گۆڕانكارییەكانی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتی جێبەجێدەكرێن

10:48 - 2024-03-28
کوردستان
368 جار خوێندراوەتەوە

لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، رایدەگەیەنێت: «قۆناغێكی نوێی راگەیاندن دەستپێدەكات و هەموو تواناكان دەخەینەگەڕ لەپێناوی گوتارێكی میدیایی یەكێتییانە كە لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و نیشتمان و خەبات و تێكۆشانی یەكێتیدا بێت».
ئەم وتەیەی هەڤاڵ عیماد ئەحمەد، لەمیانی رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی ئەندامانی مەكتەب و ئەندامانی بۆردی راگەیاندندا هات، كە دوێنێ لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ بەئامادەبوونی لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن و ژمارەیەك لە راگەیاندنكار و رۆژنامەنووسان، بەڕێوەچوو.
لە وتەكەیدا، عیماد ئەحمەد، بەوردی باسی لە ئەرك و رۆڵی راگەیاندن لە قۆناغی نوێی دوای پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی و كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن كرد و وتی: «سەرۆك بافڵ و مەكتەبی سیاسی و ئۆرگانەكانی دیكەی یەكێتی، پشتیوانیی تەواوی سەرخستنی ئەرك و قۆناغی نوێی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری دەكەن». داواشیكرد هەموان لە ئاست بەرپرسیارێتی و متمانە و قۆناغەكەدابن لە بەرەوپێشبردنی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا. وتیشی: «جێگەی شانازییە راگەیاندنی یەكێتی مێژوویەكی درەوشاوەی هەیە و بەم توانا مرۆییەشەوە دەتوانێت راگەیاندنی یەكێتی لە ئاستی قۆناغەكەدا بێت و بەرپرسیارانە وەك هەمیشە مامەڵەی پڕۆفیشناڵانە و راستگۆیانە لەگەڵ پرسە سیاسی و كۆمەڵایەتی و رووداو و پێشهاتەكاندا بكات».
لەدوای پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی و دووەمین كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن، گۆڕانكاری لە هەیكەل و پێكهاتەی بۆردی راگەیاندندا كراوە و لیژنەیەك لە یاریدەدەرانی لێپرسراوی مەكتەب بە هەڵسەنگاندن و لەبەرچاوگرتنی پسپۆڕی و ئەزموون و لێهاتوویی و جێندەری و چەند پێوەرێكی دیكە، ئەركەكانی ئەندامانی مەكتەب و بۆرد و كەناڵەكان دیاریكران و گۆڕانكاری و ئاڵۆگۆڕ كرا.
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن، لەوتەیەكدا بایەخی ئەرك و قۆناغی نوێی روونكردەوە و رایگەیاند: «دەتوانین بە كاری پێكەوەیی و سوودوەرگرتن لە تواناكان خزمەتی زیاتری راگەیاندن بكەین كە لە ئاست سەنگ و قورسایی یەكێتییەكەماندا لەلایەك و ویست و خواستی كۆمەڵانی خەڵك، لەلایەكی تر بێت». وتیشی: «راگەیاندن هەمیشە پایەیەكی سەرەكی بووە و رۆڵی گرنگی هەیە لەسەر رای گشتی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و لەو روانگەیەشەوە كاری جدی و پێكەوەیی لەسەر گەیاندنی پەیام و خزمەتی پرسە نیشتمانی و باڵاكان دەكەین و داكۆكیكاری بێمەرجی ویست و داخوازییەكانی میللەتەكەمان دەبین، كە رەنگدانەوەی سیاسەتی یەكێتییە».
هەر لە رێوڕەسمەكەدا بڕیاری دەستبەكاربوون پێشكەشی ئەندامانی مەكتەب و ئەندامانی بۆرد كرا و شكۆنامەی پیشەیی خوێندرایەوە.

PUKMEDIA


#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان