کورتە چیرۆک

ژنەكە تەنیا یەكجار هەوڵیدا شتێك لە ژیانیدا بگۆڕێت

09:31 - 2024-04-25
ئەدەب و هونەر
148 جار خوێندراوەتەوە

ژاڵە حسن



چیرۆكی ژنێكتان بۆ دەگێڕمەوە، ژنێكی تەنیای پیرەڵۆك لە خانوویەكی كۆندا، لە یەكێك لە گەڕەكە هەرە كۆن و لاچەپەكانی ئەم شارە. ئەو ژنە لە رابردووی خۆی هیچی بیرناكەوێتەوە، هەر هیچ! رۆژانێكی دوورودرێژە شتێك بۆ باسكردن بشێت، لە ژیانی ژنەكەدا رووی نەداوە. دروستتر ئەمڕۆی وەك دوێنێ، دوێنێی وەك پێرێ، پێرێشی وەكو پەسرپێرێ... ئەمە هەر بەوجۆرە بوو. 
ژنە هیچی نەبوو تا لەوانی دیكەی بشارێتەوە. رۆژی چەند سەعات لەبەردەرگا دادەنیشت، دواتر تا ئەو سەری كۆڵان، بۆ لای بەقاڵەكە دەچوو، دەگەڕایەوە. تەنانەت بە باران بارینیش ئەمە نەدەگۆڕا، تەنیا قۆڵی كورسییەكەی دەگرت و دەیگواستەوە هەیوانەكە.  
بەیانییەكی هەتاویی یەكێك لەرۆژە ساف و گەشەكانی مانگی گوڵان، ژنەكە لەنێو ژوورە بچووكەكەیدا، لەسەر تەختەخەوەكەی خەبەری بووەوە. ژوورەكەی هەر هەمان ژووربوو، تەلەڤزیۆنێك لەسەر مێزێكی بچكۆلە دانرابوو. بەرامبەر تەلەڤزیۆنەكەیش، تەختە خەوێكی ئاسنینی پێچكەدار، بەدۆشەكەڵە و سەرینێكی خڕی پڕ لە سوفەوە. تەنكە چەرچەفێك، بۆ رۆژانی گەرما و هاوین، لێفەیەكی شینكاڵی بە دەست چنراویش بۆ شەوانی كزە و سەرما، لەگەڵ فەرشێكی گوڵدار كە نیوەی ئەرزی ژوورەكەی داپۆشیوە. بیریشمان نەچێت، پەنجەرەیەكی چوارچێوە ئاسنی ژنگرتوو، كە دەڕوانێت بەسەر بەشی پێشەوەی خانووەكە و ناو حەوشە فراوانەكەدا.

 

ژنە لەسەر تەختەخەوەكەی و لە ژێر چەرچەفێكی تەنكدا، هێشتا سەنگ و شكۆی خۆی هەبوو، وەك بڵێی خەوتبێت! بەڵام نەخەوتبوو

پیرێژن، هەردوو قاچی لەتەختەخەوەكە شۆڕكردەوە، هەستا بەرەو پەنجەرەكە رۆیشت. منداڵەكان دووگۆڵییان دەكرد: «ئەولاتر رۆڵە! شوێن نەما بەردەرگاكەی من نەبێ.» 
لەو دوورەوە كەس دەنگە كز و قرخنەكەی پیرێژنی نەبیست. پشتی كردە پەنجەرەكە و چووە دەرەوە. بەو لەشولار و هەیبەتەوە، كەس پیرێژنی نەبینی لەچەقی دەرگای حەوشەدا وەستابوو. لە دەمی یاریكردندا، دوومنداڵ كەمێك وەستان و لێیان روانی، هەر ئاواش دەستیان كردەوە بەیاریكردن. لەوبەرەوە دوو ژن وەستابوون، قسەیان دەكرد، دەستیان بۆ هەڵبڕی و سڵاویان كرد. پیرێژن وەڵامی نەدانەوە، رووی وەرگێڕا و دەرگای حەوشەی داخست. دوو ژنەكە هەستیان بەوە نەكرد، كەوتنەوە قسەكردن...   
ژنە بەنێو ماڵەكەدا دەگەڕا. لەپڕ وەستا و بیری كردەوە «دەبێت بگۆڕێت،جۆرێكی تری لێ بێت.» وای گوت و چووە بەردەم پەنجەرەكە. لە دەرەوە رۆژێكی گەشبوو. منداڵەكان یارییان دەكرد و دەنگی پێكەنین دەگەیشتە ئەو. جیهان لەسەر سكەی خۆی دەڕۆییشت.
پیرێژن داچەمییەوە و تەلەڤزیۆنەكەی خستە باوەشیەوە. بایی ئەوەندە قورس نەبوو بۆی هەڵنەگیرێت، قیسارەی عێراقی ساڵانی حەفتاكان بوو. بەلۆژەلۆژ و كۆمەكۆم لە پێپلیكانەكان سەری خست. نووشتایەوە و تەلەڤزیۆنەكەی دانا. دەرگای گەنجینەكە پێوەدرابوو، بەپاڵپێوەنانێك كەوتە سەرپشت. ژوورەكە پڕ لە كەلوپەلی كۆنینە و تۆزلێنیشتووی یادگاری ساڵانی زووبوو، كەنتۆرێكی بەتاڵی جلوبەرگ، لەوجۆرەی كاتی خۆی زۆرباوبوو. جووتێك پووتی كاڵەوەبوو، مەسینە و تەشتی مسی دەستشتن، سۆپای عەلادینی بن زەرد، لۆكسی ستیل، سندووقی بوڕاقی ساڵانی شەست. چەند رۆژنامەیەكی كۆن لەسەر ئەرزەكە پەرش بوون و چین چین تۆزیان لەسەر نیشتبوو. بەڵام ژنە هیچی بیرنەدەهاتەوە. هەرهیچ! داچەمیەوە و تەلەفزیۆنەكەی هەڵگرت، بەكوڕەكوڕ بەرەو سندووقە بوڕاقییەكە بردی و لەسەری داینا. رۆژنامەكانی هەڵگرتنەوە و خستنیە بن باخەڵ و چۆن هات، ئاواش دەرگای ژوورەكەی داخستەوە  و گەڕایەوە خوارەوە.  
هەردوو دەرگا سەرەكییەكە، دەرگای حەوشە و دەرگای تاقە ژوورەكەی كە جێگەی هەمیشەیی بوو بە دیوی ژوورەوەدا قفڵ كرد. پەنجەرەكەشی بە رۆژنامە داپۆشی كە ئیتر دەزوولە تیشكێكیش دزە نەكاتە ژوورەوە. لە درزی باریكی نێوان رۆژنامەكانەوە، چاوێكی لەدەرەوە كرد، منداڵەكان هێشتا یارییان دەكرد. عەرەبانەی میوەفرۆشییەكەیش، لە سووچی كۆڵانەكە وەستابوو. سێ ژنی بینی، بەدەوری عەرەبانەكەوە وەستابوون. لچێكی لێ هەڵقورتاندن و لەبەرخۆیەوە گوتی :( ئیتر میوە رزیوەكانت بۆخۆت هەڵگرە.) ئینجا ئەو درزەشی كونبڕ كرد و لەناوەڕاستی ژوورەكەدا وەستا. چاوێكی بەپەنجەرە و نێو ژوورەكەدا گێڕا. چۆنی دەویست ئاوابوو. دەستەكانی راوەشاند و بزەیەك كەوتە سەر لێوی.
٭٭٭ 

كەس ژنەكەی نەبینیەوە. نە لەبەردەرگا، نە لەكۆڵان و پشت پەنجەرە. ئەو ژنەی تەنیا یەكجار هەوڵیدا شتێك لە ژیانیدا بگۆڕێت و ئیدی كەس نەیبینیەوە! دووهەفتە دواتر، بۆگەنی بەكۆڵاندا بڵاوبووەوە. دراوسێكان هاتن، ژنە لەسەر تەختەخەوەكەی و لەژێر چەرچەفێكی تەنكدا، هێشتا سەنگ و شكۆی خۆی هەبوو، وەك بڵێی خەوتبێت! بەڵام نەخەوتبوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان