گرفتە دارایی و مرۆییەکان کەمئەندامانی هەرێمی بێ هیوا کردووە

سامان حسێن: ئەرکی رێکخراوەکەمان خەریکە لە داکۆکیکردنەوە دەبێتە خێرخوازی

10:37 - 2024-04-04
دیدار
155 جار خوێندراوەتەوە

 دیداری/ لاپەڕەی راپۆرت و بەدواداچوون

سامان حسێن

 

  بەداخەوە شتێک نەماوە بەناوی خزمەتی کەمئەندامان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە

قەیرانەکانی هەرێم، ئەگەر جارێک کاریگەریی لەسەر بژێویی هاووڵاتی ئاسایی هەبووبێت، ئەوا بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان بەگشتی و کەمئەندامان بەتایبەتی کاریگەرییەکەی دوو هێندەیە، بەتایبەتی لەڕووی نەبوونی یاسای مۆدێرن پلانی گونجاوی حکومییەوە کە هێندەی دیکە کەمئەندامانی بێ هیوا کردووە لە باشبوونی دۆخی ژیانیان. 
لەوبارەیەوە سامان حسێن سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان لە دیدارێکیدا لەگەڵ کوردستانی نوێ-دا بەشێک لە کێشە و گرفتەکانیان دەخاتەڕوو:


*ئاگادارین کە کێشە و مەینەتیی کەمئەندامان لەم وڵاتەدا بەردەوامە، ئایا وەک توێژێک دیارترین کێشە هەنووکەییەکانتان چییە؟

-کەمئەندامان لەم وڵاتەدا کێشەیان زۆرە، دیارترینیان کێشەی داراییە، هۆکاری سەرەکیش کەمیی مووچەکانیانە، کە بەراورد بە توێژەکانی دیکە کەمترین مووچەیان هەیە. 

*وەک رێکخراو چ پلانێکتان هەیە و چیتان کردووە تا حکومەت و خەڵکی خێرخواز کۆمەکتان بکات؟
-دەبوو هەموو ئەوانەی کە پێیان دەوترێت خاوەن پێداویستیی تایبەت باشترین مووچەیان هەبوایە، تا بژێویی خۆیانی پێ دابین بکەن و زاڵبن بەسەر ئاستەنگەکانی ژیانی رۆژانەیاندا، بەڵام بەداخەوە تێنەگەیشتنی حکومەت بۆ خەمی کەمئەندامان گەورەترین بارگرانیی خستۆتە سەر شانمان. ئەوە جگە لە کێشەکانی وەک تەندروستی، نەبوونی ئاسانکاریی لە شوێنە گشتییەکان، دامەزراندن، نەبوونی دەرفەتی کاری گونجاو لە کەرتی گشتی و تایبەتدا، تەنانەت لە ناو سێکتەرەکانی حکومەتیشدا شتێک نییە بەبێ بەرامبەر بۆ کەمئەندامان، بەڵکو وەک هەر کەسێکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ کەمئەنداماندا دەکرێت.

*بەراورد و هەڵسەنگاندنتان بۆ دۆخی کەمئەندامان چۆنە لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر؟
-وەکو یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆئەوەی کەرتی تایبەت بهێنینە سەر خەت تا  خزمەتی کەمئەندامان بکەن و ئاوڕ لەو توێژە بدەنەوە لەڕووی خێرخوازییەوە، لەوەدا تا رادەیەک سەرکەوتوو بووین، بەتایبەتیش لە سەردەمی کەرەنتینەکەدا کە دۆخێکی دژوار بوو بەتایبەتی بۆ کەمئەندامان، لەو کاتەدا مەسەلەی کەمپەین و دەستگیرۆیی و دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک زیاتر دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامە، کە بەداخەوە دەبوو ئەوە کۆتایی بهاتایە، بەڵام بەهۆی بێ پلانیی حکومەت و هەژاریی لە رادەبەدری کەمئەندامان، رۆژبەڕۆژ ئەم گرفتە قووڵتر دەبێتەوە، وەک یەکێتییەکەمان شوێن دەستمان دیارە لە کۆکردنەوە و گەیاندنی کۆمەک بە کەمئەندامان. هەر لەم مانگی رەمەزانەدا کۆمەکی زیاتر لە هەزار کەمئەنداممان کردووە، بەڵام ئەوە بەس نییە، چونکە تەنها لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 18 هەزار کەمئەندام هەن، کەمترینیشیان دۆخی داراییان باشە، زۆرینەیان لە چینە هەرە هەژارەکانی ناو کۆمەڵگەن.
بۆیە ناڵێین ساڵ بەساڵ خۆزگەمان بە پار، بەڵکو خۆزگەمان بە چەند ساڵ لەمەوپێش، چونکە ئەم قەیرانە داراییەی هەرێم کارێکی کردووە کە سێ ساڵ لەمەوپێش دۆخی کەمئەندامان زۆر باشتر بوو، ئاسانکاریی زیاتر هەبوو دەمانتوانی خزمەتی زیاتری کەمئەندامان بکەین و خزمەتی زیاتریان بکەین، بەڵام هەموو سێکتەرەکان بەرەو پووکانەوەی تەواوەیی دەچن.
 رێکخراوەکەی ئێمە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کەمئەندامان، بەڵام خەریکە تەنها دەبینە رێکخراوێکی خێرخوازی و هەر فریای دابینکردنی سەبەتەیەکی خۆراک یان بڕێک پارە و جلوبەرگ دەکەوین بۆ کەمئەندامان، بەداخەوە بۆ ساڵی ئایندەش هیوای باشتربوونی دۆخەکەمان نییە.

خۆشبەختانە  خەڵک هەیە دەوڵەمەندیش نییە و خێر دەکات

*تاچەند خێرخوازان بەدەمتانەوە هاتوون، بەتایبەتی کە ژمارەی دەوڵەمەندەکان لە کوردستاندا زۆرن، ئاخۆ ئەمساڵ و لەم بەرە جەژنانە، کەس ئاوڕی لێداونەتەوە؟
-
خۆشبەختانە سلێمانی هەمیشە پێشەنگ بووە لە بەخشین و کاری خێرخوازیدا، تەنانەت خەڵک هەیە دەوڵەمەندیش نییە و خێر دەکات، بۆیە ئێوەش و خوێنەرانیش دڵنیا دەکەمەوە کە ئەگەر ئەو خەڵکە خێرخوازە نەبن، ئەم جەژنی رەمەزانە خێزانی سەدان کەمئەندام نانی جەژنیان نابێت و بەداخەوە شتێک نەماوە بەناوی خزمەتی کەمئەندامان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، ئەوەی دەکرێت هەمووی هی خێرخوازانە، هەر لە خۆراکەوە تا دەرمان و کەلوپەلی وەک عەرەبانە، دارشەق،  گۆچان، جلوبەرگ و...هتد.

هۆکاری ئەوەی بۆچی لە سلێمانی زیاتر کێشەکان زەقبوونەتەوە، ئەوەیە ئێمە لێرە دەنگێکی ئازاتر و ئازادترین کە سڵ ناکەینەوە لە داواکردنی ماف و شایستەکانی خۆمان 

 

*پێتان وایە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەی ئەندامان چییە؟
-
چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی کەمئەندامان ئەوەیە کە دەست نەخراوەتە سەر گرفتە سەرەکییەکە، هەتا ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم بڕوایان بە مافی کەمئەندامان و کێشەیەک نییە بەو ناوەوە، بڕوابوون دروشم و دەرکردنی بەیاننامە و کۆڕ و سیمینار نییە لەسەر کەمئەندامان، بەڵکو ئەوەیە کە ماف و پێداویستییەکانم بۆ دابین بکات و ئابوورییەکی بەجۆرێکم بۆ دەستەبەر بکات، کەمئەندام ناچاری سواڵ و دەستپانکردنەوە نەبێت و لە هەرێمیشدا مەسەلەیەک بەدیناکەین بەناوی چارەسەری کێشەکانی کەمئەندامانەوە. ئەگەرنا یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکانیان دانانی یاسایەکە کە لەو رێگەیەوە مووچەیەکی زۆرباش بۆ کەمئەندامان دابین بکرێت، هەروەها خزمەتگوزاریی تەندروستی و خوێندن و کارئاسانی بۆ دامەزراندن و رەخساندنی هەلی کار لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا دەستەبەر بکرێت و چاکسازی لە شوێنە گشتییەکاندا بکرێت بۆئەوەی کەمئەندام وەک هەر کەسێکی ئاسایی مافی ژیانی هەبێت خۆ ئەگەر حکومەت هیچ هەنگاوێک بەو ئاراستەیە نەنێت ئەوا چاوەڕوانی دۆخی دژوارترین، بۆچیش ئەو کێشانە لە سلێمانی زیاتر زەقبۆتەوە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئێمە لێرە دەنگێکی ئازاتر و ئازادترین کە سڵ ناکەینەوە لە داواکردنی ماف و شایستەکانی خۆمان و پێداگریی دەکەین.
بەڵێنیش دەدەین لەسەر ئەم هەڵوێستەمان توندتر دەبین، هەموو رای ناوخۆیی و جیهانیش تێدەگەیەنین کە ئەم حکومەتە هەڵوێستەکانی بەرامبەر بەم توێژە بەو جۆرە بێباکانە و بێ پلانە، پێشمانوایە هەڵوێست و ناڕەزاییەکانمان رۆڵی خۆیان هەبووە لە راپۆرتە نێودوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و لە میدیا ناوخۆیی و ئاسمانییەکان و لە سایت و سەکۆکانی سۆشیال میدیادا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان