خەڵاتەكانی لۆریۆس دابەشدەكرێن

12:28 - 2024-04-16
وەرزش
57 جار خوێندراوەتەوە

لۆریۆس خەڵاتێكی ساڵانەیە بەوەرزشكاران دەدرێت، بۆ ئەم خەڵاتە باشترین وەرزشكار لە نێو سەرجەم وەرزشە جۆراو جۆرەكاندا دیاریی دەكرێت كە ئەو وەرزشكارنە دەگرێتەوە لەماوەی ساڵێكدا باشترین ئەنجامیان لەسەر ئاستی تاك و تیپ بەدەستهێناوە.
ئەمساڵ ئەم خەڵاتانە رۆژی دووشەممە 22/4/2024 لە مەراسیمێكی تایبەتدا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دابەشدەكرێن، خەڵاتەكانیش ئەكادیمیای وەرزشیی لۆریۆس دەیبەخشێت، لەساڵی 1999 –ەوە ئەم خەڵاتانە لەسەردەستی هەریەكە لە دایملەر و ریچمۆنت بڕیاری لەسەر دراوەوە و یەكەم مەراسیمیشیان ساڵی 2000 رێكخست و خەڵاتەكانیان دابەشكرد.

خەڵاتەكانیش بەمشێوەیەن:

*وەرزشكاری ساڵ.
*خانمە وەرزشكاری ساڵ.
*تیپی ساڵ.
*كەسایەتی ساڵی نوێ.
*كەسایەتی سەرلەنوێ گەڕاوەی ساڵ.
*دیارترین دەستكەوتی وەرزشی.
*باشترین وەرزشكاری خاوەن پێداویستی تایبەت.
براوەی خەڵاتەكانیش لە لایەن لیژنەیەكی 71 كەسییەوە دیاریی دەكرێن كە پێكدێن لە ئەندامانی ئەكادیمیای لۆریۆس و و چەندین پسپۆڕ و چەندین رۆژنامەنووسی جیهانی.
پاڵێوراوەكان
بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترینەكانی ئەمساڵ ناوی زۆر وەرزشكاری جیهانی و تیپ هاتووە، كە هەریەكەیان لە یەكێك لە بوارەكاندا پاڵێوراون ببنە باشترین وەرزشكاری ساڵ.
بۆ خەڵاتی وەرزشكاری ساڵ لیۆنێل مێسی-ئەرجەنتین و كلیان مباپێ-فەرەنسا لە تۆپی پیدا و ماكس فریستاپین-فۆرمۆلا وەنی هۆڵەندی و مۆندۆ دۆبلانتس پاڵەوانی خۆ هەڵدان بە زانەی سویدی و و ستیڤن كیری یاریزانی باسكەی ئەمریكی، نۆڤاك جۆكۆڤیچی سربی یاریزانی تێنسی سەرزەوی و ئێرلینگ هاڵاندنی نەرویجی یاریزانی یانەی مان سیتی ونواه لیلیسی ئەمریکی یاریزانی  گۆڕەپامو مەیدان لەنێو  پاڵێوراوەكانی ئەم خەڵاتەدان.
بۆ خانمانیش كاتی لیدیكی مەلەوانی ئەمریكا و سیدنی لڤرۆن و شیلی ئان فرایزەر كە هەردووكیان ئەمریكین لە یارییەكانی گۆڕەپان مەیدان و ئەلیكسیا پۆتییاس ئیسپانی و یاریزانی یانەی بارسیلۆناو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئیگا شیڤیۆنتیکی پۆڵەندی یاریزانی تێنسی سەرزەوی پاڵێوراون بۆ بردنەوەی خەڵاتەكە.
سەبارەت بەلیستی كۆتایی باشترین تیپەكانیش، ئەم تیپانە لە لیستی كۆتاییدان:
*هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پاڵەوانی مۆندیالی  2022 -قەتەر.
*هەڵبژاردەی كچانی ئینگلتەرا.
*هەڵبژاردەی كچانی ئیسپانیا.
*هەڵبژاردەی رەكبی فەرەنسا.
*تیپی گۆڵدن ستەیت وریەرسی ئەمریكا.
*تیپی رێدبۆڵی فۆرمۆلا وەن.
*یانەی ریاڵ مەدرید.
سەبارەت باشترین دەستكەوتە وەرزشییەكانیش هەڵبژاردەی مەغریب لە مۆندیالی قەتەردا، كارلۆس ئەلكارازی یاریزانی تێنسی سەرزەوی ئیسپانی پاڵەوانی گراند سلامی ئەمریكای كراوە، ئیلینا رایباكینای خانمە یاریزانی تێنسی سەرزەوی كازاخستانی پاڵەوانی ویمبڵدۆن و ناسان چین پاڵەوانی خلیسكانی سەر سەهۆڵ لە ئۆڵۆمپیادی 2022 و سكۆتی شیڤلەر پاڵەوانی ماستەرزی گۆڵف و تۆبی ئامۆسانی پاڵەوانی جیهانی راكردنی 110 مەتر بەربەست كە خاوەنی ریكۆردی جیهانیشە لە لیستی كۆتایی پاڵێوراوەكاندان.
بۆ وەرزشكارانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش دیارترین پاڵێوراوەكان ئەمانەی خوارەوەن:
*دیدیە دی گرۆت-هۆڵەندا، كچە یاریزانی تێنسی سەرزەوی.
*كاترین دیبانەر-سویسرا، كچە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان.
*ئۆكسانا ماستەرز-نیوزیلەندا، كچە پاڵەوانی تەجدیف.
*كامیرۆن لیزلی-نیوزیلەندا، پاڵەوانی مەلە.
 دیار پاڵێوراوەكانی خەڵاتەكانی تریش دیاریی كراون، بەڵام ئەمانە دیارترین پاڵێوراوەكانن، وادەی دابەشكردنی خەڵاتەكان و مەراسیمەكەشی رۆژی 22/4/2024 لە مەدرید دەبێت.

 

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان