راگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

05:16 - 2024-04-18
کوردستان
424 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی هەڤاڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبۆوە و تەئکیدی  لەسەر تەواوکردنی ئامادەکاری یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی کوردستان لە وادەی خۆی لە رۆژی 10ی 6ی 2024 کردەوە.

سەرەتای کۆبوونەوەکە کە ئەمڕۆ 2024/4/18 لە هۆڵی کۆبوونەوەکان لە سلێمانی بەرێوەچوو، سەرۆکی یەکێتی دوا پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی کوردستان، عیراقی روونکردەوە و هەڵوەستەی لەسەر پێگەی روو لە گەشەکردووی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق و ناوچەکە کرد و رایگەیاند، ئەمە بەرئەنجامی یەک گوتاری و یەک دەستی سەرکردایەتی و راست و دروستی سیاسەتەکانی یەکێتییە کە بۆتە جێی ئومێدی میللەتەکەمان و پشتیوانی دۆستانی ئەزموونەکەمان. 

کۆبوونەوە گفتوگۆی هەمەلایەنە و تێروتەسەلی لەسەر ئامادەکارییەکانی مەکتەبی هەڵبژاردن  و کاری  لیژنەکان کرد. هەروەک هەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ بەرنامە و گوتاری سیاسی یەکێتی لە کەمپینی هەڵبژاردن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێم کرد.

هەڤاڵانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە تێروتەسەلی بیروڕای خۆیان خستەڕوو  کە گەشەکردنی ئەزموونی نیشتمانیمان، پاراستن و بەهێزکردنی  قەوارەی هەرێمی کوردستان، دابینکردنی ژیان و گوزەرانی باشتر بۆ هاووڵاتیان تەنها لە رێی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەوادەی خۆیدا  دێتەدی کە پەرلەمانێکی بەهێز و حکومەتێکی پتەو و خزمەتگوزار بێنێتە کایەوە، ئەوەش بۆ راستگۆیی بزووتنەوەی سیاسی و داهاتووی گەلەکەشمان گرنگە. بەتایبەتی کە هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێکە تا ئاڵوگۆڕی دیموکراتیانە لە دەسەڵات و نوێبوونەوەی پڕۆسەی سیاسی بکرێت و  لە چوارچێوەی پڕۆسەی سیاسی عیراقیشدا بەسەربەرزیی و یەکڕیزییەوە پێداگری لەسەر ئیستحقاقە دەستووری و یاسایی و نەتەوەییەکانی خۆمان بکەین.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان