مەحمود سیامەنسوری

ئەزموونی هونەری شیوەکاریی کوردی لە ئۆتاوا ناساند

11:42 - 2024-03-27
دووتوێ
127 جار خوێندراوەتەوە

ئاشتی گەرمیانی - هۆڵەندا 

شێوەکاری کورد (مەحمود سیامەنسوری) هاوڕێی یادەوەری بزاوتی هونەری ساڵانی هەشتاکانی شاری کەرکوکە، ئەوکاتەی کە هەموو وشەکان و بۆچوونەكان و دەربڕینی راستەوخۆ قەدەغە کرابوو، هەڵوێستەکانی ئەم هونەرمەندە زۆر دیار و ئاشکرا بوون، ئەو کاتەی کە ئەو خوێندکار بوو لە زانکۆ، بەڵام لە کۆتایی هەفتەدا لە شەقامی جمهوری و لە هۆڵی هونەری نوێ بەردەوام ئامادەیی هەبوو، لە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی کارە هونەرییەکاندا بەشداریی دەکرد و رای جیاوازیشی هەبوو لە کەسانی تر، من سەرسام بووم بە هەڵوێستەکانی ئەم هونەرمەندە. پاش تێپەڕبوونی 38 ساڵ لە تەمەن، دووبارە گوێم لە دەنگی ئەو هونەرمەندە شێوەکارە کەرکوکییە بوو، کە ئێستاش بۆچوونەکانی و دەنگە هونەری و فۆڕمەکانی جیاوازن لە هونەرمەندانی تر، من خۆشحاڵ بووم بەوەی ئەم هونەرمەندە لە پاش سێ شەڕی ئیقلیمی و کاولکاری و کۆچکردن و ماڵوێرانی لە شاری ئۆتاوای کەنەدا بەردەوامە لە چالاکی هونەریی و پیشانگەیەکی تایبەتی کردۆتەوە.
تێڕوانینی تایبەت بە خۆی هەیە
مەحمود سیامەنسوری ساڵی 1965 لە شاری کەرکوک لەدایکبووە، خانەوادەکەیان گرنگیی زۆریان بە فۆلکلۆر و هونەر و کەلتور و رۆحی نیشتمانپەروەریی داوە، لە منداڵییەوە بەهرەیەكی باشی لە خۆشنووسی و وێنەکێشاندا هەبووە و خۆی خۆی پێگەیاندووە، بێ ئەوەی هونەری خوێندبێت.
لە ساڵی 1988دا بەشی باخچەسازی لە پەیمانگەی کشتوکاڵی حەویجە تەواوکردووە. 
لە پیشانگە هاوبەشەکانی شاری کەرکوكدا بەشداربووە و هەردەم تێڕوانین و رەخنە و لێکدانەوەی تایبەتی هەبووە لەسەر هونەر و مەوداکانی هونەر و قوتابخانە هونەرییەکان، هەر ئەوکاتیش هونەرمەند مەحمود سیامەنسوری هونەری بە شۆڕش و بەرخودان لەقەڵەمدەدا، بەتایبەتی من لە بیرمە لە زۆربەی پیشانگەکانی کەرکوکدا لەسەر کورسییەك رادەوەستا و بانگەشەی هونەریی بۆ مرۆڤایەتی و ئازادیی مرۆڤ دەکرد، رەخنەی توندی لەسەر شێوازەکانی ئەبستراكت و هێماخوازی هەبوو، چونکە ئەو دەیویست لە رێگای رێبازی ریالیزمەوە هونەر بگاتە بەردیدەی بینەران و خەڵکی شاری کەرکوك هۆشیاربکاتەوە.
 هاوار و هەڵشاخانەکەی ئەو و هونەرمەندانی هاوبیر و هاوشێوەی، ئەو رۆژگارەیان دروستکرد کە هونەر لە شاری کەرکوکدا بە سەردەمێکی زێڕین لەقەڵەم بدرێت، ئێستا کەمن ئەوانەی کە نموونەی ئەو سەردەمە بن، چونکە بەهۆی سێ شەڕی ماڵوێرانکەری ئیقلیمییەوە زۆر لە رووناکبیران و هونەرمەندان و شاعیران و نووسەران کۆچیان کرد، یان شەهید بوون.
پێدەشتی گەرمیان
هونەرەکەی هونەرمەند مەحمود سیامەنسوری، هەڵقوڵاوی پێدەشتی گەرمیانە، هەربۆیە کاریگەریی ناوچەکە لەنێو کارە هونەرییەکانیدا زۆر بە جوانی دەبینرێت، هەوڵێکی زۆری داوە لە هێڵکاریی ئەکادیمی و رەنگەکانەوە دەستپێبکات و هەر واشیکردووە و تائێستاش بەردەوامە، بەڵام بەهۆی گوشاری بابەتی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی کەرکوك و کوردستان و نەتەوەییەوە، هەر زوو هەنگاوی بۆ بابەتە دەربڕینخوازییەکان و ریالیستییەکان نا و لەو رێگایەوە پەیام و دەروونی خۆی بۆ خەڵکانی شاری کەرکوك بکاتەوە. 
بەو هەموو خەم و ئازارەی نیشتمان و نەتەوەکەیەوە، رێگای کۆچ و ژیانی تاراوگەی هەڵبژارد و ساڵی 1993 لە کەنەدا نیشتەجێ بوو، بەڵام کۆچ و ژیانی تاراوگە، کۆڵی پێنەدا و لەوێش بەردەوام بوو لە کاری هونەری شێوەکاری و دروستکردن و نەخشاندنی پانۆڕاماکان و تۆمارکردنی ئازارەکانی میللەتی کورد و دواتر بیانناسێنێت بە خەڵکی کەنەدا.
 ئەم هونەرمەندە خاوەنی چەندین تابلۆی جیاجیایە، کە بە قەبارەی جیاواز نەخشاندوونی و سەرەنجی هونەرمەندان و هونەردۆستانیان راکێشاوە. 
چالاکییە هونەرییەکان
هونەرمەند مەحمود سیامەنسوری، کە خۆی دیزاینەری باخچە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە، پیشەکەی هیچ رێگرییەك لە هەنگاوەکانی ناکات و بگرە هونەرەکەی رەنگدانەوەی لەسەر پیشەکەشی هەیە. لە بواری چالاکی هونەریدا زۆر کۆڕ و سیمینار و گفتوگۆی کراوەی کردووە لەسەر کوردستان و هونەرمەندان، یەکێک لەو چالاکییانە رۆژی 18ی دیسەمبەری 2022 کۆڕێکی بە ناونیشانی (ژن و خاک لە کارە هونەرییەکانی مامۆستا محەمەد عارفدا) پێشکەشکرد، رۆژی (18/7/2023) لە ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا پیشانگەیەکی شێوەکاریی کردەوە و وەکو یەکەم هونەرمەندی کوردی دانیشتووی ئۆتاوا، توانی لە رێگای تابلۆ و رەنگ و وێنە و سکێچەکانییەوە، پەیامێك بگەیەنێت بە نەتەوەکانی تر لە ئۆتاوا و پێیان دەڵێت: (کورد خاوەنی دنیابینی و ستایلی هونەریی خۆیەتی). 
لەو پیشانگەیەدا توانی کۆمەڵێك پەیام بگەیەنێت لە رێگای رەنگە جیاوازەکانی ناو تابلۆکانییەوە و بە زمانێکی هونەریی سادە و ساکار روو دەکاتە میوانەکانی و پێیان دەڵێت: (دەتوانن لەم پیشانگەیەوە هزری هونەریی و شێواز و ستایڵی هونەریی من بزانن و ببینن).
هێڵکارییەکی یاخیبوونانە
هونەرمەند زۆر بە جوانی بازنەیەکی تەلیسماوی کردووە بە رەنگەکانی ناو تابلۆکانییەوە، یاخیبوونی خۆی پیشانداوین، لە نمایشکردنی تێکەڵەی رەنگە گەرمەکانی ناو تابڵۆکانییەوە، هەروەها لە رێگای پۆستەرەکانییەوە، هێڵکاری و دابەشکاریی لە سەر و سیمای کەسایەتی ناو پۆستەرکارییەکانیدا، هێڵکارییەکی یاخیبوونانەی کێشاوە، لە هەمان کاتیشدا رۆحی بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگریی و باوەڕبوونە بە خود، لە نێوەندی ململانێی ناو گەمەکانی ژیاندا، لە ناو چرچ و لۆچی دەموچاوەکاندا، ناڕەزایی کەسایەتییەکانی خوڵقاندووە.
 لە کۆتاییدا هەر ئەوە ماوە بێژم، پاراستنی رەسەنایەتی و مۆرکی کوردایەتی بە هەموو کەس ناکرێت، بە تایبەتیش لە تاراوگە و شانبەشانی خەمی دوورەوڵاتی، لەبەرئەوە پێویستە بە هونەرمەند مەحمود سیامەنسوری و هونەرمەندانی وەک ئەو بڵێین: دەستی هونەرییتان خۆش و بیری هونەرییتان هەمیشە درەوشاوە بێت.

         

دووان لە کارە هونەرییەکانی شێوەکار مەحمود سیامەنسوری

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان