ئیبراهیم بەحرلعلوم بۆ كوردستانی نوێ‌:

دەكرێت عیراق سیاسەتێكی بێلایەنانە لە ناوچەكەدا پیادە بكات

09:47 - 2024-04-17
دیدار
59 جار خوێندراوەتەوە
ئیبراهیم بەحرلعلوم، سیاسەتمەدار و وەزیری پێشووتری نەوتی عیراق

دیداری: ئیدریس جەبار

ئیبراهیم بەحرلعلوم، سیاسەتمەدار و وەزیری پێشووتری نەوتی عیراق، لە دیدارێكی تایبەتی كوردستانی نوێ لەگەڵیدا، باسی لە چەندین لایەنی پەیوەست بە ئابووری عیراق كرد، جەختی لەوەشكردەوە، پێویستە لە سایەی تەنگژەكانی ئێستای ناوچەكە، عیراق سیاسەتێكی بێلایەنانە و هاوسەنگ پیادە بكات و خۆی لە تەرەفگیریی بپارێزێت و سەربەخۆ بێت، لە بارەی رەوشی ئێستای ئابووری وڵات و سیاسەتی ئابووری حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانیش،  ئاماژەی بەو سیاسەتە دروستانەكرد كە لەئێستادا دەگیرێنەبەر و «دەبنە مایەی بووژاندنەوە و گەشەسەندنی ئابووری عیراق». 
رۆڵی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی  خۆی بگێڕێت
* لە سایەی ئەم تەنگژانەی لەئێستادا لە ناوچەكەدا هەن، عیراق چۆن دەتوانێت سیاسەتێكی بێلایەن و هاوسەنگ پیادە بكات و خۆی لە تەرەفگیریی بپارێزێت و پارێزگاریی لە سەربەخۆیی سیاسەتەكانی بكات؟ 
- دەكرێت عیراق لەئێستادا بناغەیەك بۆ سیاسەتێكی بێلایەنانە دابڕێژێت و رۆڵی ئیقلیمی و نێودەوڵی خۆی بگێڕێت، ئەم سیاسەتە هاوسەنگە دەكرێت عیراق لەڕووی سیاسیی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە سەقامگیر بكات، بە پێچەوانەوە كەلێن لە پرۆسەی هاوسەنگیدا دروست دەبێت و دەچێتە خانە و بەرەی لایەنێك لەدژی لایەنەكەی تر،  بەهێزی عیراق لە هاوسەنگییەكەیدایە، بەهێزی عیراق و سیاسەتەكانی ئایندەی، خۆی لە تواناكانیدا دەبینێتەوە لەڕووی راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان. 
بۆیە هەر ئایندەیەكی سیاسی پشت بە تواناكانی دەسەڵاتەكانی راپەڕاندن و یاسادانان دەبەستێت لەڕووی داڕشتنی ئەو سیاسەتە، بەڵێ‌ ئاڵەنگارییەكی زۆر هەیە لە سایەی ئەم میحوەرانەی هەن، بەڵێ‌ ئاڵەنگاریی زۆر هەیە لەڕووی هێنانەدی سیاسەتێكی هاوسەنگ، بەڵام دەبێت هەر حكومەتێك ئەوەبزانێت كە بەرژەوەندییەكی بنەڕەتی لە خوڵقاندنی ئەو هاوسەنگییەدا هەیە، لەپێناو سەقامگیریی عیراق. 
روونیشیكردەوە كە «پیادەنەكردنی سیاسەتێكی دەرەكی هاوسەنگ لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا، بووە مایەی خراپكردنی رەوشی ژیانی گەل و ناسەقامگیریی وڵات». 

 

 ناكرێت قسە لەسەر ئەلتەرناتیڤی نەوت بكرێت، چونكە عیراق وڵاتێكی نەوتییە

 

تائێستا حكومەت هەر پشت بە نەوت دەبەستێت
* سیاسەتی ئابووری ئێستای حكومەتی عیراق، روو لەوەیە وڵات بەرەو گەشەكردن ببات، یان سیاسەتێكە ئابووری بەرەو پوكانەوە و پاشەكشەكردن دەبات، سیاسەتی ئابووری ئێستای حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ 
- گومانی تێدا نییە، هەنگاوی ئەرێنی لەلایەن حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانییەوە هەڵنراوە، وەك هەوڵێك بۆ بەهێزكردن و گەشەپێدانی ئابووری، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا تائێستا حكومەت لەڕووی ئابوورییەوە هەر پشت بە نەوت دەبەستێت و سیاسەتی «ریعی» (ئەو ئابوورییەی تەنیا پشت بە یەك سەرچاوە دەبەستێت بۆ داهات) پیادە دەكات، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ئایندەی رەوشی ئابووری وڵات دەبێت، ئەوەی لەئێستادا پێویستە، هەمەڕەنگكردنی ئابووریی عیراق و فراوانكردنی رووبەری بەشداریكردنی كۆمەڵگەیە بەتایبەت  كەرتی تایبەت، ئەم كەرتە ئابوورییە تایبەتە دەكرێت ببێتە هاوبەشی كەرتی گشتی، هەر ئەمەیە هیوای بۆ دەخوازین تا لێوەی ئابووری وڵات روو لە بووژانەوەی و گەشەكردن بكات، بەپێچەوانەوە عیراق رووبەڕووی كێشەی توند دەبێتەوە، لە سایەی پشتبەستنی بە تاكە سەرچاوەی داهات كە نەوتە. 
وتیشی: راستە عیراق پێویستی بە فرۆشتنی نەوت هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێویستی بە كشتوكاڵ و پیشەسازی و خزمەتگوزاریی هەیە،  پرۆژەی باشیش بەدی دەكرێت كە لەلایەن حكومەتەكەی سودانیەوە جێبەجێ‌ دەكرێن، لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی كە باری سەر شانی ئابووری عیراقیان قورس كردووە. 
دوپاتیشیكردەوە و وتی: ئەوەی دەكرێت ببێتە كلیلێكی سیحری، هاندانی كەرتی تایبەت و هاندانی وەبەرهێنانە، بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی بێكاریی لە عیراق. 

 

 

پیادەنەكردنی سیاسەتێكی دەرەكی هاوسەنگ لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا، بووە مایەی خراپكردنی رەوشی ژیانی گەل و ناسەقامگیریی وڵات

 

 

عیراق ئاڵەنگارییەكی گەورەی لەبەردەمدایە
* رێگەی گەشەپێدان دەكرێت ببێتە سەرچاوەیەكی بەهێزی داهات بۆ ئابووری وڵات و جێگەی نەوت بگرێتەوە، یان بەشێوازێكی تر دەكرێت لەگەڵ نەوتدا وەك سەرچاوەیەكی گەورەی داهات ئابووری وڵات بەهێز بكات. 
- ئەوەی دەكرێت لێوەی ئابووری عیراق هەمەڕەنگ بكات، رێگەی گەشەپێدانە، ئەڵقەی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی عیراق ببێتە رێڕەوێكی گرنگ و سەرەكی بۆ هێڵی شەمەندۆفێر و رێگەی وشكانی، بەڵام عیراق ئاڵەنگارییەكی گەورەی لەبەردەمدایە، ئەویش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە چۆن دەتوانێت لەگەڵ هێڵی ئاسنین و رێگەی وشكانی، ببێتە رێڕەوێك بۆ گەیاندن و گواستنەوەی غازی سروشتی لە كەنداوەوە بۆ ئەوروپا لەڕێی توركیاوە. 
رێگەی گەشەپێدانیش ئەلتەرناتیڤێكی سەرەكییە
* رێگەی گەشەپێدان دەكرێت وەك نەوت ببێتە كۆڵەكەیەكی ئابووری و لێوەی وڵات كەمتر پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت؟ 
- ناكرێت قسە لەسەر ئەلتەرناتیڤی نەوت بكرێت، چونكە عیراق وڵاتێكی نەوتییە، پێویستە نەوت وەك هێزێكی بنەڕەتی پشتی پێببەسترێت، بەڵام دەكرێت پشت بەزۆرێك لە ئەلتەرناتیڤەكانی تر ببەسترێت، رێگەی گەشەپێدانیش ئەلتەرناتیڤێكی سەرەكییە، هاوشان لەگەڵ ئەوەشدا عیراق لە «رێگەی گەشەپێدان»ەوە دەكرێت ببێتە لانكەی هەناردەكردنی غازی سروشتی بەدانانی هێڵە بۆرییەكی هاوتەریبی رێگەی گەشەپێدان، بۆ گواستنەوەی غازی سروشتی. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان