ژاپۆن و شاعیرە کلاسیکییە هایکونووسەکانی

09:33 - 2024-04-25
ئەدەب و هونەر
47 جار خوێندراوەتەوە
#ماساۆکا شیکی

لە ئیتالییەوە: یاسینی فەقێ سەعی


3-3


- چوارەم: ماساۆکا شیکی (1867 - 1902) 
شاعیری ناودار ماساۆکا شیکی، ناوی راستەقینەی(تسونینۆری)بووە، ساڵی 1867لەماتسویاما لەباکووری شیکۆکۆ لەدایک بووە. باوکی(ماساۆکا هیاتا) لەسوپادا سامۆراییەکی پلەنزم بووە، کاتێ شیکی تەمەنی دەبێتە پێنج ساڵان، ئەو کۆچی دوایی دەکات. دایکی شیکی(یای)مامۆستا بووە. باپیری یەکەم کەسبووە لە خێزانەکەیدا ئەم کوڕەزایەی ناساندووە بەخوێندنەوەی بەرهەمە شیعرییە کلاسیکییە چینییەکان، بەکاریگەریی ئەم خوێندنەوەیە، خوێندکاری سەرەتایی بوو، ماساۆکا پەخشان و شیعری دەنووسی. لەساڵی 1883دا ماتسویامای بەجێهێشت چوو بۆ تۆکیۆ، لەسەرەتادا چووە کۆلێژی ئامادەکردنی بۆ چوونە زانکۆ، دواتر لەزانکۆی شاهانە کۆلێژی ئەدەبیاتی کلاسیکی ژاپۆنی خوێند. 
لەماوەی خوێندنی زانکۆدا، زۆرترین گەشتی بۆ ناوخۆی ژاپۆن کرد و چاوی کەوت بەناتسومی سۆسیکی – 1867 – 1916)، دواتر وەک دیارترین رۆماننووس و چیرۆکنووسی ژاپۆن بەناوبانگبوو. ماساۆکا لەتەمەنی بیست ساڵیدا، وەک پەیامنێرێک بەشداری جەنگی نێوان چین و ژاپۆنی کرد، بە هۆی تووشبوونیەوە بە نەخۆشی سیل، بڕیاریدا واز لەخوێندن بهێنێت. بە هۆی ئەم نەخۆشییەوە تووشی خوێنبەربوونێکی گەورەبوو، نازناوی شیعری (شیکی) لەم کاتەدا وەرگرت کە ناوی ئەفسانەیەکی کۆنی ژاپۆنییە، لە ئەفسانەکەدا، کوکوختیەک هێندە دەخوێنێت هەتا خوێن لەگەروویەوە دێتە دەرەوە، یان بابڵێین(تووشی خوێنبەربوون دەبێت.)
ئیتر شیکی هەموو کاتەکانی خۆی بەتەواوی تەرخان کرد بۆ ئەدەب و دەستیکرد بەنووسینی هەردووجۆرە شیعرە باوەکانی ئەو سەردەمە کە بە تانکاو هایکو (Tanka،Haiku) ناسرابوون. لەساڵی 1892دەستیکرد بەکارکردن لە رۆژنامەی "نیهۆن -  Nihon"، لەم رۆژنامەیەدا و لە رێی زنجیرەیەک وتارەوە، بیروبۆچوونی رەخنەگرانەی خۆی لەبارەی داڕشتن و هۆنینەوەی شیعری ژاپۆنی و بەتایبەتی شیعری هایکووە بڵاوکردەوە. لەوسەردەمەدا، فۆڕمی شیعری هایکو ترادیشناڵەکە باوبوو کە سێ دێڕە شیعری (5 ، 7 ، 5) بڕگەیی بوو، شیکی دەیگوت چیتر ئەم فۆڕمە شیعرییە حەڤدە بڕگەییە ناتوانێ گوزارشت لەتایبەتمەندی و ئاڵۆزییەکانی ژیانی مۆدێرن بکات، ئیدی دەستیکرد بەچاکسازی لەفۆڕمی شیعری هایکودا. بێگومان وەک پێشتر باسمان کرد، شیعری هایکو، لەسەر دەستی کۆبایاشی ئیسا، گەیشتە بەرزترین ئاستەکانی گوزارشتی پڕمانا، بەڵام لەقۆناغەکانی دواتردا، هێواش هێواش بەرەو لەناوچوون چوو، تا دەهات ناوەڕۆکەکەی لەژیانی واقیعیانەی خەڵک دووردەکەوتەوە. زۆربەی خوێنەران، وەک شێوەیەک لەیاریکردن بەوشە سەیریان دەکرد، نەک وەک رەنگدانەوەیەکی ژیانی واقیعی. شیکی شاعیر پشتگیریی لەبایەخ و گرنگی ئەو روانینە واقیعبینانە دەکرد لەسەر بناغەی تەکنیکی(بەوێنە کردنی وشە-وێنەکێشان)کاری پێدەکرا لەخستنەڕووی دیمەن و وێنەکاندا. خودی ماساۆکا خۆشی، دەستیکرد بەخۆ راهێنان لەئامادەکردنی هێڵکاریی و سکێچ لەشوێنەکانی ئیلهامدا، ئەمەش واتە وازهێنان لەنەریتی خەیاڵکردن و دەستدانە نەریتی وێنەکێشان. ئامۆژگاریی شیکی بۆ شاعیرە لاوەکان ئەمەبوو: هیچ کێشە نیە وێنە و گوزارشتە شیعریەکانتان لەخەیاڵەوە سەرچاوە بگرێ یان لەواقیعەوە، بەڵام من زیاتر دووەمیان بەباشتر دەزانم.
لەو ماوەیەدا ژاپۆن لەسەردەمی نۆژەنکردنەوە و نوێکردنەوە و کرانەوەدا دەژیا، کە ناسراوە بەسەردەمی(میجی ئیمپراتۆر1868- 1912) لەم ساڵانەدا کەناڵەکانی پەیوەندی نێوان ژاپۆن و خۆرئاوا کرانەوە و بەمەش زەبری شۆکێکی گەورە بەر ترادیشناڵ کەوت. شیکی یەکەم نووسەری گەورەی هایکونوس بوو لەجیهانی پیشەسازیدا بژی.
ساڵی 1897دا، لەگەڵ هەندێک لەقوتابیە میراتگرەوەکانی، گۆڤارێکی ئەدەبی دامەزراند بەناوی(هۆتۆتۆجیسو)تیایدا دوای ساڵێک، لە رێی زنجیرە وتارێکەوە بەناونیشانی(چەند نامەیەک بۆ شاعیرانی تانکانووس)سەرنج و تێبینییەکانی لەبارەی ریفۆڕمە شیعرییەکانەوە خستەڕوو. ئەم وتارانە بەهاوکاری هاوڕێکانی بوونە مانیفێستی نوێکردنەوەی شیعری تانکا. لەم بارەیەوە گرنگترین بەرهەمەکانی ماساۆکا ئەمانەبوون: داسای شۆ-ئۆکو هایوا(1892)باشۆ زاتسودان(1894)شیکردنەوەیەکی رەخنەگرانەی پرینسیپەکانی باشۆ، هایکای تایی(1895)هایژین بوسۆن(1897) بەرزنرخاندنی شیکی بۆ هونەرە بینراوەکان و قووڵبوونەوە تیایاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوڕێیەتییە بەهێزەی لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار ناکامورا فوزێتسو(1866 - 1943)دا هەیبوو، کە خاوەنی ستایڵێکی خۆرئاوایی بوو، چونکە چەند ساڵێک لەپاریس خوێندبووی.
یاداشتەکانی لە دووتوێی دووکتێبدا ساڵی(1901 - 1902)بڵاوکردەوە، تیایدا کوالیتی شیعری کلاسیکی ژاپۆنی تێکەڵ بەژیاننامە مۆدێرنەکەی خۆی کردبوو. ماساۆکا دواساڵەکانی ژیانی بەنەخۆشی و کەوتن لەناو جێگادا بەسەربرد، بەڵام ماڵەکەی بووبووە شوێنی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردنی ئەدەبی شوێنکەوتوان و هاوڕێ و ئەدەب دۆستان. ماساۆکا شیکی لە(9/9/1902)دا لەشاری تۆکیۆ کۆچی دوایی کرد، چەند هەفتەیەکی مابوو بۆ یادی(35)ساڵەی لەدایکبوونی. چەند نموونەیەک لەهایکوەکانی:

