بەرنامەكەی رووداو نەیتوانی گرژی لە نێوان خۆم و كچەکەم دروستبکات

ناسر رەزازی: هیچ ناخۆشییەك لە نێوانماندا نییە

11:05 - 2024-04-07
دیدار
106 جار خوێندراوەتەوە

ناسر رەزازی، هونەرمەندی گەورەی كورد، لە تەمەنی 7 ساڵییەوە هاتۆتە نێو دنیای هونەرەوە، بۆ یەكەمجار لە ئاهەنگێك گۆرانی وتووە، هاوكات لە تەمەنی 15 ساڵیشدا بۆ یەكەمجار لەسەر ستەیج گۆرانی وتووە.
ناسر رەزازی بە دوالاپەڕەی راگەیاند: كاری هونەری نوێم دەبێت، لە ئێستادا پێنج سیدیم بە دەستەوەیە، لە پێنج سیدیەكە چوار گۆرانیان فۆلكلۆرە بەڵام زۆربەی گۆرانی و بەرهەمی نوێمن، ماوەی رابردوو زۆر ناساخ بووم توشی خەمۆكییەكی زۆر بووم، بەڵام خۆشبەختانە لەلایەن خێزانەكەم و چەند برادەرێكەوە هاوكاریم كرا توانیم دووبارە لەسەر پێی خۆم بوەستم و بەردەوام بم لە هونەر و ژیان كردن، بۆ جەژن هیچ ئاهەنگێكم نابێت، تەنها بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیم دەبێت.
ناسر رەزازی لەبارەی پەیوەندی خۆی و كچەكەی وتی: من دڵنیا-ی كچم زۆر خۆشدەوێت، هیچ ناخۆشییەك لە نێوانمان بوونی نەبووە و نابێ، بەڵام بەداخەوە بۆ ئەو بەرنامەی كە ویستی گرژی و ئاڵۆزییەك لە نێوانماندا دروستبكات، بەڵام نەیانتوانی، چونكە خۆشەویستی و رێزی من و كچەكەم لە هەموو شتێكی تر گەورەترە، ئاشكرایە هیچ باوك و كچێک نییە كێشەی بچووكیان بۆ دروست نەبێ یان گفتوگۆیان نەبێ، بەڵام ئێمە ئەوەشمان نەبوو تەنها لە بەرنامەیەكی كەناڵی (رووداو) وتم، ببورن من بۆیە لە كۆنسێرتەكەدا دەنگم نزم بوو، چونكە  دڵنیا تۆنی دەنگی نزمە وەك دایكی بەرز نییە، نەموتووە دەنگی خۆش نییە، بێگومان دەنگی خۆشە و خاوەنی ستایڵی خۆیەتی، بەڵام بەداخەوە سۆشیال میدیا و هەندێک لایەن شتەكەیان گۆڕی ویستیان گرژی دروست بكەن، دڵنیا-ی كچم رێز لە خۆم و لە خێزانم دەگرێت، لە پەیوەندی خێزانیمان هەموو ئەمانە لای من گەوهەرن و شانازیان پێوە دەكەم، دنیای ئێستا بەهۆی سۆشیال میدیاوە بووە بە مەجازی و كێشەی دروستكردووە.
رەزازی وتیشی: لە ماوەی داهاتوودا چوار بەرهەمم دەبێت، بەرهەمێکیان نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی خۆمە، چونکە لەوانەیە لە دووسێ ساڵی داهاتوودا بەهۆی تەمەنمەوە کۆتایی بە رێگەی هونەر بهێنم.
لە كۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو: هەمیشە وتومە تازە مێژوو پیاوی وەك مام جەلال و کاک نەوشیروان دروست ناكاتەوە، ئەوان دوو سیاسی  گەورە بوون، لە ئێستاشدا كورد كەسانی وەك كاك بافڵ و كاك قوبادی دەوێت، چونكە ئەوەی مام جەلال و كاك نەوشیروان پێیان نەكرا، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی كردی و دەستخۆشی لێدەكەم.
دیانا ئه‌حمه‌د
فۆتۆ: حەمە عومەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان