لیبیا دێتەوە مەیدانی وزە

11:08 - 2024-04-25
ئابووری
43 جار خوێندراوەتەوە

ئا: لاپەڕەی ئابووری

لە دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز عەرەبی، خەلیفە عەبدولسادق وەزیری نەوت و غازی لیبیا  رایگەیاند: دەمانەوێت دووبارە لیبیا بێتەوە مەیدانی وزەی جیهانی، ئەمەش لەرێگەی زیادکردنی بەرهەمی نەوت و غازەوە. لەم بوارەشدا کۆمەڵێک رێكەوتنیان لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە بواری وزەدا کردووە بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غازی لیبیا.  

وەزیری نەوت و غازی لیبیا  رایگەیاند: دەمانەوێت بەرهەمی نەوت بگەیەنینە دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا

بەرزکردنی ئاستی  بەرهەمهێنانی نەوت
عەبدولسادق رایگەیاند: دەمانەوێت هەتاوەکو  کۆتایی ئەمساڵ بەرهەمی نەوت رۆژانە بگەیەنینە 1.4 ملیۆن بەرمیل، ئێستا کۆی بەرهەمی رۆژانەی  لیبیا 1.2 ملیۆن بەرمیلە.  وتیشی: دەمانەوێت لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا، بەرهەمی رۆژانەی لیبیا بگەینینە دوو ملیۆن بەرمیل .

17 ملیار وەبەرهێنان

لەدرێژەی لێدوانەکەیدا، وەزیری نەوت و غازی لیبیا رایگەیاند: بۆ گەیشتن بە ئاستی  دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، پێویستیمان بەوە هەیە کە بڕی 17 ملیار دۆلار لە کەرتی دەرهێنان و کۆکردنەوەو گواستنەوەی بەرهەمی نەوتدا وەبەرهێنان بکەین.

کەرتی غاز
لە بواری بەهێزکردنی کەرتی غازیشدا، خەلیفە عەبدولسادق رایگەیاند: دەمانەوێت پەرە بە بەرهەمی غازی سروشتیش بدەین، لەمبارەیەوە رێکەوتنێکی بازرگانیمان لەگەڵ کۆمپانیای « ئینی» ئیتالیدا ئیمزا کردووە، کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە بواری وزەدا،  بۆ پەرەپێدانی کەرتی غازی لە  دوو کێڵگەی غازی سروشتی لە خۆرئاوای لیبیا. وتیشی: بەپێی ئەو رێکەوتنە بێت، ئەو کۆمپانیا ئیتالییە بڕی 8 ملیار دۆلار لەو دوو کێڵگەیەدا وەبەرهێنان دەکات، هەتا لە ساڵی 2028  بەرهەمی غازی سروشتی  رۆژانە بگاتە 720 ملیۆن مەتر سێجا.

سەرچاوە: سکای نیوزی عەرەبی

بابەتە پەیوەندیدارەکان