سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم:

بۆ پەنجا ساڵی داهاتووش شتێكی تر پێشنیار ناكرێت جیاوازتر بێت لەو تێزانەی مام جەلال کە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەركوك خستوونیەتیەڕوو

09:40 - 2024-04-22
دیدار
53 جار خوێندراوەتەوە
#فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم

دیداری، تەها عەبدوڵڵا

لەدیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم،  تیشكدەخاتە سەر رەوشی ناوچەدابڕاوەكان ‌و  هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی دەستوور، لەپێناو یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە‌و  ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكەی، بەجۆرێك ببێتە هۆی نەهێشتنی جیاكاری لە نێوان پێكهاتەكان‌و رێگری لە گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە بەمەبەستی سیاسی ‌و بەبێ رەزامەندی دانیشتوانەكەی، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
 لە دیدارەکەدا سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكان، بۆ چارەسەركردنی كێشەی  كەركوك‌و  ئەو ناوچانە بەگشتی، بیرۆکە و پێشنیارەکانی سەرۆك مام جەلال بە باشترین رێگا دەزانێ ‌و پێیوایە  تاكو ئێستا هیچ شتێك بۆ كەركوك نەكراوە، زیاتربێت لەوەی جەنابی مام جەلال  پێشنیازی کردبو بۆبەرێوەبردنی ئیدارەی پارێزگاكەو  پێكەوەژیان تێیدا.
گرفت زۆرە لە ناوچە دابڕاوەکان
لەبارەی رەوشی ئێستای ناوچە دابڕاوەكان، فەهمی  بورهان رایگەیاند: بەگشتی  ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە غیابی جێبەجێكردنی دەستووری هەمیشەیی عیراق و بەهۆی نەبوونی دادپەروەری لە نێوان پێكهاتەكان، وەك ئەوە نییە ئێمە چاوەروانی دەكەین، بۆیە تاكو ئێستاش  گرفت زۆرە لەو ناوچانە،  لەنێویشیان  كێشەی زەوی و زار و جیاكاری لە خزمەتكردن بەتایبەتی لە گەڕەكەكانی ناوشاری كەركوك و دەوروبەری  و شوێنەكانی تری سنووری ناوچەكوردستانیەكان،  هەموو ئەو گرفت و پێشێلكارییانەش لەگەڵ دەستوور و ئەو بنەمایانەی  عیراقی تازە لەسەر بونیاتنراوە یەكناگرێتەوە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و كاریگەری لەسەر ئاساییبونەوەی رەوشی ئەو ناوچانە وتی: بەڵێ بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ئەم داوییەی عیراق، بەتایبەتی لە كەركوك گاریگەری خۆی دەبێت لەسەر  چارەسەركردنی ئەو كێشانە،  ئەو هەڵبژاردنە ئومێدێكی گەورەی بۆ خەڵك گەڕاندۆتەوە، هەرچەندە تاكو ئێستا حكومەتی ناوخۆی كەركوك پێكنەهێنراوە و دەستبەكار نەبووە، بەڵام هەنگاوی باش چۆتە  پێشەوە، ئومێد دەكەین دوای سەردانەكەی  سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریکا ئەو گرێ كۆێرەیەش بكرێتەوە.
حكومەتی خۆجێیی كەركوك
 سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكان پێیوایە: پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوك وادەكات نوێنەری سەرجەم پێكهاتەكان لە  ئیدارەی پارێزگاكە  بەشداربن‌ و  ئامادەییان هەبێت،  بەتایبەتی لە لەژوورە ئەمنی و ئیدارییەكان، بەمەش سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك لەنێویشیان كورد، ئاگاداری هەموو  ئەو بڕیار و رێنماییانە دەبن كە لە ئیدارەی پارێزگاكە دەردەچێت،  كە پێشتر لەلایەن پارێزگاری بەوەكالەت بەشێوەی تاكڕەوی دەردەكرا، بۆیە ئومێد دەكەین لەماوەی داهاتوودا بەڕێكەوتنی هاوبەشی هەرسێ پێكهاتەی سەرەكی كورد و عەرەب ‌و  توركمان، بە سیاسەتی چەپكە گوڵەكەی جەنابی مام جەلال حكومەتی خۆجێی لەكەركوك  پێكبهێنین، هەرچەندە ئەوە هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە بۆ ئایندەی پارێزگاكە، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی پارێزگارێكی كورد كە ئیستحقاقی هەڵبژاردنە بۆ ئەم قۆناغە  بایەخی خۆی هەیە، چونكە بوونی دەسەڵات لە هەر یەكەیەكی ئیداری ئەو پارێزگایە، وادەكات كێشەكانی تایبەت بە كورد چارەسەر بكرێن.
هەر لەبارەی شێوازی چارەسەركردنی كێشەكان سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكان ئاماژەی بەوەكرد: هەوڵەكان زۆرن  بۆئەوەی  بارودۆخی ئەو ناوچانە  ئاسایی بكرێتەوە و جێگای رەزامەندی سەرجەم پێكهاتەكان بێت، بەڵام ئێستا هیچ شتێك نەكراوە زیاتر لەوە بێت کە جەنابی مام جەلال  پێشنیازی  بۆ پرسی كەركوك كردبوو،  ئەوە بۆ مێژوو باس دەكەم، بڕواشم وایە بۆ پەنجا ساڵی داهاتووش شتێكی تر پێشنیار ناكرێت جیاوازتر بێت لەو تێزانەی سەرۆك مام جەلال بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك، بەڵگەش بۆئەمە ئێستاش لە پرسی پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگای كەركوك‌ و دابەشکردنەوەی پۆستەكان، هەوڵدەدەن هەر ئەو جۆرە رێكەوتنە پەیڕەو بكەن،  بەوەی پۆستەكان سی‌ و دوو بە سی ‌و دوو لە نێوان پێكهاتەكان دابەش بكرێت.

 

 گرفت زۆرە لە ناوچە دابڕاوەکان،  لەنێویشیاندا  كێشەی زەوی و زار و جیاكاری لە خزمەتكردن بەتایبەتی لە گەڕەكەكانی ناوشاری كەركوك و دەوروبەری

 

ماددەی 140‌ و حکومەتی عیراق
سەبارەت بەئاستی جێبەجێكردنی ماددەی 140‌ و كاراكردنەوەی ماددەكە، لە كابینەی  محەمەد شیاع سودانی وتی: ماددەی 140ی تایبەت بە ئاساییكردنەوەی ناوچە جێناكۆكەكان هەنگاوێكی گرنگ بوو کە لە دەستووردا جێگیركرا، سەركردایەتی سیاسی كورد بەتایبەتی مام جەلال و كاك مەسعود و كاك نەوشێروان رۆڵی كاریگەریان لە چەسپاندنی بینی، ئیستاش دوای نزیكەی بیست ساڵ  لەسەر پەسەندكردنی دەستوور، ماددەكە هەندێك هەنگاوی  ناوە، بەتایبەتی  لە حكومەتی ئێستای عیراقدا، یەكێك لەمەرجەكانی سەركردایەتی سیاسی كورد ئەوەبوو، كە لیژنەی ماددەی 140 لە پەرلەمان كارا بكرێتەوە و بودجەی بۆتەرخان بكرێت، هەرچەندە ئێستا  دەستكراوە بە جێبەجێكردنی بڕگەی قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتوان، بەڵام ئەو هەنگاوانە، ناكاتە چارەسەركردنی كێشەكان و رەنگدانەوەی لەسەر ئاساییكردنەوەی رەوشەكە وەكو پێویست نەبووە، وەک دەبینین لە ناو شاری كەركوك و بەدیاریكراوی لە هەردوو گەڕەكی نەورۆز و عەرەفە  لەلایەنە سوپای عیراقەوە كێشە بۆدانیشتوانی ئەو شوێنانە دروستدەكرێت.
كێشەی موڵكایەتی‌و هەڕەشەی عەرەبی هاوردە
سەبارەت بە كێشەی موڵكایەتی‌ و هەڕەشەی عەرەبی هاوردە لە سەر جوتیارانی كورد لەو ناوچانە، فەهمی بورهان وتی: «دیارە كێشەكانی موڵكداری بەبەردەوامی هەیە، ئەگەرچی هەندێكجار بێدەنگ دەبێت‌و كپ دەبێتەوە، بەڵام ئەوە بەمانای بنبڕكردنی كێشەكە نایەت، بەتایبەتی لەكاتەكانی دروێنەو وەرزی چاندنی  زەوی جوتیاران‌و  گوندنشینان ئەو كێشانە سەڕهەڵدەدەنەوە»، وتیشی:  جەنابی كاك قوباد جێگری سەرۆكی حكومەت،  بەردەوام لەگەڵ ئێمە لەسەر خەت بووە،  زۆرترین هەوڵمانداوە زیان بەر جووتیارانی كورد نەکەوێت، جگە لە ئێمە نوێنەرانی كورد لە بەغدا بەتایبەتی كاك خالید شوانی  وەزیری داد و شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق‌و  پەرلەمانتارانی كورد رۆڵیان هەبووە لە راگرتنی پێشێلكاری‌و  ئەو هەڕەشانەی لەو ناوچانە لە كورد دەكرێت، بۆئەمەش خۆشبەختانە بۆچوونیان هاوبەشە‌و  پێكەوە كاریان كردووە و هەماهەنگیان لەگەڵ ئێمە هەیە، هەروەها ئومێدمان هەیە دۆسێی ئەمنی پارێزگای كەركوك بۆ پۆلیسی پارێزگاكە بگەڕێتەوە، ئەوكات ئەو دیاردە سەربازییە  نامێنێ، كە لەدوای رووداوەكانی ساڵی 2017ەوە  دروستبووە و  زۆرجار  هۆكارن بۆ گرژی.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
لەبارەی بایەخی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كاریگەری لەسەر بەهێزبوونی  كورد لەوناچانە  فەهمی بورهان وتی: بێگومان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی  پەرلەمانی كوردستان‌و   گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ دامودەزگانی  هەرێم، بۆ هەموو خەڵكی كوردستان گرنگە‌و  وادەكات داموودەزگاكان زیندوبكرێتەوەو خوێنێكی تازە دەچێتە جەستەی حكومەتەوە، بوونی پەرلەمانی كوردستان وادەكات كار لەسەر نووسینەوەی دەستووری كوردستان بكرێت،  بەمەش پێگەی هەرێم لە عیراق و لەسەرجەم ناوچەكە بەهێزدەبێت و متمانەی زیاتری هاووڵاتیانی ناوچەكوردستانییەكان بەدەست دەهێنێت.
هەروەها وتی: ئومێد دەكەین سەرجەم كێشەكانی  نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بێت، ئەوكات بۆچوونەكانی حكومەتی هەرێم و سەركردایەتی سیاسی كورد دەگوازرێتەوە بۆ كەركوك‌و  شەنگال‌و خانەقین‌و هەموو ناوچە دابڕاوەكان، بۆیە خوازیارین  سەركردایەتی كورد بەتایبەتی یەكێتی و پارتی  درك بەو مەسئولیاتە مێژووییە گەورەیە بكەن، چونكە چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕاوەكان  بەیەك لایەن ناكرێت، وەك پێشتر بینمان لە غیابی خیتابێكی هاوبەشی كورد چەند كاریگەری سلبی لەسەر ئەو ناوچانە هەبووە، نزیكترین نموونەش هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاكانە كە دەبوو بەیەك لیست بەشداری لەو هەڵبژاردنە بكەین، چونكە بەهۆی پەرتبوونی دەنگەكانی كورد نەتواندرا زۆینەی كورسییەكانی كەركوك بەدەست بهێندرێ، هەر ئەمەش وایكردوە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەو پارێزگایە  دوا بكەوێت.
سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكان  تەئكیدی کردەوە لەوەی: وەك  دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكان لەگەڵ وەزارەتەكانی حكومەتی عیراق و لەرێگای سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیدار و كۆبونەوە دەكەین، لەگەڵ دامودەزگاكانی پارێزگاکانیش پەیوەندیمان بەردەوامە، بەتایبەتی دوای پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگاكان، ئەو كات ئەركەكانمان ئاسانتر دەبێت، هاوكات پەیوەندیمان لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكان ئاساییە ‌و ئێمە داوای مافی هەموو ئەو پێكهاتانە دەكەین، كە لەو سنوورە دەژین و خەڵكی رەسەنی ناوچەكەن، بڕوامان بە پێكەوەژیانی برایەتی كورد ‌و عەرەب‌ و  توركمان ‌و   كلدوئاشوری هەیە، دەمانەوێ جیاوازی رەگەزی و جیاكاری  لەو ناوچانە نەمێنێت.
لە ناوچەدابڕاوەكانی نەینەوا و دیالەش کێشە هەیە
لەبارەی زۆری كێشەكان لە سنوری پارێزگای كەركوك بەراورد لە ناوچە دابڕوەكانی دیكەی وەك نەینەوا ودیالە، وتی: كەركوك  بەوپێیەی شارێكی گەورەترەو ژمارەی دانیشتوانی زیاترە، هاوكات ناوچەیەکی  ستراتیژی و نەوتی دەوڵەمەندە،  هەر ئەمەش وایكردووە  لەسەردەمی رژێمی بەعس، تەعریب لەو شارە بكرێت و كار بۆ گۆڕینی دیموگرافیای بكرێت، بەڵام ئێمە بەبایەخەوە دەڕوانینە سەرجەم ناوچە كوردستانییەكان، لەوێش پێشێلكاری هەیەو چەندین كێشە و گرفت رووبەرووی خەڵكی ئەو ناوچانە بۆتەوە، بەتایبەتی كورد و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان