سكرتێری گشتیی حزبی شیوعیی عیراق بۆ كوردستانی نوێ:

عیراق بەدەست زۆر تەنگژەوە گیرۆدەیە، کێشەکە نەبوونی دادپەروەریی كۆمەڵایەتییە

11:31 - 2024-04-25
دیدار
62 جار خوێندراوەتەوە
رائید فەهمی، سكرتێری گشتی حزبی شیوعی عیراق

دیداری: ئیدریس جەبار 


سكرتێری گشتیی حزبی شیوعی عیراق پێیوایە، بزاوتی مەدەنی لەم قۆناغەی ئێستای عیراقدا لە گەشەكردندایە، چونكە بە وتەی ئەو ((زۆرێك لە تێزەكانی مەدەنی و پرەنسیپەكانی دەوڵەتی مەدەنی، بەشێوەیەكی فراوان لەنێو كۆمەڵگەی عیراقدا بڵاودەبنەوە)). 
رائید فەهمی، سكرتێری گشتیی حزبی شیوعیی عیراق، لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، باس لە رۆڵی بزاوتی مەدەنی دەکات لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراق و ئاماژەی بە رۆڵی حزبەکەشیان كرد لەو بزاوتەدا كە بە بۆچوونی ئەو ((لە گەشەكرندایە و تا دێت لەنێو كۆمەڵگەی عیراقدا رووی لە فراوانبوونە)). 

فیكری مەدەنی لەنێو كۆمەڵگەدا
*بزاوتی مەدەنیی لە ئێستای عیراقدا لە چ ئاستێكدا خۆی دەبنێتەوە، ئایا پێشەنگە لە برەودان بە دیموكراسی، یان رێگەی لێدەگیرێت و بواری پێنادرێت رۆڵی سیاسیی خۆی بگێڕێت؟

-فیكری مەدەنی و مۆدێلی ژیانی مەدەنی لە عیراقدا، بە بۆچوونی من لە پێشكەوتن و گەشەكرندایە، زۆرێك لە تێزە مەدەنییەكان و پرەنسیپەكانی ژیانی مەدەنی و بنەماكانی دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی، لە بڵاوبوونەوەیەكی فراواندان، بۆیە تێبینی جۆرێك لە جیاوازیی دەكرێت لەنێوان فیكری مەدەنی و هەڵسوكەوتی مەدەنیدا، تەنانەت بۆتە سیمایەك و لەنێو كۆمەڵگەی عیراق و لە ناوچە جیاجیاكاندا بڵاوبۆتەوە، لەبەرامبەردا گوزارشتی هێزە مەدەنییەكان و حزبەكان جۆرێك لە کرچ و كاڵی بەخۆوە دەبینێت، بەو پێیەی فرەییەكی زۆر هەیە لەنێوانیاندا، تەنانەت لەنێو حزبە مەدەنییەكانیشدا ئەمە بەدی دەكرێت. 

فیكری مەدەنی  بكرێت بە هێزی سیاسی
*هێزە مەدەنییەكان لە عیراقدا پەرتەوازەن، هەوڵێك هەیە بۆ یەكخستنی ریزەكانیان و دروستكردنی رەوتێكی مەدەنیی بەهێز؟ 
-
پێویستە ئامادەیی فیكری و كۆمەڵایەتی مەدەنی و هێز و لایەنە مەدەنییەكان بكرێنە هێزێكی سیاسی، ئەمەش لەڕێی گفتوگۆ و بەیەكگەیشتنی ئەو هێزانەوە دەكرێت، لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەشدا پێكهاتنی چەند هاوپەیمانییەكی مەدەنی بەدیكرا، ئێمە وەك حزبی شیوعی لەگەڵ چەند حزبێكی نوێدا هاوپەیمانیی لووتكەمان پێكهێنا، چەند حزبێكی تر بە هەمان شێوە لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا ئاڵای مەدەنییەتیان بەرزكردەوە، بەبێ رەچاوكردنی دەرەنجامی ئەو هەڵبژاردنەش ئەگەر هێزە مەدەنییەكان هەوڵەكانیان یەكبخەن لەپێناوی برەودان بە فیكری مەدەنی و خەباتكردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون، كە دان بەو فرەییەدا بنێت، كە لە كۆمەڵگەی عیراقدا هەیە، لەو بڕوایەدام روو لە گەشەكردن دەكەن، بەڵام لەگەڵ شێوازی پشكداریی و ئەو شێواز و مۆدێلە سیاسییەی ئێستا هەیە، بە بۆچوونی زۆرێك لە حزب و هێزە مەدەنییەكان، قەیران بەرهەم دەهێنێت و قورسە لێوەی دەوڵەتی دامەزراوەیی دروستبكرێت، بۆیە تێبینی دەكرێت دامەزراوەكانی لاوازن و لایەنی سیاسی زاڵە بەسەر لایەنی دامەزراوەییدا، وێڕای ئەوەی كە بووەتە لانكەی گەندەڵی.  
هاوپەیمانیی هێزە مەدەنییەكان
*حزبی شیوعی عیراق لەو نێوەندەدا چ رۆڵێك دەبینێت؟ 

