مەحمودە فەندی

10:15 - 2024-03-25
کەلتور
98 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود محەمەد ئەحمەد ناسراو بە (مەحمودە فەندی) لەكۆتایی سەدەی نۆزدەدا لەدایک بووە، مەلای دوانزەعیلم بووە، لەجەنگی یەكەمی جیهاندا دەبێت بەئەفسەر لە سوپای دەوڵەتی عوسمانیدا، لە كۆتایی جەنگدا كاتێك ئینگلیز عیراق داگیر دەكات مەحمودە فەندی دەگیرێت و لەگەڵ چەند ئەفسەرێكدا دەبرێن بۆ سەربازگەیەكی ئینگلیز لە قودس، ئەو كات قودسیش لەلایەن ئینگلیزەوە داگیر كرابوو، سوپای ئینگلیز داوا لە گیراوەکان دەكات هەریەكە کارێک بکات، مەحمودە فەندی کاری وێنەگری هەڵدەبژێرێت و هەر لەوێوە دەست بە وێنەگرتن دەکات.
هەر لە (قودس) نەدیمەخان کە دەکاتە دایكی (محەمەد قودسی) دەهێنێت، لەوەوە پێی دەڵێن محەمەد قودسی، چونكە لە قودس لەدایك بووە. مەحمودە فەندی پاش ماوەیەك بە باشی شارەزایی لە كامێرا و وێنەگرتندا پەیدا دەكات. لە سەرەتای بیستەكاندا بە خێزانەوە دەگەرێتەوە بەغدا، لەگەڵ كەسێك بەناوی (عەبدولڕەحمان مسەوەر) كامێرایەك لە قودسەوە دەهێننەوە و دەست دەكەن بە وێنەگرتن، پاشان كابرایەكی جولەكە دەور و خولیان دەدات تا كامێرەكەیان لێ دەكڕێت.
مەحمودە فەندی دەگەڕێتەوە سلێمانی و ئاشنایەتی لەگەڵ پیاوێكی ئەرمەنی دروست دەكات ناوی (لیڤۆنە) لە ئەرمینیاوە تورك راوی ناوە و لەسلێمانی گیرساوەتەوە. لەگەڵ (لیڤۆن) دەیانەوێ دوكانێكی وێنەگرتن دابنێن.
شاكر مەجروم بەڕێوەبەری پۆستە و گەیاندن كە بە (مجرومە فەندی) ناسرابوو دوكانێكیان دەداتێ لەنزیك بەریدەكە تەنیشت كتێبخانەی زێوەر، ئێستا ئەو شوێنە بازاڕی رەشەمۆڵە.
ئەو کات (یەحیا فەندی) وێنەگر بووە، مەحمودە فەندی پیاوێكی چاكەكار و بەخشندە بووە، زۆربەی كات پارەی لە كەسە نەدارەكان كەوێنەی معاملەی بۆ دەگرتن وەرنەدەگرت.
ئەو کات بە زۆریی وێنەی كەسە ناودارەكان و ئەفسەرەکانی سوپا و شەقام و شوێنە گشتییەكانی گرتووە، ئەو كاتە جامەكان شوشە بوون و ژمارەیان بۆ دانەنراوە، هەربۆیە وێنەكانی مەحمودە فەندی هیچ دەفتەرێكی تۆماریان نییە و ژمارە نەكراون.
مەحمودە فەندی تا كۆتایی چلەكان و سەرەتای پەنجاكان كاری وێنەگرتنی کردووە، لە سەردەمی (زەعیم سدیق) دا دوكانەكەی تاڵان كراوە و بەشێك لە وێنە و كەل و پەلەكانی فەوتاون.
دواتر كامێرا و كەلوپەلەكانی بۆ (رەفیق) ی كوڕی  بەجێدەهێڵێت و لە كۆتایی پەنجاكاندا بە خێزانەوە دەچێتە بەغدا و لەوێ نیشتەجێ دەبێت، لە ساڵی 1968 نەخۆشیی تەنگی پێ هەڵدەچنێت، ماوەیەك پێش مردنی جارێكی تر دێتەوە سلێمانی و لە 26 /6/1969 ماڵئاوایی لەژیان دەكات و لە گردی شێخ مارف بەخاك دەسپێردرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان