عیراق زۆرترین بەکارهێن و بەرهەمهێنی برنجە

09:57 - 2024-04-03
ڕاپۆرت
495 جار خوێندراوەتەوە

ئا: عەبدوڵڵا سدیق

برنج یەکێکە لە بەرهەمە خۆراکییە گرنگەکانی هەموو  جیهان، هەروەها کاریگەری گەورەی لەسەر کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراکی جیهانیش هەیە، زۆرترین خواردنی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوەکاندا هەیە، هەروەها خواردنێکی سەرەکییە لەسەر هەموو مێزەکان، بەتایبەتی لەمانگی رەمەزاندا، بەو پێیەی لە پێکهاتەی زۆربەی خواردنە بەناوبانگەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. عیراق لە ریزی ئەو وڵاتانەی جیهانە کە زۆرترین بەرهەمی برنج هاوردە دەکات، لەهەمانکاتیشدا  لە ڕیزی گەورەترین وڵاتانی عەرەبیشدایە کە ئەم ماددە خۆراکییە بەرهەم دەهێنن.
بەپێی ئامارێکی  رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ فاو (FAO) بێت، هەریەک لە وڵاتانی چین و هیندستان و بەنگلادیش وەک گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری برنج بۆ ساڵی 2023 پۆلێنکراون.
چین ساڵی پار بڕی  149 ملیۆن تۆن برنجی بەرهەمهێناوە، دوای ئەویش هیندستان  132 ملیۆن تۆن، ئینجا بەنگلادیش  36.4 ملیۆن تۆن برنجی بەرهەمهێناوە.  هەر بەپێی راپۆرتەکەی « فاو « بێت، ساڵی پار هیندستان، تایلەند و ڤێتنام گەورەترین وڵاتانی هەناردەکاری برنج بوون، ئەمەش داهاتێکی باشی بۆ ئەو وڵاتانە بەدەستهێناوە. لەڕیزی یەکەمدا هیندستان  بە رێژەی 10.8 ملیار دۆلار برنجی هەناردەی جیهان کردووە. پاشئەویش تایلەند بە رێژەی  4 ملیار دۆلار و ڤێتنامیش بەڕێژەی 2.5 ملیار دۆلار برنجی هەناردەی جیهان کردووە. 
لە کاتێکدا چین و ئێران و ئەمریکا لە ساڵی 2023 دا گەورەترین وڵاتی هاوردەکردنی برنج بوون . چین بە بڕی 2.62  ملیار دۆلار  برنجی هاوردە کردووە، دوای ئەویش ئێران دێت بە بڕی  2 ملیار دۆلار  برنجی هاوردە کردووە، ئەمریکاش  بە بڕی 1.40 ملیار دۆلار برنجی هاوردە کردووە. 
عیراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەئاست جیهاندا بڕێکی زۆر برنج بەکاردەهێنێت، ساڵی پار  عیراق لە پلەی شەشەمی جیهاندا هات، بە بڕی 1.11 ملیار دۆلار برنجی هاوردە کردووە.  بەڵام لەهەمانکاتیشدا عیراق لە ریزی ئەو وڵاتانەش دادەنرێت کە بڕێکی باش برنجی بەرهەم دەهێنێت، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پلەی چوارەمی  هەیە.  ساڵی پار بڕی  20 هەزار تۆن، برنجی بەرهەمهێناوە.  میسریش لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پلەی یەکەمی هەیە و ساڵی پار  بە 3 ملیۆن و 78 هەزار تۆن برنجی بەرهەمهێناوە. لەپاش ئەویش مەغریب و مۆریتانیا دێت.

سەرچاوە:رۆژنامەی الصباح

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان