هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەڕێوەچوو

10:40 - 2024-04-01
جیهان
84 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: ئازاد ئیبراهیم




لە دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی 1924، هەڵبژاردنی دوێنێی شارەوانییەکانی تورکیا، خولی 13ـەمینی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بوو لەو وڵاتەدا، شایانی باسە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەپێی میکانیزمێکی دیاریکراو لەلایەن حکومەتەوە دەستنیشان دەکرێت کە هەر خولەی بۆ ماوەی پێنج ساڵە.

ژمارەی ئەو گەنجانەی یەکەمجارە دەنگ دەدەن
لەو پارێزگایانەی دەنگدان لە سەعات 07:00وە دەستیپێکردووە سەعات 16:00 کۆتاییهات، پاشان لەو پارێزگایانەشی سەعات 08:00 دەستیپێکردووە، دەنگدان لە سەعات 17:00 کۆتاییهات.
لەم هەڵبژاردنەدا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو، یەک ملیۆن و 32 هەزار و 610 گەنج بۆ یەکەمجار بەشداری پڕۆسەکەیان کرد.

ژمارەی پارت و لایەنە بەشدارەکانی هەڵبژاردن
لە بارەی ژمارەی پارت و لایەنە بەشدارەکانیشەوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاندووە، لە هەڵبژاردنەکەدا کاندیدی 34 پارتی سیاسیی کێبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی دەکەن، لە سەرانسەری وڵاتەکەشدا 206 هەزار و 845 سندوقی دەنگدان دانراوە، ئەوە لەکاتێکدایە نزیکەی هەزار سندوقی گەڕۆکیش هەبووە. لەم هەڵبژاردنەدا کە لە 81 پارێزگاکەی تورکیادا بەڕێوەچوو، سەرۆکی شارەوانی بۆ 973 قەزا و 390 ناحیە هەڵدەبژێردرێن، لەگەڵ هەڵبژاردنی 50 هەزار و 336 موختاردا، هاوکات ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیش دیاری دەکرێن.

سەرهەڵدانی توندوتیژی
هەڵبژاردنەکانی تورکا خاڵی نەبوون لە توندوتیژی و بەو هۆیەوە، لە یەکێک لە لیژنەکانی هەڵبژاردن لە دیاربەکر، هاووڵاتییەکی بە رەگەز تورک کوژرا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
لەوبارەیەشەوە بەرپرسێکی تورکیا بۆ کەناڵی ئەلشەرق ئاشکرای کردووە، لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا پێکدادان لەنێوان دوو گروپ روویداوە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و 12 کەسی دیکەش برینداربوون، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رووداوانە لە گوندێکدا روویانداوە کە 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگاکەوە دوورە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان