پیسیی ئاوی خواردنەوەی خانەقین هەڕەشەیە بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتیان

10:09 - 2025-05-27
ڕاپۆرت
117 جار خوێندراوەتەوە
گرفتی پیسیی ئاوی خواردنەوەی خانەقین نزیکەی چارەکە سەدەیەکە بەردەوامە

راپۆرتی/ ئارۆ سامان 

هاووڵاتیانی خانەقین، ئەو ئاوەی رۆژانە لە پرۆژەکانەوە پێیان دەگات بە رێکارە زانستییەکانی پاڵاوتندا تێپەڕ نابێت، ئەوەش وادەکات ئاوەکە پیس بێت و بە کەڵکی خواردنەوە نەیەت، هەروەها مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بە تایبەت سکچوون و رشانەوە زیاتر دەکات.
دانیشتووانی شارەکە نیگەرانن و داوای چارەسەر لە لایەنی بەرپرس لە هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند دەکەن.
عەباس ئەحمەد هاووڵاتییەكی دانیشتووی خانەقینە بۆ کوردستانی نوێ وتی: بە روونی هەست بە خراپیی تام و رەنگی ئەو ئاوە دەکەین کە پێمان دەگات و دەزانین چەند مەترسییە بۆ سەر ژیانمان، لەبەرئەوە ناچارین بۆ خواردنەوە پەنا بۆ كڕینی ئاوی كانزایی بەرین، ئەمەش لە توانای دارایی هەموو ماڵێكدا نییە. 
وتیشی: رۆژانە هاووڵاتیان تەندروستییان تێکدەچێت بەهۆی پیسیی ئاوی خواردنەوەوە، منداڵەكانمان تووشی سكچوون و رشانەوە دەبن، هەمووان بە ئاشكرا هەست بەم مەترسییە دەكەین.

تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ بە ئاوی خواردنەوە
خانەقین بەنداوێکی تێدایە و پرۆژەی ئاوی باوەجۆی لە کەلارەوە بۆ راکێشراوە، ئاوی پرۆژەکە پێش گەیشتنی بە هاووڵاتیان پێویستی بە پاڵاوتن و پاککردنەوەیە، بەڵام ناپاڵێورێت.
تەها نەجم چالاكوانی بواری مەدەنی لە خانەقین، بۆ کوردستانی نوێ وتی: پیسیی ئاوی خواردنەوەی خانەقین پەیوەندیی بە بێ پلانیی حكومەتەوە هەیە، خانەقین شارێكی پڕ داهات و گرنگی پارێزگای دیالەیە، ئیدارەی دیالە نایەوێت خزمەتی ئەم شارە بكات، دژایەتی شارەکە دەكەن و دەیانەوێت هاووڵاتیان زۆرترین كێشە و گرفتیان هەبێت.
وتیشی: بە ئاشكرا ئاوەڕۆ دەڕژێتە ناو ئاوی خواردنەوەی ماڵانەوە و وەک خۆی دابەش دەكرێت، چارەسەرنەبوونی گرفتەکانی دانیشتووانی شارەکە بەشێكی سیاسییە و بەشێكیشی پەیوەندیی بە گەندەڵیی ئیداری و بەش بەشەكییەوە هەیە لەلایەن بەرپرسانەوە.

کۆنیی پرۆژەی ئاوەکە
دانیشتووانی شارەکە بۆ ئاوی خواردنەوە پشت بە پڕۆژەی ئاوی خانەقین دەبەستن، ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی 1968دا دروستكراوە كاتێك ژمارەی دانیشتووانی قەزاكە شەش هەزار كەس بووە، بەڵام ئێستا رۆژ بە رۆژ ژمارەی دانیشتووان لە زیادبووندایە.
جواد فەیزوڵڵا قایمقامی قەزای خانەقین بە كوردستانی نوێی راگەیاند: راستە ئاوی خواردنەوەی قەزاكە كێشەیەكی گەورەیە و مەترسییە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان، لەبەرئەوەی بەبێ فلتەر دەگاتە ماڵان، واتە ئەو ئاوەی رۆژانە دەدرێتە ماڵان بە پرۆسە زانستییەكانی پاڵاوتن و فلتەرە سەرەكییەكانی پاككردنەوەی ئاودا تێناپەڕێت.
وتیشی: كۆنترین پڕۆژەی ئاومان هەیە و ئەوکاتەی دروستکراوە بۆ ژمارەیەکی دیارکراوی هاووڵاتی بووە، بەڵام ئێستا دۆخەكە جیاوازە و شارەكە نزیكەی 200 هەزار هاووڵاتی تێدا دەژی، بەردەوام ژمارەکە زیاتر دەکات و شارەکە فراوانتر دەبێت.

 

ئاوی خواردنەوەی خانەقین كێشەیەكی گەورەیە و مەترسییە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان، لەبەرئەوەی ئەو ئاوەی رۆژانە دەدرێتە ماڵان بە پرۆسە زانستییەكانی پاڵاوتن و فلتەرە سەرەكییەكانی پاككردنەوەی ئاودا تێناپەڕێت

 

کڕینی ئاوی خواردنەوە
دانیشتووانی خانەقین هاوشێوەی هەر پێداویستییەکی دیکەی رۆژانە، ئاوی خواردنەوە دەکڕن ئەوەش بارگرانی بۆ دروست کردوون.
شیلان محەمەد دانیشتوویەکی خانەقینە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئەو ئاوەی لە پرۆژەکەوە دەگاتە ماڵەکانمان بۆنی دێت و پیسە، لەبەرئەوە بۆ خواردنەوە بەکاری ناهێنین و ئاو دەکڕین، ئەوەش دۆخی ژیانمانی قورس کردووە و نازانین فریای کڕینی کامە پێداویستیی بکەوین.
گرفتی پیسیی ئاوی خواردنەوەی خانەقین نزیکەی چارەکە سەدەیەکە بەردەوامە و تائێستا چارەسەر نەکراوە، نزیکەی نیوەی دانیشتووانی شارەکە لە باوەجۆوە ئاوی خواردنەوەیان پێدەگات، ئەو جۆگەیەش کە ئاوی سیروان دەگوازێتەوە بۆ خانەقین ژمارەیەک گوندی لەسەرە و بەردەوام پێویستی بە پاککردنەوە و پاڵاوتنە.

پێشکەشکردنی پرۆژەی نوێ
جواد فەیزوڵڵا قایمقامی قەزای خانەقین دەڵێت: سەرەتای ئەمساڵ پڕۆژەیەکی ئاومان پێشكەش بە وەزارەت و پارێزگای دیالە كردووە، پڕۆژەیەكی گەورەیە، سەرەڕای ئەوەی چەند پڕۆژەیەكی بچووكی ئاو لە چەند گەڕەكێكی شارەكەدا دروستكراوە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتیی شارەكە كێشەی كەم ئاوی و پاكوخاوێنی ئاوی خواردنەوەی هەیە.
وتیشی: ئەگەر ئەو پڕۆژەیەی پێشكەشمان كردووە جێبەجێ بكرێت، ئەوە چیتر كێشەی ئاوی خواردنەوە لە خانەقیندا نامێنێت، لەبەرئەوەی پرۆژەیەکی گەورە و مۆدێرنە و زەویشمان بۆ دابینكردووە، بەڵام هێشتا لە وەزارەتە و رێکارەکانی رۆتیناتی تەواو نەبووە.
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، زیاتر لە 50 بیری ئیرتیوازی لەلایەن ئاوی دەوروبەری گەرمیانەوە لێدراوە، بەڵام گرفتی ئاوی خانەقین چارەسەر نەکراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە شارەکە دوو فەرمانگەی ئاوی سەر بە دیالە و ئیدارەی گەرمیانی تێدایە.

بەدواداچوونی پەرلەمانتارێک
سوزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی پیسیی ئاوی خواردنەوە لە خانەقین بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ماوەی دوو ساڵە بەرنامەی پڕۆژەیەكی گرنگ و فراوانی ئاوی خواردنەوەی خانەقینمان داوەتە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان و ئەنجومەنی وەزیران، وەزیریش رەزامەندی لەسەر داوە و بودجەكەی 115 ملیار دینارە، کە بە جێبەجێکردنی  تەواوی ئاوی خواردنەوەی شارەكە دابین دەكات.
وتیشی: ئێستا پڕۆژەكە لە ئیدارەی پارێزگای دیالەیە و بەدواداچوونی وردی بۆ دەكەم، لەبەرئەوەی هیچ شتێك وەك ئاوی خواردنەوە نییە، سەرچاوەی دروستبوونی چەندین بەڵای گەورەیە بۆ هاووڵاتیان و تەندروستییان دەخاتە مەترسییەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەكە زۆر مۆدێرنە و بە باشترین شێوە ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی شارەکە دابین دەكات، پێش گەیشتنی بە ماڵان بە تەواوی فلتەرە زانستییەکاندا تێدەپەڕێت.
خانەقین شارێکی کوردییە و دەکەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی ئیدارەی گەرمیان، ئەم قەزایە لە چوار ناحیە پێکدێت (خانەقین، مەیدان، بەمۆ، قۆرەتوو) کە خانەقین ناوەندی قەزاکەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان