لەماوەی رابردوودا سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر روسیا هەردوو کچەکەی سەرۆکی روسیا ڤلادمیر پوتین-یشی گرتەوە، هەرچەندە تا ئێستا زانیاری ورد و روون نییە دەربارەی خێزانی سەرۆکی روسیا، بەڵام بەڵگەنامە و راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن دوو کچی هەیە گەورەکەیان ناوی ماریا ڤورۆنتسوڤا-یە و تەمەنی 36 ساڵە، بچووکەکەی ناوی کاترینا تیخونۆڤا-یە و تەمەنی 35 ساڵە.
بەپێی رۆژنامەی المرصد بێت پوتین روونیکردۆتەوە لە ژنی پێشووی کە ساڵی 1983 بوونەتە هاوسەری یەکتر ئەو دوو کچەی هەیە، کاتێک کارگوزاری نێو فڕۆکە بووە و ئەو ئەفسەری ئامێری هەواڵگری سۆڤیێت بووە، 30 ساڵ پێکەوە ماونەتەوە و لە ساڵی 2013 بە رێکەوتنی هەردوولا جیابوونەتەوە، وەکو پوتین دەڵێت: هەردووکمان لەسەر تەڵاق رێکەوتین، چونکە بە ئاستەم یەکمان دەدی و هەر یەکەمان ژیان خۆی دەژیا.
کچە گەورەکەی پوتین ساڵی 1985 لەدایکبووە و زانستی زیندەوەرزانی لە زانکۆی بترسبۆرگ و پزیشکی لە زانکۆی مۆسکۆی حکومی خوێندووە، ئێستاش لە وەزیفەیەکی ئەکادیمیدا کاردەکات لەبواری لووە رژێنەکانی جەستە و بەشداریکردووە لە نووسینی کتێبێک لەبارەی وەستانی گەشەی منداڵ، یەکێکە لە لێکۆڵەرانی ناوەندی لێکۆڵینەوەکان ئەو لووە رژێنەکان لە مۆسکۆ، هەروەها شووی بە بزنسمانێکی هۆڵەندی کردووە، بەڵام جیابوونەتەوە.
کچە بچووکەکەی
کاترینا بەهۆی تواناکانی لە سەماکردندا لەسەر میوزیکی رۆک ئاند رۆڵ ساڵی 2013 لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا خۆی و هاوڕێکەی پلەی پێنجەمیان بەدەستهێنا، هەروەها شووی بە کوڕی هاوڕێیەکی کۆنی پوتین کرد، بەڵام ساڵی 2018 جیابوونەوە، کاترینا تیخونۆڤا لەبوارە ئەکادیمییەکان و بزنسدا کاردەکات، هەرچەندە پوتین لە ساڵی 2017 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسی نەوەکانی دەکات، هەرچەندە ناڵێت ژمارەیان چەندە و هی کام لە کچەکانێتی بەڵام دەڵێت «ئەوەی پەیوەندی بە نەوەکانمەوە هەیە ئەوەیە یەکێکیان ئێستا لە دایەنگەیە، نامەوێت وەکو شازادە شاهانەکان گەورە ببن، دەمەوێت وەکو خەڵکی ئاسایی گەورە بن»
پوتین حەزناکات باسی خێزانەکەی بکات، بەتایبەتی دوو کچەکەی لە یەکێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکاندا دەڵێت «کچەکانم لە روسیا دەژین و دەخوێنن، من شانازییان پێوەدەکەم..هەرگیز لەگەڵ هیچ کەسێک باسی خێزانەکەم ناکەم، چونکە هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە چارەنووسی خۆی هەڵبژێرێت و بە رێزەوە بژی».
سەرچاوە: الامارات الیوم