بەهۆی چەکی بێمۆڵەتەوە کوشتن و دزی زیادیكردووە

10:23 - 2024-03-28
ڕاپۆرت
177 جار خوێندراوەتەوە
چەند پارچە چەک و فیشەکێکی بێمۆڵەتی دەستبەسەراگیراو

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد- کەرکوک

ماوەیەكە لە كەركوك رووداوی تەقەكردن و كوشتن و بڕین زیادی کردووە و بەو هۆیەشەوە چەندین کەسی بێتاوان بوونەتە قوربانی، زۆربەی هۆكارەکانیش بڵاویی چەکی بێمۆڵەتە و خەڵکانی سەربە هەموو پێكهاتەكانی كەركوكیش لەو رووداوانەدا دەبنە قوربانی.
بەشێكی زۆری ئەم تاوانانەش بە چەكی بێ مۆڵەت ‌و سەرچاوە نادیار دەکرێن كە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەكاندا نیین و مۆڵەتی چەكهەڵگرتنیان لە هیچ دامەزراوەیەکی ئەمنی و سەربازییەوە نییە.
 بەشێكی دیکەی ئەم تاوانانەش بۆ دزی و راوڕووت و پشێوی نانەوە دەکرێن و هەندێكیشیان لەو دەچنە چوارچێوەی رووداوی سیاسی و ئاژەوانانەوەوە بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی لە نێوان پێكهاتەكانی شارەکەدا.

بەشێکیان بۆ دزییە
هاووڵاتی فاتیح میرزا، کە یەکێکە لە ئەندامی ئەو خانەوادانەی  خاوەن قوربانین، سەبارەت بە دزینی ئۆتۆمبێل و كوژرانی براكەی دەڵێت: ماوەیەك لەمەوبەر برایەكم لەلایەن كەسانی نادیارەوە ئۆتۆمبێلەكەی دزا و خۆشی رفێنرا، دوای چەند رۆژێك لە گەڕان و سۆراغکردنی براكەم، لە نزیك گوندێكی كەركوك بە تەرمەكەیمان دۆزییەوە.
دەشڵێت: براكەم نزیكەی 20 ساڵ دەبوو شۆفێر بوو لەناو شاری كەركوكدا و كەسێكی زۆر بێوەی بوو، لە تەمەنیدا ئازاری هیچ كەسێكی نەداوە و ئەو رۆژەش كە شوێنبزر کرا، وەكو رۆژانی ئاسایی چووبووە دەرەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو رووداوە روویدا.
دوای دوو رۆژ تاوانبارەكان لەلایەن ئاسایش و هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركران و دانیان بە تاوانەكانیان نا و ئاشکرا بوو كە تەنیا بۆ دزینی ئۆتۆمبێلەكەی ئەو تاوانەیان بەرامبەر کردووە، بۆیە جێی خۆیەتی هێزە ئەمنییەكان بەشێوەیەكی چڕتر چاودێریی ئەو كەسانە بکەن كە ئەمجۆرە تاوانانە دەكەن و توندتر یاسا و رێنماییەکانی دژبە چەكی بێمۆڵەت جێبەجێ بکەن.

هەندێک لە تاوانەكان سیاسی و ئەمنین
لای خۆیەوە عەلی مەحمود-ی كاسبار کە دوكانی لەنگەی هەیە لەسەر پردەكەی ناوشاری كەركوك، دەربارەی تاوانی كوشتنی پۆلیسێك و برینداركردنی یەكێكی دیکە لە چەند مانگی رابردوودا، رایگەیاند کە تاوانەکە لەبەردەم دوكانەكەی ئەودا کراوە و دەڵێت: بە چاوی خۆم ئەو رووداو تیرۆریستییەكەم بینی، كە تیرۆریستێك بە رۆژی رووناك لەناو بازاڕەكەدا پۆلیسێكی بێتاوانی شەهیدکرد و یەكێكی دیکەشی برینداركرد و خۆی دەربازکرد، ئەگەرچی خۆشبەختانە هێزە ئەمنییەكان دوای هەفتەیەك تیرۆریستە تاوانبارەکەیان دەستگیركرد.
وتیشی: بەپێی بۆچوونەكان دەردەكەوێت كە رووداوەكە روویەكی سیاسی هەبێت و ئەو كردەوەیە بۆ نانەوەی ئاژاوە کرابێت، چونكە لە سەروبەندی وەرگرتنی دۆسێی ئەمنی شارەكەدابوو لەلایەن پۆلیسەوە کە ئەو کارە تیرۆریستییە روویدا، بۆیە ئەم ئاژاوەیەیان دروستكرد، تا ئەو بابەتە دوابخرێت یان لە رادەستکردنی دۆسێی ئەمنی بە پۆلیس پەشیمان ببنەوە.

هەر كەس چەكی هەبێت دەبێت تۆماری بكات
هەر لەبارەی چەکی بێمۆڵەتەوە عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، رایگەیاند: دوای روودانی چەند حاڵەتێكی كوشتن لە كەركوك، فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك روونكردنەوەیەكی بڵاوكردۆتەوە و داوا لە هاووڵاتیانی شارەكە دەكات ئەوانەی چەكی بێمۆڵەتیان لەماڵەوە هەیە، دەبێت بەزوویی لە نزیكترین بنكەی پۆلیس چەكەكەیان تۆماربكەن، چونكە ئەمە هەلێكە بۆ ئەو كەسانە تا بتوانن بەپێی رێكارە یاساییەكان ببنە خاوەنی مۆڵەتی رەسمیی و پارێزگاری لەخۆیان پێبكەن.

ماوەکەی حەوت رۆژە
وتیشی: پێویستە هاووڵاتی لەسەر ماڵپەڕی (بوابه‌ اور) كە تایبەتە بە وەزارەتی ناوخۆی عیراق، هەژمارێكی تایبەت بەخۆی بكاتەوە و دواتر فۆڕمێكی ئەلەكترۆنی پڕبكاتەوە و ئەو مەرجەی كە وەزارەتی ناوخۆی عیراق بۆ پێدانی مۆڵەت خستوێتیەڕوو بۆ پۆلیس جێبەجێی بكەن، چونكە هەر خێزانێك دەتوانێت دەمانچەیەك یان چەكێكی كڵاشینكۆف و جۆرەكانی تر یا چەكێكی راوكردنی هەبێت، بەومەرجەی لە 50 فیشەكی دەمانچە و یەك چەك زیاتر لە ماڵەكەیدا نەبێت، 200 گولـلە تاپڕ زیاتریشی نەبێت، واتا مۆڵەتەكە تەنیا بۆ چەكی سووک یان دەمانچەیە لەگەڵ تەنها 50 فیشەكدا. دواتر ئەركی بنكەكانی پۆلیسە کە فۆڕم بەسەر ئەو ماڵ و دوكانانەدا دابەش بكەن كە فۆڕمی ئەلەكترۆنییان پڕكردۆتەوە و پێویستە هاووڵاتی لە ماوەی حەوت رۆژدا فۆڕمەكە رادەستی بنكەكان بكاتەوە، ئەوكات بنكەكانی پۆلیس پسووڵەی تۆماركردنی چەكەكە دەدەن بەو هاووڵاتییەی فۆڕمەكە دەگەڕێنێتەوە و ئەو پسووڵەیە بەشێوەی كاتی و تا دەرچواندنی مۆڵەتە رەسمییەکە هاوشێوەی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك بەكاردێت و هەموو ئەو هاووڵاتییانەی فۆڕمەكان پڕدەكەنەوە، دەبێت بەڵێن ئەم بەڵێنە بدەن: «پارێزگاری لە چەكەكە دەكەین و رادەستی كەسی تری ناكەین، تەنیا لە ماڵەوە دایدەنێن، بە پێچەوانەوە ئامادەی رێوشوێنی یاسایین ‌و لە كاتی ونكردن ‌و دزرانی چەكەكەدا، لایەنە رەسمییەکان ئاگادار دەكەینەوە، هەروەها لە كاتی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبووندا، بنكەی پۆلیس لە خانووی پێشوو و نوێی ئاگادار دەكەمەوە»، بەم كارەش هێزە ئەمنییەكان دەتوانن زانیاریی تەواو لەسەر چەكەكان وەربگرن و هەر رووداوێك رووبدات پۆلیس دەتوانێت زانیاریی دەستبكەوێت. 
وتەبێژەکەی پۆلیس وتیشی: هەروەها هەموو هاووڵاتیان دڵنیادەكەینەوە ئەم كارەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكەكان نییە، بەڵكو بۆ پارێزگاریكردنیانە لە سەروەریی یاسا و ماڵ و حاڵی هاووڵاتیان.

لەکاتی پشکنیندا رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە
وتیشی: هێزەكانیان بەردەوام بەدوای ئەو كەسانەوەن كە چەكی بێمۆڵەتیان پێیە، بۆیە گشت لایەك ئاگادار دەكەینەوە هەرکەسێک چەكی بێ مۆڵەتی هەیە، با سەردانی بنكەكانی پۆلیس بكەن بۆ تۆماركردنی، چونكە لەكاتی گەڕان و پشكنینی هێزە ئەمنییەكاندا بگیرێت، ئەوا رووبەڕووی یاسا دەبنەوە و سزاكەشی زۆر توند دەبێت، بۆیە تۆماری بكەن بۆ خۆیان باشترە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان