سەرۆك كۆمار: عیراق سوورە لەسەر درێژەدان بە پڕۆسەی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی یاسا

11:24 - 2024-04-02
عیراق
515 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، پێشوازی لە تۆماس سایلەر سەرۆكی نێردەی یەكێتیی ئەوروپا لە عیراق كرد و جەختیكردەوە كە «عیراق سوورە لەسەر درێژەدان بە پڕۆسەی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی یاسا و بناغەكانی دادپەروەری و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ».
لە دیدارەكەدا، كە دوێنێ لە بەغدا بەڕێوەچوو، سەرۆك كۆمار، راشیگەیاند: حكومەت بەرنامەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چالاككردنی كەرتی ئابووری و هاندانی دەرفەتی وەبەرهێنان داڕشتووە و كاریان لەسەر دەكات. ئاماژەشی بە بایەخی رۆڵی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەكان كرد لە گواستنەوەی وێنەی راستەقینەی پێشكەوتنە پۆزەتیڤەكانی عیراق بۆ وڵات و گەلەكانیان بەتایبەت لە بواری ئاسایش و سەقامگیری، كە شارەكانی عیراق بەخۆیانەوە دەبینن، سەرەڕای باشتربوونی رەوشی ژیانی هاووڵاتیان. وتیشی: عیراق چەندین پێكهاتە و مەزهەب لەخۆدەگرێت و بە پەرۆشەوە كاردەكرێت بۆ پتەوكردنی پێكەوەژیانی هاوبەش.
سەبارەت بە كێشە و ئاڵنگارییەكانی ناوچەكەش، سەرۆك كۆمار، تەئكیدیكردەوە كە پێویستە كۆتایی بە جەنگ و ماڵوێرانییەكان بهێنرێت، بەتایبەتی كە ئێستا خەڵكی فەڵەستین لە بارودۆخێكی دژواردان و پێویستە رێگەبدرێت بە گەیاندنی یارمەتییەكان و لەپێش هەمووشیانەوە پێداویستییە پزیشكی و خۆراكییەكان بە كەرتی غەزە.
لای خۆیەوە، سەرۆكی نێردەی یەكێتیی ئەوروپا، گرنگی رۆڵی یەكێتیی ئەوروپای دووپاتكردەوە لە فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری لەگەڵ عیراقدا لە بوارەكانی سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا بەتایبەتی كە عیراق هاوبەشێكی ستراتیژیی گرنگە بۆ یەكێتیی ئەوروپا.

دیداری سەرۆك كۆمار و
فراكسیۆنی ئاراك
لەلایەكی دیكەوە و لەمیانەی پێشوازی لە وەفدێكی فراكسیۆنی ئاراك بە سەرۆكایەتیی سائر سەعیدی، سەرۆك كۆمار پێویستیی یەكخستنی هەوڵی هێزە سیاسییەكان و هاریكاری و هەماهەنگی هاوبەشی بۆ پتەوكردنی سەقامگیری و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاری و بژێویی هاووڵاتیان و پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی كارنامە وەزارییەكەی بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و باشتركردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان و پشتیوانیكردنی ئابووریی نیشتمانی لەڕێگەی پەرەپێدانی میكانیزمەكانی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت، دووپاتكردەوە.
ئەندامانی وەفدەكەش پەرۆشیی خۆیان دەربڕی بۆ پشتیوانی لە هەوڵەكانی سەقامگیركردن و كاری هاوبەش بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان و خاڵە هاوبەشەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان و پشتیوانیكردنی سەرخستنی ئەزموونی دیموكراسی لە وڵاتدا.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان