سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دادگای فیدراڵیدا کۆبۆوە

10:22 - 2024-03-25
عیراق
126 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دادگای فیدراڵی کۆبووەوە، سەرۆکی دادگا دەڵێت، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم کاری لەپێشینەیانە.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ دادوەر جاسم عەبود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی و ژمارەیەک لە دادوەرانی دادگاکەدا کۆبوەوە، لە دیدارێکدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بۆئەوەکرد، دەبێت دامودەزگاکانی دەوڵەت رۆڵ و ھەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان پاڵپشت بە یاسا و دەستور پتەوتر بکەن.
وتیشی، دەبێت دیالۆگی دیموکراسی رێگەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بێت، کە رووبەڕوی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکان دەبێتەوە، یاسا رێکخەری ئەو پەیوەندییە بێت.
ھاوکات سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی جەختیکردەوە، دادگای فیدراڵی بە یەک دووری لەگەڵ ھەموان دەوەستێت و پەرۆشی کارکردنە بە دەستوور و یاسا. 
وتیشی، پرسی ھەڵبژاردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە کارە لەپێشینەکانی دادگاکەیە و ئامادەن بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەو مافانە لەژێر سایەی دەستووردا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان