سلێمانی، سەکۆی کۆکەرەوە...

11:30 - 2024-04-18
کوردستان
437 جار خوێندراوەتەوە

گۆڕینی ململانێ لە عیراق و هەرێمدا، بە ئاراستەی گەڕانەوەی هاوسەنگیی سیاسی، رۆژ بە رۆژ، دەرەنجامەكانی دەردەكەون. ئەگەر (ی.ن.ك) شانی نەخستایەتە ژێر ئەم پڕۆژەیە و مامەڵەیەكی بوێرانەی لەگەڵ پرسی ئینفیرادكردن بە بڕیاری سیاسیی هەرێمەوە نەكردایە، ئەگەر پەیوەندیی ستراتیژیشیی لەگەڵ بەغدادا نەپاراستایە، ئەوا ئێستا هەرێم و دانیشتوانەكەشی كەوتبوونە بەر چەندین سزای سیاسی و ئابڵوقەی ئابوورییەوە، بەتایبەتی لە ئەنجامی تێكچوونی زیاتری پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر و، هەڕەشەی پێشێلكاریی زیاتر لەو دۆز و دۆسێیانەی هەرێمیشدا كە رەهەندی نیشتمانییان هەیە و پێویستییان بە كۆدەنگیی ناوخۆیی هەیە.
یەكێتی بە گۆڕینی ململانێكە، تەنها لاسەنگیی سیاسیی لە هەرێمدا نەهەژاند، بەڵكو بەغداشی ناچاركرد مامەڵەیەكی واقیعییانەتر لەگەڵ هەرێمدا بكات و لەبەر ناكۆكییە سیاسییەكان سزای فەرمانبەرانی هەرێم نەدرێت، بگرە ملكەچی ئەو بڕیارانەش بێت كە لە دادگای فیدراڵییەوە بۆ ئەم كەیسە دەدرێن.
ئەگەر یەكێتی رۆڵی میحوەیی لەم گۆڕانكارییانەدا نەگێڕایە، ئەمڕۆ سلێمانی نەدەبووە سەرزەمینێكی گەرمی دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتی، نەدەبووە قەڵای داكۆكی لە دیموكراسی و بانگەوازكردن بۆ هەڵبژاردن وەكچۆن لە شەش مانگی رەبەقدا گۆڕەپانێكی گەرمی ناڕەزایی میللی بوو لە پرسی بێ مووچەیی و خراپیی گوزەراندا.
لە ئێستاشدا هەر بەغدا لەم رۆڵە تێنەگەیشتووە، بەڵكو هەولێریش دركی بە سەنگی سیاسی و دیپلۆماسیی یەكێتی كردووە، بۆیە چاوەڕوانكراوە كە دیداری سلێمانی-ش لە زانكۆی ئەمریكی-دا، وێستگەیەكی گوزارشت بێت لەناو هاوكێشەی ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە ئێستادا بەشێكیان هاتوونەدی و لە داهاتووشدا هی تر!

 

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #سەروتار

بابەتە پەیوەندیدارەکان