بارانی سەرەتای هاوین:
لە ژووری هەواڵدا،
من بە تەنیا

پڕۆسەی پیتاندن:
ئاوی چاومان داهات
لە سەیرکردنی گوڵەکاندا
   
نزم بەسەر هێڵی ئاسنیندا
مراوییە کێوییەکان دەفڕن
لە شەوی مانگەشەودا
   
پۆپنەی کەڵەشێر
پێویستە چواردە یان پانزە
شانەبن
  
سووکەڵە سووکەڵە
ئەی رۆحی مردووەکان وەرنە ئێرە
خۆتان فێنک بکەنەوە
  
تەنیایی:
یارییە ئاگرینییەکان دەدرەوشێنەوە
کاتێ ئەستێرەیەک دەکشێ
   
شەوی کورت:
لەناو دەرگاکەدا
رووناکی دەمێنێتەوە
   
لە نێوان کەشتی و کەنارەکەدا
بۆ لەیەک دابڕانمان
شۆڕەبییەک قوت دەبێتەوە
  
هەرمێیەک گوڵدەگرێ:
لە شەڕگەکەدا
لەناو داروپەردووی ماڵێکدا
  لە ئێوارەی بەهاردا
چ خوێندنەوەیەک بکرێ بۆ پیاوی
بێ دۆست؟
  
لەسەر لمی کەنار دەریا،
شوێنپێکان: 
رۆژێکی دوورو درێژە
  
رۆژی بەهار:
لە باخچەیەکدا تەماشای وندەکا
کە تەنها سێ بست پانە
   
تاوەری هەورەکان:
روەو باشوور دەفڕن
چارۆکە سپیەکان
  
- تەواو  -



پەراوێزەکان:
* هایکوی ژاپۆنی بریتییە لە3دێڕە شیعر بەبڕگەی(5-7-5)،کۆی گشتی 17بڕگەیە.شاعیرە ژاپۆنییە ترادیشناڵەکان، بۆ وێنەگرتنی ساتەوەختێکی خێرای دیاردەیەکی سروشتی یان رەنگدانەوەکانی هەستێک یان بەرجەستەکردنی خەیاڵێک یان بەوشەی سادە وتنی بابەتێکی قووڵ و گەورەی وجود، ئەم شێوە شیعرەیان بەکارهێناوە. دەکرێت شیعری هایکو بەیەک هەناسە بخوێندرێتەوە. بۆیە شاعیر ناچار بووە، وشەکان بگوشێ و ماناکان چڕبکاتەوە و زمانێکی زۆرهەستیار بەکاربێنێ، هەتا خەڵک تێی بگەن. بەڵام ئەم پێوانە بڕگەییە بۆ زمانی کوردی گەلێک سەختە و لەگەڵ پێکهاتەی وشە و بڕگەکانی زمانی کوردیدا ناگونجێ. خۆبەستنەوە بەپێوانەی(5-7-5)وامان لێدەکات نەتوانین هەزاران وشەی کوردی بەکاربێنین. لەبەرئەمە تەنها خۆمان بەژمارەی دێڕە شیعرەکانەوە دەبەستینەوە و واز لەژمارەی بڕگەو دابەشکردنی بەسەردێڕەکاندا دەهێنین. لەم بارەیەوە هەر ئێمە وامان نەکردووە، بەڵکو زۆربەی زمانەکانی دنیا لەوەرگێڕانی هایکودا، بەناچاریی ئەمەیان کردووە. 
* (Zen - زین): "مەزهەبی بودایی تێڕامان و بیرکردنەوەی ژاپۆنیە، ساڵی 1192ی زاینی لەچینەوە هاتۆتە ناو ژاپۆن. ئەم مەزهەبە لە رێی بیرکردنەوە و خۆدابڕاندن لەهەموو شتێک، دەیەوێ بگاتە حەقیقەت. دەبێ مێشک لە رابردوو لە داهاتوو دووربخەیتەوە و بەتەواوی لە ئێستادا کاری پێبکەیت. ئەمەش بۆ گەیشتن بە رۆشنبوونەوە، بەخاوێنیی تەواوی بیرکردنەوە، بۆ گەیشتن بەخودا. وەک دەڵێن بۆ بەکارهێنانی چاوی سێهەم.
* (سێمانتیک- Semantico): لە زانستی زمانەوانیدا هەرچیەک پەیوەندی بەواتاسازییەوە هەبێت. وشەیەک لەپەیوەندیدا بەوشەکانی ترەوە لە رستەیەکدا ماناکەی چییەو چۆن لەشوێنێکیتردا ماناکەی دەگۆڕدرێت.
*  سیتاڤ–واتە سێبەری مانگەشەو.
* (رێنگا- Renga) ژانرێکی شیعرییە(شیعری زنجیرەیی)لەژاپۆن لە سەدەی 12 بۆ 17هەم ئەم ژانرە سەریهەڵداوە و گەشەیکردووە. رەگوڕیشەی ئەم جۆرە شیعرە لەناو شیعری کلاسیکی ژاپۆنیدایە(لەسەر سیستەمی پێوانەیی بڕگەیی تانکا رۆیشتووە).
* (هایبون - Haibun) لەئەدەبیاتی ژاپۆنیدا، بەو کورتە شیعرانە دەوترێت هەندێکجار تەنزئامێزن و زۆرجاریش بۆ مەبەستێکی دیاریکراو دەوترێن، کە شاعیر ئەوپەڕی هەوڵدەدات زۆرترین ماناو مەبەست بەکەمترین وشە دەرببڕێ، بۆیە زۆر لە تەنۆکە زمانەوانیە گچکەکان و کردارە یاریدەدەرەکان و هەندێ پێشگرو پاشگرو ئەو شتانە پشتگوێ دەخات. 

سەرچاوە:
http://www.raccontiepoesie.org

بابەتە پەیوەندیدارەکان