ستۆدیۆ مستەفا

10:03 - 2024-04-01
کەلتور
96 جار خوێندراوەتەوە

ئا: گەلاوێژ رەزا

 



مستەفا سەعید حەسەن ساڵی (1922) لە سلێمانی لە گەڕەكی دەرگەزێن هاتۆتە دنیاوە.
خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی فەیسەڵیە تەواو کردووە، بەڵام لەوە زیاتر نەیتوانیوە لە خوێندن بەردەوام بێت، لەگەڵ باوكی بە منداڵی ماوەیەك دەچنە كەركوك، لەوێ بە باشی فێری زمانی عەرەبی و توركی دەبێت.
باوكی شێخ مستەفا چاودێر بووە لە شارەوانی سلێمانی، بەشدار بووە لە بنیاتنانی باخی گشتیدا، ماڵەكەیان نزیك بووە لە دوكانەكەی یەحیا فەندییەوە، بەو هۆیەشەوە خولیای كاری وێنەگری دەبێت و لە دوكانەكەیدا هاوكاریی دەكات تا بە تەواوی شارەزا دەبێت و هەر لای ئەویش دەبێت بە شاگرد. یەحیا فەندی دەزانێت زۆر شارەزا و لێهاتووە، هانی دەدات بۆ ئەوەی ستۆدیۆی خۆی دابنێت.
لە كۆتایی چلەكاندا ستۆدیۆی خۆی بەناوی ستۆدیۆ خانزاد لەشەقامی پیرەمێرد تەنیشت بانقی رەشید دادەنێت، دوای ساڵێك ناوەكەی دەگۆڕێت بۆ ستۆدیۆ مستەفا، واتە دەیکات بەناوی خۆیەوە.
لەسەرەتای پەنجاكاندا خێزانی پێكهێناوە خاوەنی شەش كچ و چوار كوڕ بووە. لەدروستكردنی بەنداوی دوكان و دەربەندیخان ئەندازیارەكان وەك وێنەگر بردوویانە لەگەڵ خۆیان بۆ دۆكۆمێنتكردنی ئەو پڕۆژانە.
بە كامێرا شەمسیەكەی وێنەی زۆری لە خەڵكی شار و ناوبازاڕ و كارەساتەكانی  بەردەركی  سەرای گرتووە، بۆ وێنەی كارەبایی دەچێتە بەغدا لە ستۆدیۆ (ئەسڵان) كامێرایەك دەكڕێت و وێنەی كارەبایی پێ دەگرێت.
وەكیلی شەریكەی ADOX بۆ كرین و فرۆشتنی كاغەز و فلیم و دەرمانی شتنەوەی فلیم بووە لە كوردستان، رۆژانە لە قەزا و ناحیەكانەوە دەهاتن بۆ كڕینی، بەوهۆیەشەوە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ وێنەگرەكانی ناو شار و دەرەوەی شار دروستكردووە.
لە لافاوەكەی ساڵی (1957) دا ئاوێكی زۆر چووە ناو ستۆدیۆكەی، كامێرا و وێنە و فلیم و جامەكانی لەناوچوون، بەشێكی زۆر كەمی مانەوە، خۆشبەختانە لە سەرەتای شەستەكاندا سەرلەنوێ دەستی بەكارەكەی كردەوە و كۆمەڵێ وێنەی خستۆتە سەر ئەرشیفی وێنە كۆنەكانی سلێمانی. تا ساڵی (1991) لەهەمان شوێن لە وێنەگرتن بەردەوام بوو، بەداخەوە لە (1991/2/5) بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان دەكات و لە گردی سەیوان بەخاك دەسپێردرێت، دوای خۆی تاكو ماوەیەكی زۆر زانا و دانای كوڕی ستۆدیۆكەیان بەڕێوە دەبرد.
ئێستاش دوكانەكەی كراوە بە شوێنی ئیستنساغ و وەرگێڕان، بەشێكیش لە ئەرشیفەكانی لای منداڵەكانی پارێزراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان