كەی پێویست بوو گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكاندا دەكرێت

11:03 - 2024-04-16
کوردستان
79 جار خوێندراوەتەوە
بەشداری لە رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی هونەردا، كە لە زانكۆی گەرمیان رێكخرابوو

لەبارەی سەردانەكەیەوە، قوباد تاڵەبانی، رایگەیاندووە:

لە رۆژی دووەمی مانەوەمان لە گەرمیانی ئازیز، پڕۆژەی جادەی كەلار-دەربەندیخانم بەسەركردەوە. رێوشوێنی پێویست گیرایەبەر تا كۆمپانیای جێبەجێكار پەلەبكات لە جێبەجێكردنی قۆناغەكانی دیكەی ئەم پڕۆژەیە.
هەروەها بەدواداچوونم بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی سایدی دووەمی شەقامی حەولی (60 مەتری) كەلار كرد. جەختمانكردەوە لەسەر زوو جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و بۆ ئەمەش رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر.
لە كۆبوونەوەشم لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئیدارەی گەرمیان، داوامكرد كارئاسانی تەواو بۆ جێبەجێكردنی داواكاریی هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران بكەن و رۆتین لە دامودەزگاكاندا كەمبكەنەوە. هەر كاتێكیش پێویست بكات لەپێناوی باشتر راپەڕاندنی كاروباری هاووڵاتیاندا، گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكانی سنوورەكەدا دەكرێت. لایەنە پەیوەندیدارەكانیشمان راسپارد پلانێكی تۆكمە بۆ پەرەپێدانی كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری لە گەرمیان ئامادەبكەن، كە لەگەڵ ژینگە و تواناكانی سنوورەكەدا بگونجێت.

 

 

قوباد تاڵەبانی، دووپاتیدەكاتەوە كە «پێویستە و دەبێت رێوشوێنی گونجاو بگیرێتەبەر لە ئاسانكاری تەواو بۆ جێبەجێكردنی كاروبارەكان و خزمەتكردنی باشتری هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی».
دوێنێ، لە دووەم رۆژی سەردانەكەیدا بۆ گەرمیان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لەگەڵ جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سنوورەكە كۆبووەوە و بەرپرسانی ئیدارەی سنوورەكەی راسپاد رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ئاسانكاری زیاتر لە جێبەجێكردنی كاروباری هاووڵاتیان و خزمەتكردنی باشتری دانیشتووانی دەڤەری گەرمیان، لەو پێناوەشدا هەر كاتێك بە پێویستی بزانن گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكانی سنوورەكەدا دەكەن.
جێگری سەرۆك وەزیران، راشیگەیاند: لەپێناوی بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و هاندانی زیاتری وەبەرهێنەران، دەبێت لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەرمیان ئاسانكاری تەواو بۆ وەبەرهێنەران بكرێت و رۆتین كەمبكرێتەوە و پێویستیشە هانی وەبەرهێنەران بدرێت تەنانەت لە ناوچەكانی دیكەشەوە رووبكەنە ئیدارەی گەرمیان و بەشداربن لە بووژانەوەی ئابووریی سنوورەكەدا، هەر لەو روانگەیەشەوە، بەرپرسانی ئیدارەی سنوورەكەی راسپارد پلانێكی گونجاو بۆ پەرەپێدانی كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری ئامادەبكەن، كە لەگەڵ ژینگە و تواناكانی سنوورەكەدا بگونجێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، پاش گوێگرتن لە داواكاری و كێشە و گرفتەكان، قوباد تاڵەبانی، بڕیاریدا بە چارەسەركردنی بەشێك لە داواكارییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئیدارەی گەرمیان.

بەسەركردنەوەی پڕۆژەی قیرتاوكردنی رێگەی كەلار-دەربەندیخان
جێگری سەرۆك وەزیران لە بەسەركردنەوەی پڕۆژەی قیرتاوكردنی رێگەی كەلار-دەربەندیخاندا، داوای لە كۆمپانیای جێبەجێكار كرد كە پەلەبكەن لە جێبەجێكردنی قۆناغەكانی تری پڕۆژەكەدا.

ئاگاداربوون لە كێشە و داواكارییەكانی خەڵك
هەر سەبارەت بە سەردانەكە، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سەردانەكە، گرنگی تایبەتی هەیە لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئیدارەكەدا و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر، كە لە دیدار و كۆبوونەوەكانیدا گفتوگۆیان لەسەر كرا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە.

 

 

 

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان