ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر چاوڕوانی وەڵامێکی دیکەی پارێزگار دەکات

10:42 - 2024-04-11
کوردستان
502 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر سەبارەت بە کێشەی لافاوەکانی شاری هەولێر، کە ساڵانە چەند بارە دەبێتەوە و زیانی زۆر بە هاووڵاتیان و کاسبکارانی شارەکە دەگەیەنێت، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە میدیای یەکێتی راگەیاند:
 جەماوەری نیشتمانپەروەری هەولێر چاوەڕوانی ئەوەبوون، کە  پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای لێبوردن لە خەڵکی هەولێر بکات و راشكاوانە پێیان بڵێت "ببورن وەکو پارێزگاری هەولێر لە ئەرکەکانی سەرشانی خۆم سەرکەوتوو نەبووم و نەمتوانی کێشە سەرەکییەکانی شارەکە چارەسەر بکەم، بەتایبەتی کێشەی لافاوە دووبارەکانی ناوشاری هەولێر، بۆیە دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری هەولێر دەبم و ئەم ئەرکە بۆ کەسێکی دیکە بەجێدێڵم".
دەشڵێت، بەداخەوە ئەمجارەش وەک ئەوەی نە با - ی دیوەو نە بۆران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا خۆی لەو بەرپرسیارێتییە گەورە و مێژووییە دزییەوە و داوای پێکهێنانی لیژنەیەک دەکات بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی هەولێر.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پێشووی پارێزگای هەولێر لە درێژەی قسەکانیدا   وتی: دڵنیاین لە ئایندەیەکی نزیکدا جارێکی دیکە لە جیاتی لافاو، کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە بەرۆکی هاووڵاتیانی شاری هەولێر دەگرێتەوەو بەهەمان شێوە جەنابی پارێزگار لە بەردەم میدیا دەردەکەوێت و پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی تر دەکات بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکە بەبێ ئەوەی خۆی تێبگەیەنێت کە لە ساڵانی رابردوودا چەندین لیژنەی تر بۆ چارەسەرکردنی هەمان کێشە، واتە کێشەی کەمی ئاو، لافاو ،کێشەکانی تری شارەکە پێکهێناوە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە، ئەوە سەرەڕای کێشەی چەندبارەبوونەوەی سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر، کە بۆتە مایەی زیانێکی ئابووری زۆر بۆ خەڵک و بەدگومانی کاسبکاران لە بڕیار و لیژنەکانی بەدواداچوون.

#هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان