لە ستایشی خاكیبووندا

هەرچەندە خاكیتر بیت، ژیانێكی باشترت دەبێت

10:20 - 2024-03-27
ئابووری
84 جار خوێندراوەتەوە

رۆڵف دۆبێڵێ
لە فارسییەوە: محەمەد كەریم
51

شاڕێی هوسمان
(Boulevard Haussmann)، شەقامی فۆش (Foch)، شەقامی پردی دومەر (Paul Doumer)، شاڕێی راسپەیل (Raspail)، ئەمانە ناوی هەندێك لە شەقام و شاڕێكانی پاریسن كە بە ناوی كەسانێكەوە ناونراون، ئایا ئەمڕۆ كەس دەزانێت ئەوانە كێ بوون و چیان كردووە؟
بێگومان هەموو ئەمانە پێشڕەوی سەردەمی خۆیان بوون. بۆ نموونە جەنەڕاڵ، زانا، ئەندازیار و دیزاینەر بوون. لە زەمانی ناوبانگی جۆرج هوسماندا زۆربەی هاوچەرخانی بەئاواتەوە بوون نانی ئێوارەی لەگەڵ بخۆن، بەڵام ئەمڕۆ زۆربەی ئەو كەسانەی بە شاڕێی هوسماندا تێپەڕدەبن، بەبێ ئەوەی سەرنجی ناوی هوسمان بدەن، تەنیا خەیاڵیان لای شت كڕین و عەلاگە پڕەكانی دەستیانە. وایدابنێ هاوینە و دنیا زۆر گەرمە، چەند دڵۆپێك لە بەستەنییە ڤانێلاییەكەت كەوتۆتە سەر تیشێت و پانتۆڵەكەت و بەدەستەوە نووساوە، قەرەباڵغییەكە ماندووی كردوویت، ترافیك و هۆڕینی ئوتومبیلەكان مێشكی تێكداویت و بەسەر شۆستەكاندا دەڕۆیت، بەبێ ئەوەی هیچ گوێ بە هوسمان و مێژووەكەی بدەیت. وەك ئەوەی مۆرانەی مێژوو هەڵیان لووشی بێت.
ئەگەر مێژووی بەسەرچوونی كەسانی بەناوبانگی وەكو هوسمان، فۆش و راسپەیل تەنیا چوار نەوە بێت، بەدەربڕینێكی دیكە ئەوانە دوای چوار نەوە بەتەواوەتی لەبیر كرابن، بەم پێیە ئەوانیتر چیان بەسەر دێت؟ لە راستیدا ئەوان چەندە لە بیری كەسانیتر دەمێنن؟ دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ یان دووسەد ساڵ بە دەگمەن كەسێك بیل گەیتس، دوناڵد ترەمپ یان ئەنجێلا مێركڵ (Angela Merkel) دەناسێت. ئەم بابەتە سەبارەت بە من و تۆش راستە. تەقریبەن چەند دەیەیەك دوای مردنمان ئیتر كەس ئێمەی بیر نایەتەوە.
دوو گروپی جیاواز
وایدابنێ لەگەڵ دوو گروپ خەڵكدا مامەڵە دەكەین: گروپی یەكەم A و گروپی دووەم  B. گروپی  A زۆر متمانەیان بەخۆیانەوە و گروپی B بەدەست بێمتمانەییەوە دەناڵێنن. كاتێك یەكێك خواردنیان دەدزێت یان عاشقەكەیان دەبات زۆر خوێنسارد و بە گوێ پێنەدانەوە رەفتار دەكەن و دەڵێن ژیان هەروایە، دواجار من خواردن بەدەست دەهێنمەوە یان هاوڕێیەكی دیكە بۆ عەشق پەیدا دەكەم، بەڵام گروپی A كاردانەوەیەكی تەواو جیاوازیان دەبێت و سەرسەختانە داكۆكی لە مافی خۆیان دەكەن. پێت وایە كام گروپ ئەگەری مانەوەیان زیاترە؟ بێگومان گروپی A چانسێكی زیاتریان هەیە، چونكە ژیان بەبێ داكۆكی لەخۆكردن، گەمژانە و مەحاڵ دێتەبەرچاو. بەهەرحاڵ هەوڵ بدە ماوەی یەك رۆژ زاراوەی «من» یان «هی من» بەكارنەهێنیت. من خۆم هەوڵمدا یەك رۆژ ئەم دەستەواژەیە بەكارنەهێنم، بەڵام بەكردەوە سەركەوتوو نەبووم، چونكە ئێمە زۆربەمان لە جۆری گروپی A ین. كێشەكە لەوێدایە كە ئەو هەستی متمانەبەخۆبوونەی لە باو و باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، هەستیارە و لە هەندێ كاتدا بە زیانی ئێمە تەواو دەبێت و تووشی كێشەمان دەكات. لە راستیدا ئێمە بە بچووكترین قسە یان كردەوە دەتەقینەوە كە بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی بەڕاستی هەڕەشە لە ژیانمان دەكات زۆر هیچ و بێبایەخە. ئێمە هەمیشە گلەیی لەو مەسەلەیە دەكەین كە بۆچی بەتەواوی وەسفمان ناكەن یان بۆچی كەسانی دی ناكەونە ژێر كاریگەریی ئێمەوە یان بۆچی داوەتمان ناكەن بۆ شوێنێك، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەكاندا كەسانیتر لەسەر حەقن، لە راستیدا ئێمە ئەوەندەش كە پێمان وایە گرنگ نین.
من پێشنیازت بۆ دەكەم خۆت بخەرە شوێنی نەوەی دواتر و بزانە چەندە بەهات بۆ دادەنێن. لە راستیدا دوای تیپەڕبوونی ماوەیەكی زۆر ئیتر ناوی تۆ بەباش یان بەخراپ نامێنێت، ئەسڵەن گرنگ نییە كە تۆ لە ماوەی ژیانتدا چەند باش بوویت یان چیت بۆ كەسانیتر كردووە. یەكێك لە بنەما سەرەكییەكان بۆ ئەوەی ژیانێكی باشت هەبێت ئەوەیە كە زۆر لە خۆت بایی نەبیت. تۆ هەرچەندە خاكی بیت ژیانێكی باشترت دەبێت بۆچی؟ لەبەر سێ هۆكار:
خۆت بەرز رابگرە
1 -بایەخ بەخۆدان پێویستی بە وزە هەیە. ئەگەر تۆ خۆت بەرز بگریت ناچار دەبیت هاوكات وەكو رادار یان نێرەرێك رەفتار بكەیت. لە راستیدا بە لە ئەستۆگرتنی رۆڵی نێرەر، ئەو وێنەیەی خۆت پیشانی دنیا دەدەیت كە خۆت حەزت لێیە و بەهۆی رادارەكەتەوە بەردەوام چواردەوری خۆت دەپشكنیت بۆ ئەوەی ئاگات لێبێت كەسانیتر چ مامەڵەیەكت لەگەڵ دەكەن و چۆن وەڵامی ئیشەكانت دەدەنەوە؟ باشە، پێشنیازی من بۆ تۆ ئەوەیە شتی وا مەكە، بۆ ئەوەی وزەی خۆت بەخەسار نەدەیت. باشتروایە نێرەر و راداری خۆت بكوژێنیتەوە و تەنیا تەركیز لەسەر ئیش و ئارەزووەكانی خۆت بكەیت. هەوڵ مەدە بەردەوام خۆت بخەیتە بەرچاو و گوێی كەسانیتر و بەردەوام سەبارەت بە سەركەوتنەكانی خۆت قسە بكەیت. ئەگەر دیدارێكت لەگەڵ پاپا هەبوو دەتوانیت شانازی پێوە بكەیت، بەڵام هەوڵ مەدە وێنەكانی لە هەموو جێگایەك بڵاوبكەیتەوە. هەروەها ئەگەر ملیۆنێریت هەرگیز بۆ ئەو  بینا و ستادیۆمی وەرزشی و شەقامانەی بەناوی تۆوە ناونراون باج بە كەسە مەدە.
بەهادانان بۆ خۆت
2 -هەرچەندە زیاتر بەها بۆ خۆت دابنێیت كەوتنت قورستر و پڕ ئازارتر دەبێت. لە راستیدا هەندێ كەس تەنیا بایەخ بە قسەی كەسانیتر دەدەن و هەموو هەوڵیان بە درێژایی ژیان بۆ ئەوە بووە بۆ كەسانیتری بسەلمێنن مرۆڤی باشن. لە راستیدا هەندێك سەرمایەگوزار هەن تەنیا بۆ قازانجی كۆمپانیاكان پشك دەكڕن. بۆ نموونە پشكی ئوتێلە رازاوەكان یان كۆمپانیا بەناوبانگەكان دەكڕن. لە راستیدا ئەمانە دەیانەوێت وێنەی باشی خۆیان لای ئەو شوێنانە جێبهێڵن. ئەو كەسانەی خۆیان بەرز دەگرن ئاسایی سەبارەت بە ئاستی زانیاری و تواناكانیان زیادەڕەوی دەكەن، ئامادە نین لەگەڵ كەسانیتردا راوێژ بكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەڵەی زۆر بكەن.  
دوژمن دروستکردن
3 -دوژمنانێكت بۆ دروست دەبێت و لە بەها و گرنگیت كەم دەبێتەوە،لەبەرئەوەی كەسانێكی تریش وەكو تۆ سەرقاڵی ستایشكردنی خۆیان و پیرۆزكردنی خۆیانن، چاوی بینینی تۆیان نابێت و هەوڵدەدەن بەرد بگرنە روخساری سەركەوتنی تۆ و بێتاقەتت بكەن. 
هەروەكو دەبینیت لووتبەرزیت زیاتر دەبێتە كۆسپی سەر رێت تا ئەوەی یارمەتیت بدات بۆ سەركەوتن. هەڵبەتە ئەم مەسەلەیە تەنیا پەیوەندی بە سەردەمی ئێمەوە نییە. لە (2500) ساڵ بەر لە ئێستاوە مشتومڕ لەسەر لووتبەرزی بێهۆ هەبووە. بۆ نموونە قوتابخانەی رەواقییەكان هەمیشە دژی لووتبەرزی و خۆبەزلزانین چووەتە سەنگەرەوە و بەتوندی دژی وەستاوەتەوە. (ماركوس ئورلیوس) كە یەكێك بووە لە ئیمپراتۆرەكانی رۆمای كۆن، بەردەوام مەدیتەیشنی كردووە بۆ ئەوەی تووشی هەستی لووتبەرزی نەبێت و ئاگای لەوە بێت مرۆڤێكی لاواز و قابیلی تێكشكانە كە هەموو كاتێك قابیلی لەناوچوونە. لە راستیدا تەنانەت بەهێزترین مرۆڤیش رۆژێك لە رۆژان دەچێتە ئامێزی خاكەوە و ئیتر هیچی لە دەست نایەت. بەم پێیە هەوڵ بدە هەمیشە كۆنترۆڵی خۆت بكەیت و نەبیتە دیلی خۆ ستایشكردن. لە هەندێ مەزهەبدا خۆ ستایشكردن رەمزی شەیتانە، بەڵام لەم دووسەد ساڵەی دواییدا، ئیتر كەسانێك خۆ ستایشكردن بە خراپ و ناشیرین نازانن و بوون بە ریكلامچی خۆیان.
لەبارەی ئەم مەسەلەیەوە بیربكەرەوە: تۆ یەكێكیت لەو ملیارەها مرۆڤەی لەسەر ئەم زەوییە دەژین و ساڵانی تەمەنت زۆر دیاریكراوە. پێگەی تۆ بەرامبەر بە هەموو جیهان و رووبەرەكەی چەندە؟ خۆشحاڵبە كە هیچ شەقامێكت بەناوەوە نییە چونكە ئەم مەسەلەیە سترێست زیاد دەكات و هیچ سوودێكی بۆ تۆ نابێت. بەم پێیە بەخاكێتی بمێنەرەوە و بزانە پشت بەخۆبەستن و خۆپەرستی شتێك نییە كە بتەوێت شانازیی پێوە بكەیت، چونكە ئەوە تووشی هەموو كەسێك دەبێت، بەڵام هەموو كەسێك ناتوانێت خاكی بێت. ئەوەت بیرنەچێت خاكێتی وات لێدەكات واقیعبینتر بیت و باشتر بتوانیت هەستی خۆت كۆنترۆڵ بكەیت.
بەداخەوە ئەم رۆژانە خۆستایشكردن و خۆبەگەورەزانین وەكو بەهایەكی ئینسانی لێهاتووە و وەكو سەگێك كە بە ئێسقانەوە لكابێت بەخۆمانەوە لكاوین. واز لە ئێسقان بێنە و دەستی لێبەردە، چونكە بەهای ئەوەی نییە و بەزوویی لەبەرچاوت دەكەوێت و بایەخی نامێنێت.

سەرچاوە:
 هنر خوب زیستن ص277-283


بابەتە پەیوەندیدارەکان