״گرنگیدانی تایبەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی و گەڕاندنەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگە״

11:51 - 2024-04-02
کوردستان
142 جار خوێندراوەتەوە

خانمی یەكەمی عیراق، پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتیی كۆمەڵایەتی، هونەری، وەرزشی، منداڵی ئۆتیزم و داون دەكات و پێویستیی پێشكەشكردنی هاوكاری، چاودێری و راهێنان و یارمەتیدانیان دووپاتدەكاتەوە.
لە دیدارەكەدا، كە دوێنێ لە بەغدا بەڕێوەچوو، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، جەختیكردەوە لە بایەخی سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزاییەكان لە بوارەكانی رۆشنبیری، هونەر و وەرزش و پێشكەشكردنی پشتیوانی و گرنگیپێدان، كە ببێتەمایەی بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی گەشەكردوو و پێشكەوتوو، ئاماژەشی بەو هەوڵانە كرد كە هەردوو خوێندنگەی بەغدا بۆ موزیك و گوزارشت لەگەڵ قوتابخانەی بالێ بۆ هونەر، دەیگرنەبەر بۆ گرنگیدان بە كەلتوری هونەری لە وڵاتدا. ئاماژەشی بە گرنگیی هێنانەكایەی بزووتنەوەیەكی رۆشنبیری كرد لەنێوان هونەرمەندانی عەرەب و كورد، كە ببێتەمایەی بەهێزكردنی تێكەڵكردنی بیرۆكەكان و یەكخستنی هاوبەشییەكانی نێوان رۆشنبیری و كەلتورە هونەرییەكانی سەرتاسەریی وڵات.
خاتوو شاناز، راشیگەیاند: منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت پێویستە بە شێوازی پێشكەوتوو پەرەیان پێبدرێت و تواناكانیان پێشبخرێت، كە هاوتای پێداویستی و داخوازییەكانیان بێت و یارمەتییان بدات لەسەر گەڕانەوە بۆ نێو كۆمەڵگە، لەگەڵ سووككردنی نەهامەتی خێزانەكانیان لەدابینكردنی پەروەردەیەكی باشتر بۆ منداڵەكانیان.
هەر لە دیدارەكەدا، خانمی یەكەم، ستایشی منداڵێكی كرد بەناوی خەتاب عومەر، كە خەڵاتی یەكەمی پێشبڕكێی (الاحتساب الذهني) لە توركیا بەدەستهێنا لەنێو 600 بەشداربووی 20 وڵاتی عەرەبی و بیانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان