نادادپەروەریی بەرامبەر وانەبێژان دەکرێت

بەپێی بەڵێنەکان بوایە دەبوو ئێستا بەشێکی زۆری وانەبێژان بکرانایە بە هەمیشەیی

09:47 - 2024-04-21
ڕاپۆرت
284 جار خوێندراوەتەوە
خۆبەخشان و وانەبێژان دەنگیان دەگەیەننە وەزیری پەروەردەی عیراق

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

عەلی محەمەد ماوەی 13 ساڵە مامۆستایە، حەوت ساڵی یەکەم مامۆستای خۆبەخش بووە و ماوەی شەش ساڵیشە لە قوتابخانەیەکی دەرەوەی شاری کەرکوک مامۆستای وانەبێژە.
گلەیی لەو پارەیە هەیە کە لەبەرامبەر وانە وتنەوەی وەری دەگرێت کە بڕەکەی بەپێی وانە هەژمار دەکرێت و بۆ هەر وانەیەک سێ هەزار دینارە و دەڵێت، ئەو پارەیەی بۆ وانەبێژی وەری دەگرم بەشی بژێوی تاکەکەسی خۆم ناکات، لە کاتێکدا خێزاندارم و دوو منداڵیشم هەیە، لە هەمانکاتدا قوتابخانەکەم لە دەرەوەی شارە و رۆژانە بۆ هاتوچۆکردن پێویستم بە بڕە پارەیەکی زیاترە، بۆیە پێویستم بە دامەزراندنە تا ئەو خزمەتەی کردوومە بەفیڕۆ نەچێت و بڕی مووچەکەشم زیاد بکات.
مامۆستا عەلی محەمەد دەڵێت، بەداخەوە ئێستا بەشێك لە وانەبێژەكان کە چەند ساڵێکی کەم خزمەتیان هەیە، ژێراوژێر لە بەغداوە مامەڵەی دامەزراندنیان بۆ كراوە لەکاتێکدا دەیانی وەک من هەیە زۆر لەوان لە پێشتر وانەبێژین كەچی گوێ لە سكاڵاكانی ئێمە ناگرن و واستە رۆڵی خۆی دەبینێت لە چەواشەكردنی پڕۆسەی خوێندندا ئەمەش بە نا یەکسانی و نا دادپەروەری پەروەردەیی بەرامبەر مامۆستا و پڕۆسەی خوێندن لە كەركوك هەژمار دەكرێت.

 نزیكەی چوار هەزار مامۆستای خۆبەخش ‌و هەزار و 200 مامۆستای وانەبێژ لە کەرکوک هەیە و لە سەرجەم قوتابخانەکاندا وانە دەڵێنەوە

خۆپیشاندان و ناڕەزایی
چەند رۆژێك لەمەوبەر و پاش سەردانی ئیبراهیم نامس وەزیری پەروەردەی عیراق بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك بە مەبەستی كردنەوەی چەند بینایەكی قوتابخانە لە گەڕەكەكانی رەحیماوا، ئەڵماس و ئەسراومەفقودین لەشارەكە مامۆستایانی خۆبەخش ‌و وانەبێژ لە بەردەم پەروەردەی كەركوك گردبوونەوە و داوای بە هەمیشەیكردنی پیشەكەیان کرد هاوشێوەی مامۆستایانی وانەبێژی پارێزگاكانی تری عیراق.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك كە دەست كوردستانی نوێ كەوتووە، نزیكەی چوار هەزار مامۆستای خۆبەخش ‌و هەزار و 200 مامۆستای وانەبێژ لە کەرکوک هەن و لە سەرجەم قوتابخانەکاندا وانە دەڵێنەوە.
خەندە عەلی ماوەی 10 ساڵە مامۆستای خۆبەخشە لە یەكێك لە قوتابخانەكانی كەركوك و دەڵێت، ئەوەی جێی تێڕامانە پەروەردەی كەركوك بەڵێنەكانی بێسەر و بەرەیەو نەیتوانیوە تائێستا بەڵێنەكانی جێبەجێ بکات و بەپێی توانای مامۆستاكان و خزمەتی ماوەی خۆبەخشییان بیانكاتە وانەبێژ بۆ ئەوەی ئامادەبكرێن بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی، چونكە بەپێی چوارچێوەی بەڵێنەكانیان بوایە دەبوو ئێستا بەشێكی زۆری ئەو مامۆستایانەی وانەبێژن بکرانایە بە هەمیشەیی.

سامان مەجید جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك: وەزیری پەروەردە بەڵێنیدا بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی ئەو مامۆستایانە بكات و بەپێی پێویست ‌و قۆناغی دیاریكراو دابمەزرێنرێن

گەیاندنی داواکارییەکانی مامۆستایان
سامان مەجید جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك لەسەر داواکاری دامەزراندنی ئەو وانەبێژانە رایگەیاند، لەسەر داواكاری پەروەردەی كەركوك وەزیری پەروەردەی عیراق سەردانی كەركوكی كرد و ئێمەش ئامادەكاریمان بۆ داواكارییەكانی ئەو مامۆستایانە كرد كە ژمارەیان زیاتر لە هەزار و 200 مامۆستایە و راستەوخۆ نوێنەرەكانیانمان بردنە لای وەزیری پەروەردە بۆ ئەوەی خۆیان قسە بكەن لەسەر داواكارییەكانیان، دواتریش ئێمە داواكارییەكانیانمان كردە بەرنامەوە و پێشكەشی وەزیریمان كرد.
وتیشی، ئیبراهیم نامس وەزیری پەروەردەی عیراق بەڵێنیدا وەك پارێزگاكانی دیكەی عیراق بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی ئەو مامۆستایانە بكات و بەپێی پێویست ‌و قۆناغی دیاریكراو دابمەزرێنرێن، تاوەکو بتوانن وەك مامۆستای هەمیشەیی كاری پەروەردەیی خۆیان بکەن و وەزیر وتی، ئەو مامۆستایانەی وەک خۆبەخش و وانەبێژ كاریان كردووە، خزمەتیان بە پەروەردەی كەركوك كردووە، بۆیە ئێمەش بەرپرسیارین لە پای ماندوبوون و خزمەتەكانیان دایان بمەزرێنین.

جیاوازی نەکردن لە دامەزراندندا
سامان مەجید جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێك لە داواكارییەکانی خۆپیشاندەران ئەوە بوو لە ماوەی رابردوودا ناوی 12 هەزار مامۆستای خۆبەخش و وانەبێژ لە پێکهاتەی عەرەبی کەرکوک بۆ دامەزراندن  بە هەمیشەیی هاتۆتەوە، لەبەرئەوەی كەركوك بارودۆخێكی تایبەتی هەیە دەبێت بەبێ جیاوازی رەچاوی گشت پێكهاتەكانی شارەكە بكرێت و بەچاوێكی تایبەتەوە سەیری ئەم پارێزگایە بكرێت و جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکاندا نەکرێت.
وتیشی، چەند جارێك سەردانی لایەنی پەیوەندیدارمان لە وەزارەتی پەروەردەی عیراق و پارێزگای كەركوك كردووە بۆ ئەو ناحەقییە و داوای هاوسەنگیمان لەنێوان پێكهاتەكاندا كردووە و رامانگەیاندووە دەبێت دامەزراندن بەپێی رێژەی ژمارەی دانیشتوان بێت، بەڵام بەداخەوە لایەنی پەیوەندیداری پارێزگاكە ئاستەنگ لەبەردەم دامەزراندن و پڕۆسەی خوێندندا دروست دەكەن و ژێراوژێر دەچن لە بەغداوە ژمارەیەک کەس بە خزم خزمێنە دادەمەزرێنن.

 

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان