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی ئەو شوێنە دەکەن، بەڵام زیاتر گروپە گەشیارییەکانن بۆنموونە لە هۆنگۆنگ و تایوان و کەنەداوە هاتوون.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان