بۆ بیستوچوارەمین ساڵیادی كۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد سیاسەتمەدار، ئەدیب، مافناس و رۆژنامەنووس، دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، لە نووسراوێكدا ئاماژە بە چەند لایەنێكی ژیانی دەدات و رایدەگەیەنێت: مامۆستای نەمر ئیبراهیم ئەحمەد، جێدەستی بە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمانەوە دیارە و هەمیشە لە خزمەتی دۆزی رەوای میللەتەكەماندا بووە و كەسایەتییەكی دیار، چالاك و بیرمەندی هاوچەرخی مێژووی گەلی كوردستانە.
لە نووسراوەكەدا، هاتووە: مامۆستای نەمر ئیبراهیم ئەحمەد، كە 86 ساڵ ژیا و رۆژی 8/4/2000 كۆچی دوایی كرد، هەموو تەمەنی پڕبوو لە رەنج و خەبات و هەڵوێست، جگە لە سیاسەت و كوردایەتی، لە سەرجەم بوارەكانی ئەدەب، رووناكبیری و رۆژنامەگەری رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە لەوانە (یادگار و هیوا، ژانی گەل، دڕك و گوڵ و ئاكۆ...).
لەنووسراوەكەدا، ئاماژە بەوە كراوە كە مامۆستا ئیبراهیم ساڵی 1937 كۆلێژی مافی لە بەغدا تەواوكردووە، لە زانكۆی بەغدا بە هاوكاریی چەند لاوێكی كورد، نامیلكەی (الاكراد والعرب)ی بە زمانی عەرەبی بڵاوكردووەتەوە، كە لە بەشێكدا ئاماژەی بە مافی چارەی خۆنووسینی كورد كردووە، بەوهۆیەوە نامیلكەكە قەدەغەدەكرێت و مامۆستا ئیبراهیم دەدرێت بە دادگا.
نووسراوەكە ئاماژە بە لایەنێكی گرنگی ژیانی مامۆستا ئیبراهیم دەكات و دەڵێت: مامۆستا ئیبراهیم لە بواری رۆژنامەگەریدا رۆڵێكی زۆر گرنگی هەبووە و كاتێك تەمەنی 18 ساڵ بووە لە رۆژنامەی (ژیان) بابەتی بڵاوكردووەتەوە و هاوڕێی نزیكی فایەق بێكەس و گۆران بووە، هەروەها ساڵی 1939 مۆڵەتی بڵاوكردنەوەی گۆڤاری گەلاوێژی وەرگرتووە، كە گۆڤارێكی ئەدەبی، فیكری و سیاسی بووە و لە 10 ساڵدا 105 ژمارەی بڵاوكراوەتەوە و بە فەرمانی دەسەڵاتی حكومیش رۆژی 1/8/1949 داخرا.
لە كۆتایی نووسراوەكەشدا، ئەوە خراوەتەڕوو كە مامۆستا ئیبراهیم، لە 17/4/1949 تا 14/3/1951 لە زینداندا بووە و دوای ئازادبوونی، بە سكرتێری گشتیی پ.د.ک هەڵبژێردراوە، نێوانی لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد زۆر باشبووە و پێشەوا بە (بیلە، بیلبیلەی چاو) ناویبردووە، وەك سەركردەیەكیش لە خەباتی شاخ بەشداری لە شۆڕشی ئەیلولی ساڵی 1961دا كردووە و هەتا ئەو رۆژەشی كۆچی دوایی كردووە، لەبیری خەباتی كوردایەتی و خزمەتی نەتەوەی كورددا بووە.