ئەپیکۆر: سەردانی سودانی بۆ ئەمریکا دەرفەتێکە بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت

11:43 - 2024-04-13
عیراق
72 جار خوێندراوەتەوە

ئەپیکۆر رایگەیاند، سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا دەرفەتێکە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە زیانی راگرتنەکەی 14.5 ملیار دۆلارە.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریکا، دەرفەتێکە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
جەختیشدەکاتەوە، ئەندامەکانی ئەپیکۆر پابەندن بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و پێشوازیش لە ھەر دەستپێشخەریەک دەکەن کە ببێتە ھۆی دەستپێکردنەوەی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لەرێگەی بەندەری جیھانی تورکیاوە.
ئەپیکۆر ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمەوە، رۆژانە بازاڕی وزەی جیھانی نزیکەی 400 ھەزار بەرمیل نەوت لەدەستدەدات، ئەوەش بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیھاندا، نەبوونی رێکەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت زیانی 14.5 ملیار دۆلاری بە عیراق و ھەرێم گەیاندووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی ئەپیکۆردا ھاتووە، لە دواین کۆبوونەوەی ئەپیکۆر و حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیای سۆمۆ ھیچ پێشنیازێک بۆ بەرھەمھێنان و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت نەخراوەتەڕوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان