قوباد تاڵەبانی: پێویستە زانکۆکان لەگەڵ پێویستی بازاردا زیاتر خۆیان بگونجێنن

07:57 - 2024-05-06
کوردستان
123 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی ئوردن بە سەرۆکایەتیی دکتۆر مەئمون ئەلدوبعی و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئاکادیمییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم و فوئاد ئەلمەجالی کونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەرێم ئامادەی بوون، باس لە پەیوەندیی مێژویی نێوان ئوردن و کوردستان کرا و رۆڵی سەرۆک مام جەلال وەک دروستکەری ئەو پەیوەندییە مێژووییە بەرزنرخێندرا و جەخت کرایەوە لەسەر کارکردنی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی زیاتری  پەیوەندییەکان لە بواره جیاوازەکاندا.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی ئەنجامدانی دیداری خوێندنی باڵای ئوردن _ کوردستانی کرد و ئاماژەی بە گرنگیی دیدارەکەدا لە پتەوکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی لەنێوان هەردوو وڵات.  

هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەفدی میوان ئامادەیی وڵاتەکەیان دەربڕی بۆ هاوکاری هەرێم لە بواری گەشەپێدان بە کەرتی خوێندنی باڵادا، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگیی ئیمزاکردنی پەیماننامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆکانی هەرێم و ئوردن بە مەبەستی ئاڵوگۆری ئەزمون و پسپۆڕی و بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی، بەتایبەتیش لە بوارەکانی تەندروستی و گەشتوگوزار و ژینگە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیران باسی لەوەکرد کە پێویستە زانکۆکان رۆڵی زیاتر ببینن لە گەشەپێدانی هەرێم و لەگەڵ پێویستی بازاردا زیاتر خۆیان بگونجێنن.
وتیشی: لە کوردستان توانای مرۆیی زۆر باش هەیە، بەڵام نەتوانراوە وەک پێویست ئەو توانا مرۆییە رێکبخرێت و لەگەڵ پێویستییەکانی بازاڕدا بگونجێنرێت، هەربۆیە پێویستە زانکۆکان لەم بوارەدا زیاتر خۆیان پێش بخەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان