رۆژنامەگەریی لە كەركوك تایبەتمەندیی خۆی هەیە

فرە نەتەوەیی لە رۆژنامەگەریی شارەکەدا رەنگی داوەتەوە

09:33 - 2024-04-22
ڕاپۆرت
90 جار خوێندراوەتەوە
#کەرکوک هێمای پێکەوەژیان و فرەچەشنی

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

هەموو ساڵێك لە 22ی نیساندا یادی رۆژنامەگەریی كوردییە، لە ناوەندە ئەکادیمی و رۆژنامەوانییەکاندا گەلێك لێكۆڵینەوە و بابەت دەربارەی رۆژنامەی كوردستان یەکەم رۆژنامەی کوردی و رۆژنامە و گۆڤارەكانی ئێستای كوردستان بڵاودەكرێتەوە، لە كەركوكیش هەموو ساڵێك یادی رۆژنامەگەریی كوردی و رۆژنامەگەریی پێكهاتەكانی دیکەی شارەكە دەكرێتەوە و چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت كەتیایاندا لایەنی شاراوەی رۆژنامەگەریی کوردی دەخرێتەڕوو و باس لە مێژووی دوور و درێژی رۆژنامەگەریی دەکرێت لە شارەکە.
فرە زمانی لە بوارەکانی راگەیاندندا
سمكۆ بەهرۆز شارەزا لە بواری مێژوو و دانەری ئینسایكلۆپیدیای كەركوك دەربارەی مێژووی رۆژنامەگەریی كوردی و پێكهاتەكاتی تری شارەكە وتی، مێژووی راگەیاندن لە كەركوك تایبەتمەندی خۆی هەیە لەبەرئەوەی فرە نەتەوەیە، هەڵگری كۆمەڵێك تایبەتمەندیی جیاوازە لە بابەت و ناوەڕۆك و زمانی نووسین و هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە ئەم شارە تێكەڵەیەكی پێكەوە ژیانی نەتەوەیی و ئایینی بەرجەستە كردووە كە بۆتە هێمای شارەكە لە چوارچێوەی ئەو هزر و چالاكییانەی كە هەموو پێكهاتەكان تیایدا شارەزان.
ئەو شارەزایەی بواری مێژوو دەڵێت، ئەگەر لە كەركوك سەیری رۆژنامەگەریی بكەین، ئەوا دیاردەی فرە زمانی لە بوارەكانی راگەیاندندا بەرچاو دەكەوێت، لەبەرئەوەی هەموو ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی لە كەركوكدا دەرچوون بە زمانێك، دوو زمان یان سێ زمان بڵاوکراونەتەوە و پەیامی خۆیان گەیاندووە، بۆیە زۆر بە دەگمەن بەرچاو دەكەوێت لە کەرکوکدا رۆژنامەیەك بە زمانی تەنها نەتەوەیەک بڵاوکرابێتەوە.
بۆ نموونە لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا رۆژنامەی كەركوك لە سەرەتادا بە زمانی عەرەبی و توركی دەردەچوو، بەڵام لە دواییدا زمانی كوردیشی وەك پاشكۆ بۆ زیادكراو رۆژانە لە پارێزگاكەدا بڵاودەكرایەوە و هەموو خەڵك پەرۆشی خوێندنەوەی بوون، بۆیە تا حەفتاكانی سەدەی رابردوو، بەردەوام بوو و توانی خزمەتێكی گەورە بەمێژووی شارەكە بکات.

 

زۆر بە دەگمەن بەرچاو دەكەوێت لە کەرکوکدا  رۆژنامەیەك بە زمانی تەنها نەتەوەیەک بڵاوکرابێتەوە

 

هەمەچەشنی بابەتەكان
سمكۆ بەهرۆز شارەزا لە بواری مێژوو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەگەربێت ‌و سەرنجێك لە بواری رۆژنامەگەریی لە كەركوك بدەین، دەبینین بابەتی رۆژنامە و گۆڤارەكان هەمەچەشن بوون و رەنگێكی هەمەلایەنەی بە هەموو بوارەكان داوە، هەر پێکهاتەیەک ویستویەتی بە زمانەکەی خۆی گوزارشت لە بیر و بۆچوونەکانی بکات و دەربارەی رووداو و بابەتە جیاوازەکان بنووسێت و بەتێكڕا خزمەتی رۆژنامەگەریی شارەكەیان كردووە.
دامەزرێنەرانی رۆژنامەگەریی لە كەركوك هەوڵیانداوە بە سەرجەم زمانە ناوخۆییەكانی ئەو شارە مێژووی رۆژنامەگەریی بنووسنەوە هەروەها  بابەتی رۆژنامە و گۆڤارەكان بە زمانەكانی كوردی، توركی، عەرەبی، ئاشووری، كلدانی، بەرجەستە بوو و چۆتە چوارچێوەی فرە رەنگی نووسینی رۆژنامەگەریییەوە. نووسەران و رۆژنامەنووسانی شارەکەش بە بابەت و نووسینەکانیان بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی كردووە.
هەوێنی رۆژنامەگەریی لە كەركوك 
ئەو شارەزایە لە بواری مێژوو وتیشی، هەرچەندە رۆژنامەی (جۆرناڵ) یەكەم بواری رۆژنامەگەی كەركوكە كە بەزمانی توركی بڵاوبۆتەوە، بەڵام رۆژنامەنووس و نووسەری هەموو پێکهاتەکان بابەتیان تێدا بڵاوکردۆتەوە و هەر لە یەکەم ژمارەیەوە چەند نووسەرێکی كورد و توركمان دەستیان هەبووە لە دەركردنی و بوونەتە هۆی سەرکەوتنی رۆژنامەکە، هەروەها لەپاڵ دەركردنی رۆژنامەكەدا رێكخراوێكی هەمەچەشنەشیان دامەزراندووە کە بەبێ جیاوازی خزمەتیان بە رۆژنامەنووسان لە كەركوك و كەركوكییەكان كردووە.
سمكۆ بەهرۆز شارەزا لە بواری مێژوو باسی لەوەکرد، لە سییەكانی سەدەی رابردوودا بڵاوکراوەیەک بەناوی (رۆژنامەگەریی كوردی) دەرچووە کە پاشکۆی رۆژنامەی كەركوك بووە، ئەوە بەیەکەم رۆژنامەگەریی کوردی دادەنرێت لە کەرکوک.
ئەوە لە کاتێکدا بووە کە رۆژنامەی کەرکوک خۆی بە زمانەکانی عەرەبی و تورکی دەرچووە و دواتر پاشکۆی رۆژنامەگەریی كوردی بۆ زیادکراوە بە زمانی کوردی، رۆژنامەکە زمانحاڵی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی كەركوك بووە، چاپخانەیەكی تایبەت بەخۆی هەبوو، پاشكۆی رۆژنامەکە هەندێك جار چوار لاپەڕە و هەندێك جاریش هەشت لاپەڕەی لێدەرچووە و تا حەفتاكانی سەدەی رابردوو بەردەوام بووە.

سمكۆ بەهرۆز

بابەتە پەیوەندیدارەکان