شه‌هلا فه‌یزوڵڵا
چه‌ند رۆمانێكی له‌سه‌ر مێزی ناوه‌ڕاستی ژووری میوانه‌كه دانا، سه‌ری به‌رزكرده‌وه و سه‌یرێكی سه‌عاته‌كه‌ی به‌رانبه‌ری كرد (هێشتا سه‌عاتێكی ماوه میوانه‌كان بگه‌ن) ئه‌مه‌ی له‌به‌ر خۆیه‌وه گوت و ده‌ستی برد یه‌كێك له كتێبه‌كانی هه‌ڵگرت، له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌كه دانیشت. یه‌خه‌ی چاكه‌ته خورییه‌كه‌ی زیاتر هێنایه‌وه یه‌ك و كه‌مێك ده‌ستی له تینی زۆپاكه نزیك كرده‌وه.
گڤه‌گڤی ئه‌و بایه‌ی خه‌ریكبوو شۆڕهبییهكانی حه‌وشه‌كه له ره‌گه‌وه ده‌ربێنێ بردیه‌وه بۆ نێو یاده‌وه‌ری ئه‌و شه‌وه‌ی، له ژووری نووستنه‌كه و له‌سه‌ر جێ خه‌وه‌كه‌یان راكشابوون، ده‌نگی یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كی پێكدادانهوهی په‌نجه‌ره‌یه‌ك پڕ به ماڵه‌كه بوو، خێرا راپه‌ڕی خۆی ده‌یزانی ده‌نگه‌كه له كوێوه دێت، راست رۆیشت بۆ ناندینه‌كه، ده‌نگی بۆڵه‌بۆڵی هاوسه‌ره‌كه‌ی تێكه‌ڵ به گڤه گڤی ره‌شه‌باكه و ته‌قه ته‌قی په‌نجه‌ره‌كه ببوو:» دیسان په‌نجه‌ره‌یه‌ك باش دانه‌خراوه، ده‌ڵێی بۆگه‌نمان كردووه، به‌م زستانه‌ش وازناهێنی هه‌موو به‌یانییه‌ك ده‌ڕۆیته ده‌ره‌وه هه‌رچی په‌نجه‌ره هه‌یه له‌م ماڵه‌دا ده‌یخه‌یته سه‌رپشت.» ره‌شه‌باكه خه‌ریكبوو تاكی په‌نجه‌ره‌كه له‌بن ده‌ربێنێ، هێنده به‌خێرایی رۆیشت به‌ره‌و لای، خۆی كێشا به‌مێزی نان خواردنه‌كه‌دا، كه‌وتنه خواره‌وه‌ی په‌رداخێكی شووشه و په‌رشوبڵاو بوونه‌وه‌ی پارچه‌كانی به‌و ناوه‌دا هۆكارێك بوو دیسان هاوسه‌ره‌كه‌ی له جێگه‌ی خۆیه‌وه هاوار بكات:» ئه‌وه هه‌م چی شكا؟» بێ گوێدانه قسه‌كانی به‌وریاییه‌وه به‌ناو ورده شووشهكاندا هه‌نگاوی نا و تاكی په‌نجه‌ره‌كه‌ی خێرا داخست. لای خۆی خه‌می مناڵه‌كانی بوو نه‌وه‌ك له خه‌و راچڵهكابێتن كه‌چی ده‌نگی پڕ به ماڵهكهبوو:» هیچ نه‌بێ گه‌ر بكه‌وتایه‌ته سه‌ر فه‌رشه‌كه نه‌ده‌شكا و ئاوا زرمه‌ی نه‌ده‌هات، جوان كۆی كه‌ره‌وه خوام له‌و خوایه پێی یه‌كێكمان بریندار بێت. ئاخر خه‌ڵك هه‌یه به‌م زستانه فه‌رش بشوات؟!»
كه‌مێك به‌دیار پارچه شووشه شكاوه په‌رشوبڵاوه‌كانی سه‌ر زه‌ویه‌كه‌وه وه‌ستا، نه‌یده‌زانی له‌كوێوه ده‌ستپێبكات، پاشان به‌بێده‌نگی و له‌سه‌رخۆ ده‌ستی كرد به كۆكردنه‌وه‌یان. به‌ده‌م كۆكردنه‌وه‌ی شووشهكانهوه... دڵ و خه‌یاڵیشی لای نووسینه‌كه‌ی بوو، بگه‌ڕێته‌وه سه‌ری پارچه شووشه‌یه‌ك چزه‌ی لێ هه‌ستان چه‌ند دڵۆپه خوێنێك وه‌ك ده‌نكی هه‌نار له په‌نجه كه‌ڵه‌ی ده‌ستیه‌وه رژا، گوێی نه‌دایه، برین پێچێكی تێوه پێچا و به‌رده‌وامبوو له پاك كردنه‌وه‌ی زه‌وییه‌كه، له‌په‌نا قاچێكی مێزه‌كه‌دا دهفتهروپێنووسهكهی هه‌ڵگرته‌وه كه هه‌واكه خستبوونیه خواره‌وه .
له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشت، ده‌فته‌ره‌كه‌ی كرده‌وه و ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك له‌وه‌وپێش نووسیبووی به‌چاو خوێندییه‌وه:» ئه‌و كتێبه‌ی له‌سه‌ری نووسرابوو (هه‌زارو یه‌ك شه‌و) هه‌ركاتێك به ده‌ستی باوكییه‌وه ده‌یبینی سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌یه‌تی خێرا خۆی ده‌خزانده باوه‌شییه‌وه و به‌نازێكه‌وه داوای گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێكی لێده‌كرد، ئه‌ویش هه‌رجاره‌و حیكایه‌تێكی بۆ ده‌خوێنده‌وه تاوه‌كو خه‌وی لێده‌كه‌وت، دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه هێشتا وه‌كو دیاریه‌كی به‌نرخ و پڕ له یادگاری باوكی لای خۆی هه‌ڵیگرتووه و به‌یادی رۆژانی مناڵییه‌وه جارجاره ده‌یخوێنێته‌وه، هه‌ر ئه‌و كتێبه‌ش ببووه سه‌رچاوه‌ی فراوانبوونی خه‌یاڵه‌كانی و رۆژ له دوای رۆژ خه‌ونه‌كانیشی په‌لكێشی ده‌كرد بۆ نێو دنیایه‌كی تر چه‌شنی حیكایه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی شه‌هره‌زاد.»
لهلاپهڕهیهكی تردا‌و له‌گه‌ڵ جارجاره لابردنی ئه‌و تاڵه قژانه‌ی كه ده‌هاتنه نێو چاوانی به‌شێكی تری چیرۆكه‌كه‌ی نووسی:» یه‌كێك له‌و یارییانه‌ی سه‌رده‌می مناڵی كه له‌گه‌ڵ كچۆڵه‌كانی هاوڕێیدا ده‌یكرد یاری دۆزینه‌وه‌ی ره‌نگه‌كان بوو، هه‌ر جاره و ره‌نگێكیان هه‌ڵده‌بژارد و به‌یه‌كه‌وه به‌دوایدا ده‌گه‌ڕان كێ زووتر بیدۆزبایهتهوه ئه‌و براوه ده‌بوو، ده‌مێك بوو ده‌یوست ئه‌و رۆژانه‌ی له حه‌وشه‌ی ماڵی خۆیان یارییه‌كه‌یان ده‌كرد بكاته پارچه شیعرێك یان چیرۆكێك، ئه‌و ره‌نگه‌ی زووتر ده‌دۆزرایه‌وه ره‌نگی ره‌ش بوو، چونكه ره‌نگی زۆربه‌ی جلی سه‌ر تهنافهكهیان بوو كه له دوای شه‌هید بوونی باوكییه‌وه تاكه ره‌نگبوو دایكی و نه‌نكی ده‌یانپۆشی.»
له‌دڵه‌وه ئه‌وه‌ی نووسی خوێندیه‌وه، پاشان به خهندهیهكهوه چاوێكی خێرای خشاند به‌لاپه‌ڕه نووسراوه‌كانی تردا، ئه‌و نووسینانه‌ی كه زاده‌ی خه‌یاڵی بوون به‌ده‌م قاپ شتن و گسك دان و په‌نجه‌ره سڕینه‌وه، ئه‌و كاته‌ی پارووی ده‌كرد به‌ده‌می مناڵهكهیهوه، له‌كاتی چێشتكردن و چا لێنانه‌وه، له‌گه‌ڵ دانه دانه ئه‌و جلانه‌ی ههڵیدهخست به ته‌نافه‌وه، زۆرجار به رۆژ له ده‌رفه‌تێكدا وه‌كو سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك ده‌ینووسی بۆ ئه‌وه‌ی بیری نه‌چێته‌وه و دوای كۆتایی هاتن به ئه‌ركه‌كانی رۆژی، شه‌وه‌كه‌ی له كه‌شێكی هێمن و ئارام‌دا دا‌نیشێت و بینووسێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و نیگا خۆپه‌رسته‌ی به دیارییه‌وه ده‌وستا بیبات بۆ ژووری نووستنه‌كه ریسه‌كه‌ی لێ ده‌كرده‌وه به‌خوری.
دیسان ده‌نگی هاوسه‌ره‌كه‌ی هات:»ئه‌رێ چیت كرد؟ شووشه كۆكردنه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌نده‌ی ده‌وێت؟ ده‌زانم دیسان خه‌ریكی نووسینی، ئه‌مه چی بوو نه‌بڕایه‌وه؟ ئاخر ده‌ته‌وێ ببی به‌چی تۆ و نووسینیان كه‌ی وتووه؟.»
به بیستنی زه‌نگی سه‌عاته گه‌وره‌كه‌ی به‌رانبه‌ری سه‌رێكی هه‌ڵبڕی و له‌به‌رخۆیه‌وه گوتی: ئێستا ئیتر كاتی هاتنی میوانه‌كانه. پێش ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی ده‌ستی داناتهوه له جێگاكه‌ی خۆی جارێكی تر لهبهرگهكهی روانییه‌وه و چه‌ند جارێك ده‌ستی هێنا به‌سه‌ر ناوه‌كه‌ی خۆی و ئه‌و ناونیشانه‌ی بۆی هه‌ڵبژاردبوو كه به‌خه‌تێكی گه‌وره له‌سه‌ری نووسرابوو (ئه‌و شه‌وه‌ی بڕیارمدا) زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك كه‌وته سه‌ر لێوه‌كانی و له‌به‌رخۆیه‌وه گوتی: نووسینی ئه‌م رۆمانه‌م ئاڵنگاری رابردوویهكه پڕبوو له كۆمه‌ڵێ وشه ده‌توانێت مرۆڤ بڕوخێنێت و دروستی كاته‌وه. كتێبه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه جێگاكه‌ی خۆی و نێو كتێبه‌كانی تری كه له‌سه‌ر مێزه‌كه داینابوو و پاڵی دایه‌وه له چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی میوانه‌كانی كه چه‌ند رۆژنامه‌نووسێك بوون ده‌یانویست وه‌كو ژنێكی سه‌ركه‌وتوو دیدارێكی له‌گه‌ڵدا ساز بده‌ن. له‌و كاته‌دا زه‌نگی
ده‌رگاكه لێیدا...