مەحمود عوسمان: ناكرێت هەموو پێکهاتەکان لە یەك ناوچە و سەر بە یەك حزب بن!

10:39 - 2024-04-23
دیدار
63 جار خوێندراوەتەوە

دیداری: ئیدریس جەبار 


د. مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری كورد، باس لە گۆڕانكارییەكانی دوای سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەكات بۆ بەغدا و هەولێر، چەند پرسێكی تری پەیوەست بە ململانێكانی ناوچەكە و كاریگەریان لەسەر عیراق، لەگەڵ پرسی تایبەت بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییە چاوەڕوانكراوەكەی هەرێمی كوردستان و چەند پرسێكی تر بۆ (كوردستانی نوێ‌) داخاتەڕوو. 



*ئەو گۆڕانكاریی و رووداوانە چی دەبن كە لە دوای سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بۆ بەغدا و هەولێر دێنەئاراوە، بە بۆچوونی ئێوە گفتوگۆكان تەنیا لە چوارچێوەی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنی و ئابووری و بازرگانییەكاندا دەبن لەگەڵ لایەنی عیراقی یان دۆسێی تری نهێنی تاوتوێ‌ دەكرێن؟

 
 -ئەوان دەیانەوێت شەڕی (پەكەكە) بكەین، هیچیان ناوێت جگە لەمە، توركەكان شەڕی كوردیان دەوێت، لەبەرامبەردا هەندێك ئاومان دەدەنێ،‌ بازرگانیش لەنێوان هەردوو وڵاتدا زیاتر دەبێت. 

*لەدوای سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریكا، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، كێشەی مووچە و بودجە و پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم چارەسەر دەكرێن؟ 

-بەپێی ئەوەی گوێمان لێدەبێت، هەرێمی كوردستان و لایەنە كوردستانییەكان، رازیین لە سودانی و سەردانەكەی بۆ ئەمریكا، سەرۆك وەزیرانی ئێستای عیراق رەنگە بیەوێت هەندێك لە كێشەكان چارەسەر بكات لەگەڵ كورد، بەڵام ئیتر دەبێت چاوەڕوان بین بزانین لە دوای هاتنەوەكە چی دەبێت و چی روودەدات، تا ئێستا شتی پراكتیكی دیار نییە و دەبێت ماوەیەك چاوەڕوان بین  بزانین چی دەكات و بەنیازی چییە و چۆن كار دەكات لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، چونكە لەئێستادا ئەوەی سەرەكییە بودجە و مووچەیە بۆ كورد، پرسی ماددەی 140 لەبیرچووە، پرسی پێشمەرگە و شایستەكانی لەبیرچووە، نەوت غاز جاری وایە باس دەكرێت و جاری واهەیە باس ناكرێت، تا ئەندازەیەك شتە سەرەكییەكان لەبیرچوون، كوردیش لەنێوان خۆیدا ناكۆكن و ناتوانن هەڵوێستێكی بەهێزییان هەبێت، بۆیە دەبێت چاوەڕوان بین بزانین سودانی لەپاش سەردانەكەی بۆ واشنتۆن چی دەكات، ئایا دەتوانێت شتی باش بكات، ئایا میلیشیا شیعەكان رێگەی دەدەن، پەیوەندی لەگەڵ كوردستان چۆن دەبێت، بۆ ئەم پرسانە دەبێت چاوەڕوان بین. 

 

دەکرێ ژمارەی کۆتاکان کەمبکرێتەوە و هەموو ناوچە و حزبەکانیش بگرێتەوە


*هەڵوێستی عیراق لەم ململانێیەی ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ 

-عیراق لە ململانێكەدا تێوەگلاوە، عیراق بەشێوەیەكی پراكتیكی لەگەڵ ئێرانە، ئەو میلیشیا زۆری لە عیراقدا هەن سەر بە ئێرانن و هاوكاریی ئێرانن لەو ململانێیەی لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل هەیە، بەڵام نازانم پاش سەردانەكەی سودانی كە دەڵێن پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكادا بەهێز بووە، میلیشیاكان وەك خۆیان دەمێننەوە، یان كەمدەكرێنەوە، پەیوەندی نێوان حكومەتی عیراق و ئێران چۆن دەبێت، راستە حكومەتی عیراقی بە سەرۆكایەتی سودانی لەلایەك هەیە، بەڵام لەلایەكی ترەوە حزبەكان ئەوانەی لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگیدا حزوری بەهێزییان هەیە، بۆ هەموو ئەمانە دەبێت چاوەڕوان بین تا بزانین پەرەسەندنەكان چۆن دەبن، عیراق بووە بە بەشێك لە ململانێكان، بگرە بۆتە گۆڕەپانی ململانێ‌، لە زۆر رووەوە سودانی دەیەوێت لەو ململانێیە عیراق دووربخاتەوە، بەڵام دەتوانێت یان نا، ئەمەش پێویستی بەوەیە چاوەڕوان بین، چونكە دیمەنەكە زۆر روون نییە. 

*هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان لەئێستادا بووەتە پرسی رۆژ، پێشتر سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان 10ی حوزەیرانی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە دیاریی كرد، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت لەسەر بایكۆتكردنی هەڵبژاردن دەكاتەوە لەو وادەیەدا، ئێوە پێتانوایە هەنگاوەكان روو لەكام ئاڕاستەن و هەڵوێستی لایەنەكان سەبارەت بە ئەنجامدانی پرۆسەكە گۆڕانكارییان بەسەردا دێت یان وەك خۆیان دەمێننەوە؟
 

-دەبێت هەوڵبدەین هەڵبژاردنێك بێت هەموو لایەك تێیدا بەشدار بن، بە دڵنیاییەوە دەبێت یەكێتی و پارتی بونیان هەبێت، مەسەلەكە ئەوە نییە بڵێین حزبن، بەڵكو دوو ناوچە هەیە لە هەرێمی كوردستان كە یەكێكیان سەر بەمە و ئەوی تر سەر بەوی ترە، كوردستان بەسەر دوو ناوچەدا دابەش بووە، گەر پارتی دیموكراتی كوردستان سور بێت لەسەر بەشداریی نەكردن، واتا نیوەی كوردستان بەشداریی ناكات، بە هەمان شێوە گەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاربدات بەشداریی نەكات،  نیوەكەی تری هەرێمی كوردستان بەشداریی ناكات، باشترە هەڵبژاردنێك بكرێت هەموو لایەنەكانی تێدا بێت، مەسەلەی پێكهاتەكانیش چارەسەرێكیان بۆ بدۆزرێتەوە، لەكاتێكدا دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریداوە پشكییان هەبێت، بەڵام لە عیراق و لە پەرلەمانی عیراق پشكیان هەیە، ئیتر بۆچی لە هەرێمی كوردستان نەبن، پێویستە ئەم مەسەلەیە چارەسەر بكرێت، دەبێت ئەوانیش بەشداریی لە هەڵبژاردندا بكەن، هەڵبژاردنێكمان دەوێت هەمووان تێیدا بەشدار بن، تا ئەنجامێكی هەبێت، كەمینەكان پێویستە بە هەمان شێوەی عیراق لە هەرێمی كوردستانیش كۆتایان هەبێت، بەڵام دەبێت كۆتاكە وابێت هەموو ناوچەكان بگرێتەوە، ناكرێت هەموو لە یەك ناوچە و سەر لە یەك حزب بێت، ئەمەش پێویستی بە رێككەوتنی نێوان پێكهاتەكانە ئەگەر بكرێت خراپ نابێت. 

بەپێی ئەوەی گوێمان لێدەبێت، هەرێمی كوردستان و لایەنە كوردستانییەكان، رازیین لە سودانی و سەردانەكەی بۆ ئەمریكا


*بە بۆچوونی ئێوە 11 كورسی پشكێكی زۆر نییە بۆ پێكهاتەكان؟ 

-دەكرێت ئەمەش چارەسەر بكرێت و ئەو ژمارەیە كەمبكرێتەوە و بۆ هەموو ناوچەكان ئەژمار بكرێت، هەموو حزبەكان بەشداریی بكەن و تەنیا هەر یەك حزب نەبێت، بەمشێوەیە دەكرێت بڵێین باشە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی راست نییە، پێویستە مەسەلەی بەكارهێنانیشیان چارەسەر بكرێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان