چۆن جەنگی ساردی دووەم دەبێتە جەنگێکی جیهانی؟

10:12 - 2024-03-28
جیهان
87 جار خوێندراوەتەوە
ململانێی سێ گەورە زلهێزیی جیهانیی ئەمریکا و روسیا و چین

فەرمان محەمەد

مێژووی مۆدێرن ئەوە نیشان دەدات، کە مەترسیدارترین قۆناغەکان ئەو قۆناغانەن، کە دوو زلهێز یان زیاتر لە ململانێدان لەسەر فراوانکردنی هەژموونەکەیان. راستییەکەش ئەوەیە، زلهێزەکان جارێکی دیکە نەزمی جیهانیی لە قاڵب دەدەنەوە. مێژوو ئەوەی نیشان داوین، کە هیچ شتێک نابێتە هۆی ناسەقامگیری دارایی و دراو لە جیهاندا، وەک ململانێی گەورە و درێژخایەن.
 سەدەی هەژدەهەم لە ئەوروپا سەردەمی «فرەجەمسەریی» بوو، چونکە بەریتانیا، فەرەنسا، پرۆسیا، نەمسا و روسیا بەڕێژەیەکی زۆر سێبەری شەڕیان لەسەر بووە، بەردەوام کێبڕکێیان لەسەر قازانجی جیۆپۆلەتیکیی و دابەشکردنی کیشوەرەکە بووە. ململانێی دەستەبژێرە ئەڵمانییەکانیش ئەوەبوو، دەیانویست وڵاتەکەیان بەریتانیای داهاتوو بێت، تا رادەیەکی زۆریش ئەوە خواست و هەژموونیان بوو، ئەوەش جەنگی یەکەمی جیهانی لێکەوتەوە، بۆیە خواستی هەژموونخوازیی بە هۆکاری شکست و وێرانیی و قوربانییەکانی ئەم جەنگە دادەنرێت.

مەترسیی جەنگی ئەتۆمی
پێویستە ئەمریکییەکان لەخۆیان بپرسن: ئایا دۆخی هەنووکەیی جیهان شایەنی ئەوەیە مەترسیی جەنگی ئەتۆمیی و زستانێکی ئەتۆمیی وێرانکەر و جەنگێکی ساردی دیکە بەدوای خۆیدا بهێنێت؟
‎ لە ساڵانی جەنگی سارددا 1947 - 1991 ئەگەری جەنگی سێیەمی جیهانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سەربازیی و مەدەنیی زۆرێک لە وڵاتانەوە پێشبینیی دەکرا، سیناریۆکان لە جەنگی ئاسایییەوە دەستیپێدەکرد تا جەنگی ئەتۆمیی سنووردار یان تەواو. 
لە لووتکەی جەنگی سارددا، بیردۆزی لەناوبردنی یەکتر پەرەی سەند، وا دەردەکەوت کە روبەڕوبوونەوەی ئەتۆمیی سەرتاسەری هەموو ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە ململانێکەدا لەناودەبات. رەنگە مەترسی لەناوچوونی کۆی رەگەزی مرۆڤ هۆکار بووبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە سیناریۆیەکی لەو شێوەیە.

قۆناغی فرەجەمسەریی
دوای سێ دەیە لە تاکجەمسەریی و قۆناغی هەژموونخوازیی ئەمریکا و دیموکراسی لیبڕاڵیی، وا جارێکی تر جیهان بەرەو رەوتی فرەجەمسەریی و فرەڕەهەندیی دەڕوات، ئەو ململانێ سەربازیییە جیهانییە جۆراوجۆرانەی لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەوە روویانداوە، لەشکرکێشیی روسیا بۆ ئۆکرانیا، شانبەشانی بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، لە دوایین جاردا هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەزە و حەماس؛ وەک خاڵی هەڵچوون یان هاندەری سێیەمی جەنگی جیهانیی هەستیان پێکراوە و ئەگەری پێکدادان لە ئانوساتدایە.


رکابەرییەکانی روسیا، ئەمریکا و چین
 جەنگی ئۆکرانیا، کودەتاکانی ئەفریقا، جەنگی ناوخۆ لە سودان، گرژییەکانی دەریای سوور و جەنگی بەردەوامی غەزە، دەرخەری فرەجەمسەریی و ململانێی ئاڵۆزن. ململانێیەک بە قەبارە و چڕییەک کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە لە ئەوروپا نەبینراوە، نەک تەنیا لەڕووی ژمارەی قوربانیی و وێرانکارییەکانییەوە، بەڵکو ئەو گەلانەش کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تێوەگلاون، لەشکرکێشیی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هەروەها جەنگی غەزە ئەوە نیشان دەدەن، نەک هەر جەنگی ئاسایی، بەڵکو مەترسیی جەنگی جیهانیی هێشتا راستییەکی تاڵی ژیانە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هێز و بەرژەوەندییانەی، لەناو گەمەکەدان، یان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بلۆکانەی کە سەرهەڵدەدەن، رەنگە دەرەنجامی ئەم جەنگە ساردە نوێیە؛ رەنگدانەوەی کەمبوونەوەی دەسەڵاتی ئابووریی ئەمریکا و پەلکێشکردنی زلهێزەکان بێت بۆ جەنگی سێیەمی جیهان.
ئەوەی ئێستا جێگەی مەترسییە، ململانێی نێوان روسیا و ئەمریکا، ئەمریکا و چینە، کە ئاماژەن بەرەو جەنگێکی وێرانکاری درێژخایەن و زەنگی جەنگی سێیەمی جیهان، چونکە رووداوەکانی ئەم دواییە ئەوەیان بیرخستینەوە، لە ململانێی دەسەڵاتە گەورەکاندا، مەترسی گەورە بۆ سەر جیهان دروست دەبێت.
لە پێنج سەدەی رابردوودا خواستی هەژموونخوازیی و سەپاندنی سیاسەتی تاکلایەنە بوونەتە هۆی جەنگە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان، کە دیارترینیان جەنگە گەورەکانی سەدەی بیستەم بوون لەنێوان زلهێزەکان لە ئەوروپا  و ئاسیا و دواتر جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیان لێکەوتەوە.
هەنووکە بە بڕوای چاودێران جەمسەری دووەمی کێبڕکێی هەژموونخوازیی جگە لە روسیا (چین)ە، کە ئەمەش وایکردوە سەرهەڵدانی چین وەک هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئەمریکا سەیر بکرێت، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە‌ ئەوەیە، ئەم بەردەوامییە، سەر بکێشێت بۆ جەنگی سێیەمی جیهانی، جەنگێک کە دەرەنجامەکانی زۆر لەوە وێرانکەرتر دەبێت کە زۆربەی ئەمریکییەکان چاوەڕێی دەکەن.

نیگەرانییەکانی چین
(شی جین پینگ) تادێت تووڕەیی بەرامبەر تایوان، کۆریای باشوور و ژاپۆن زیاد دەکات. ئەمریکییەکانیش بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەگەر چین هێرش بکاتە سەر هاوپەیمانەکانی لە زەریای هێمن، ئەوا ئەمریکا دەستەوەستان نابێت، بەڵام گەورەترین نیگەرانیی جەنگی ئاسایی نییە؛ بەڵکو ئەوەیە ئەگەر هەرکامیان گڵۆڵەیان بکەوێتە لێژی، رەنگە وێرانکاریی زیاتر لە جیهاندا رووبدات، چونکە دەیان ساڵە چین خەریکی تەواوکردنی هاژەکی دژەمانگی دەستکردە، کە لە ساڵی 2007 بە هێرشێکی تاقیکاریی لەسەر مانگی دەستکرد گەیشتە لووتکە، کە لە ئەنجامدا دروستکردنی گەورەترین پاشماوەی بۆشایی ئاسمانی لێکەوتەوە، لە ململانێدا ئەمجۆرە لێدانانە دەتوانن زۆربەی مانگە دەستکردە ئاساییەکان لەناوببەن، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی جی پی ئێس، پەیوەندیی، مامەڵەی دارایی خێرا، ئۆنلاین و ژێرخانی گرنگی دیکە، کە دەتوانێت ئابووریی و کوالێتی ژیانی ئەمریکا پەکبخات. ‏هەروەها چەکی دژەمانگی دەستکرد «ئاسات» (ASAT) نەک تەنیا لە جەنگ، بەڵکو لە ئاشتیشدا مەترسییە، چونکە پاشماوەی تاقیکردنەوەکانی ئاسات، مانگە دەستکردە سەربازییەکانی دیکە و هەروەها مانگە دەستکردە مەدەنییەکان دەخاتە ژێر مەترسییەوە، کە بۆ چاودێریکردنی پێشهاتەکانی بەرگە هەوا و ژینگەیی، لەسەر زەوی زۆر گرنگن. 
ئاژانسی هەواڵگریی بەرگری پێنتاگۆن (DIA) لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە هەڕەشەکانی بۆشایی ئاسمان ئاشکرایکردووە کە چاوەڕوان دەکرێت سوپای چین چەکی لەیزەر، کە توانای لەناوبردن یان زیانگەیاندن بە مانگە دەستکردە سەربازییەکانی ئەمریکای هەیە، لە خولگەی زەویی نزمدا بڵاوبکاتەوە. جگە لە لەیزەر، چین کاری لەسەر چەکی وزەی ئاڕاستەکراوی دیکە کردووە، لەوانە چەکی مایکرۆوەیڤی بەهێز، فریکوێنسی رادیۆیی، چەکی تیشکی تەنۆلکە.

جەنگی بریگرتەیی
جەنگی بریگرتەیی (بەوەکالەت)بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی جەنگی ئۆکرانیا، جەنگی بریگرتەیی و هاتنەدەرەوەی چین بۆ گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیی و ململانێی سەختی ئابووریی لەگەڵ ئەمریکا، کێبڕکێی هەرسێ زلهێزە جیهانییەکە بۆ هەژموونخوازیی ئابووریی، سیاسیی، سەربازیی، خواستی رێبەرایەتیکردنی جیهان و خێرا گۆڕانی هاوکێشەکان، یەکەمجارە لە دوای دووەمین جەنگی جیهانەوە، دەچینە ناو سەردەمێکی کێبڕکێی راستەقینەی نێوان دوو ئابووریی گەورەوە، چین و ئەمریکا «هەژموونێکی دابەزیو و هەژموونێکی ئاواتخواز» و لەلایەکی دیکەوە ململانێی دوو گەورە وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆم. 
ئەمریکا کە خاوەنی چوار دەیە لە باڵادەستیی تاکجەمسەریی جیهانی و روسیاش کە بەدوای میرات و پاشخانی گەورەی جەمسەرگیریی سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەتەکەی پێشوویدا  دەگەڕێت، کە شوێنپێکانی سۆڤیەتە، هێشتاش خاوەنی گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان