ئەمریكا و وزەی ئێران

10:06 - 2024-03-26
ئابووری
280 جار خوێندراوەتەوە
بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لە ئێران

 

ئا: *نەوشیروان فەتاح


سەرەڕای هەوڵە فروانەكانی ئەمریكا بۆ رێگرییكردن لە فرۆشتنی وزەی ئێران و سەپاندنی گەمارۆكانیشی بەسەر ئابووری و دارایی ئەو وڵاتەدا، بەڵام تاران دڵنیایی دەدات لەوەی كە سەركەوتوو بووە بەسەر سزاكانی واشنتۆندا و توانیویەتی نەوت و غاز هەناردەی وڵاتان بكات و بەنرخێكی نزیك لە نرخی بازاڕ بیفرۆشێت.
ئاژانسی بلومبێرگی ئابووری لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت: ئێران لە رێگەی زیادكردنی ئاستی هەناردەی غازی سروشتییەوە بۆ وڵاتان، توانیویەتی بەرامبەر ئاڵنگاریی سزاكانی ئەمریكا بوەستێتەوە، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ شكستی گەمارۆكانی واشنتۆن بۆ سەركەرتی فرۆشتنی وزەی ئێران، بەو پێیەی ساڵی رابردوو بۆتە گەورەترین سەرچاوەی دابینكردنی وزە بەتایبەتی (غاز) لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە بۆ مەبەستی خۆگەرمكردنەوە، خواردن دروستكردن، سوودی لێ وەردەگیرێت یان وەك كەرەستەیەكی خاو لە پیشەسازیدا بەكاردەهێنرێت.
بەگوێرەی راپۆرتێكی كۆمپانیای (فاكتس گلۆباڵ ئینرجی)  بێت بۆ راوێژكاری كە زانیارییەكانی لەرێگەی ئاماری كەشتییە بارهەڵگرەكان و هەواڵگری بازاڕەكانەوە  دەستیكەوتووە، ساڵی رابردوو بەرێژەی لەسەدا 28 هەناردەی سوتەمەنی ئێران زیادییكردووەو 11 ملیۆن تۆن سوتەمەنی هەناردەی وڵاتان كردووە و پێشبینیش دەكات ئەو بڕە ئەمساڵ 12 ملیۆن تۆن تێپەرێنێت.
 
هەڵبژاردنەوەی ترەمپ كاریگەری لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران نابێت
دوای دووبارە خۆكاندید كردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆكی ئەمریكا، جەواد ئوجی وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند: ئەگەر جارێكیتر ترەمپ ببێتەوە بەسەرۆكی ئەمریكا كاریگەری لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران نابێت، چونكە وڵاتەكەی رووبەڕووی قورسترین سزا بۆتەوە بە بەراورد بەو سزایانەی كە لە ساڵی 2018وە بەسەریدا سەپێندراوە، جگەلەوەش رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دانیان بەوەدا ناوە كە هیچ بەربەستێك لەبەردەم ئێراندا نیە بۆ فرۆشتنی نەوتەكەی، تەنانەت نرخەكەشی زۆر نزیكە لە نرخە جیهانییەكەی.
لە رۆژی 8ی ئایاری 2018وە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، تاكلایەنانە لە رێكەوتنی ئەتۆمی (5+1پێنج كۆ یەك) كشایەوە ‌و چەندین گەمارۆی توندی بەسەر ئێراندا سەپاند ‌و بڕیاریدا هەر وڵات‌ و كۆمپانیایەك نەوت لە ئێران بكڕێت سزا بدرێت، بەو هۆیەشەوە هەناردەی نەوتی ئێران لە 2 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 100 هەزار بەرمیل دابەزی، بەردەوامیش هەڕەشەی ئەوەی دەكرد كە هەناردەی نەوتی ئێران سفر دەكاتەوە، بەڵام بە پشت بەستن بە داتاكان نەك نەتوانراوە سفر بكرێتەوە بەڵكو بە پێچەوانەوە، ساڵ بە ساڵ رووی لە زیادبوون كردووە و تاران چەندین رێگەی تری دۆزیوەتەوە بۆ خۆدەربازكردن لە گەمارۆكانی ئەمریكا.
 
تاران نەوتەكەی بەلایەنێكی نادیار دەفرۆشێت
حەمید حوسێنی سەرۆكی كۆمەڵەی بەرهەمە نەوتییەكانی ئێران دەڵێت: ئێستا ئێران خاوەنی گەورەترین توانایە بۆ پاڵاوتنی نەوت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشێوەیەك رۆژانە 2 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، لەو بڕە بەشێكی زۆری بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكاردەهێنرێت و ئەوی تری هەناردە دەكرێت، بەبێ‌ ئەوەی ئەو لایەنە ئاشكرا بكات كە نەوتەكەی لێدەكڕێت، هەروەها رۆژانە 75 ملیۆن مەتر سێجا غاز هەناردە دەكات و دەستیان دەگاتە ئەو بازاڕانەی كە سزاكانی ئەمریكا كاریگەریان لەسەریان نییە.
بەگوێرەی خەمڵاندنی ئەو كۆمپانیایانە تایبەتمەندن لە بەدواداچوون و چاودێرییكردنی نەوتی جیهان، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران زیاتر لە سێ‌ ملیۆن بەرمیلە لەڕۆژێكدا، نیوەی ئەو ژمارەیە هەناردەی چین دەكرێت، بەپێی دواین راپۆرتەكانیش، هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی ئێران زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو بەرمیلە و ئەوەش بەرزترین ئاستە تۆماریكردووە لە دوای ساڵی 2018 و سەپاندنی گەمارۆكانی ئەمریكا بەسەر ئەو وڵاتەدا، لەماوەی چوار ساڵی رابردووشدا 80 %ی نەوتەكەی هەناردەی چین كراوە.

ساڵی رابردوو بە بەهای 50 ملیار دۆلار نەوت و غازی فرۆشتووە
جەواد ئوجی وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت: لە ساڵی رابردوودا بە بەهای 50 ملیار دۆلار نەوت و غازیان فرۆشتووە و پێش 4 ساڵ بەرهەمی غازی وڵاتەكەی 3 ملیۆن و 200 هەزار تۆن بووەو ئێستا بۆ 6 ملیۆن و 500 هەزار زیادبووە و لەسەرانسەری جیهاندا خواستیكی زۆری لەسەر هەیە، هەروەها بەرهەمهێنانی نەوتیش بۆ 3 ملیۆن و 375 هەزار بەرمیل بەرزبۆتەوە.
وەزیری نەوتی ئێران باسی لەوەشكردووە، بە مەبەستی پەرەپێدانی 6 كیڵگەی نەوتی، شەش گرێبەست بە بەهای 14 ملیار دۆلار لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای ناوخۆیی ئیمزا دەكرێت و لەو رێگەیەوە ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت زیاتر دەكرێت  بەشێوەیەك ئاستی بەرهەمهێنان بە بڕی 400 هەزار بەرمیل زیاد دەكرێت، هەروەها بەرهەمهێنانی پترۆكیمیایی بۆ 75 ملیۆن تۆن بەرزبۆتەوە.

ئێران لە پلەی سێیەمی وڵاتانی ئۆپیكدایە
رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكارانی نەوت ناسراو بە ئۆپیك، لە نوێترین راپۆرتیدا كە لە مانگی ئاداری 2024دا بڵاویكردۆتەوە، دەڵێت:ئێران توانیویەتی لەناو وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیك، پارێزگاری لە پێگەی خۆی بكات و لە دوای سعودیە و عیراق لە پلەی سێیەمی ریزبەندی ئەو وڵاتانەدا بمێنێتەوە كە زۆرترین نەوت بەرهەم دەهێنن، بەشێوەیەك رۆژانە 3 ملیۆن و 148 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێنانەوە و هەر بەرمیلێك نەوتیشی بە 80 دۆلار و 34 سەنت فرۆشتووە.

*رۆژنامەنووسی ئابووری
سەرچاوە:
 www.bloomberg.com

بابەتە پەیوەندیدارەکان