-ئێستا فاكتەرێكی خۆیی هەیە لەنێو هێزە مەدەنییەكاندا، حزبی شیوعیش بەوپەڕی تواناوە كاردەكات بۆ پتەوكردنی هاوپەیمانیی نێوان هێزە مەدەنییەكان و فراوانكرنی، لە ماوەكانی داهاتووشدا بەنیازین دیالۆگێکی فراوان سازبكەین لەگەڵ ئەو هێز و رێكخراوە مەدەنییانەی كە لە دید و بۆچووندا یەكدەگرنەوە. 

هەنگاو بەرەوپێش هەڵدەنێن 
*هێزە مەدەنییەكان ئامادەیی ئەوەیان هەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا، جڵەوی پێشەنگ بوون لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا بگرنەدەست، یان هێشتا زووە قسە لەوبارەیەوە بكرێت؟ 

-بابەتەكە خۆی لەوەدا نابینێتەوە، دەبێت ئێمە تەماشای هاوسەنگیی سیاسی بكەین، بەتایبەتی لەنێوان زۆرێك لەو لایەنانەی كە پێیان دەوترێت تایفەگەریی سیاسی، ئەو هێزانە خاوەنی پارە و چەك و میدیا و زۆرێك لە خاڵە بەهێزەكانن، هەموو ئەوانەش بۆ مەبەستی دەستەبەركردنی سۆزی میللی بەكاردەهێنن، لەڕووی دابینكردنی هەلی كار و دابینكردنی بژێوییەوە، ئەمەش دەكرێت وەك بنكە و سەرچاوەی پەیداكردنی كڕیاران ناوبنرێت، لەم روانگەیەوە دەكرێت بڵێین هاتنە پێشەوەی هێزە مەدەنییەكان لە مەودایەكی نزیكدا قورسە، بەڵام ئەگەر پرسیار بكەیت هێزە مەدەنییەكان پێش دەكەون، بەڵی لە پێشكەوتندا دەبن و هەنگاو بەرەو پێش دەنێن، ئەگەر یەكبگرن و زەمینەیەكی لەباریان بۆ بڕەخسێت، بەو پێیەی ئێستا رەوشەكە لەبارە و لەو پێناوەشدا هەوڵەكان خراونەتەگەڕ. 

چارەسەری قەیرانەكان
*چارەسەری ئەم رەوشە نالەبارەی باسی دەكەن لە چیدا خۆی دەبینێتەوە؟ 

-لەو بڕوایەداین ئەو پرۆژەیەی كە دەكرێت ببێتە چارەسەر یان ئاسۆیەك بۆ چارەسەر بڕەخسێنێت، بۆ ئەم قەیرانە قورسانەی گەندەڵی و نەبوونی گەشەپێدان و بنیاتنانی سەروەریی نیشتمانییدا دەبیننەوە، قورسە ئەم هەموو قەیرانانە تێبپەڕێنرێن، بێ پرۆژەی هاووڵاتیبوون و بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی و دیموكراسییەكی راستەقینەی چەسپاو، نەك ئەم دیموكراسییەی ئەمڕۆ دەیبینین كە لەڕێی سامانی سیاسی و دەستوەردان و بەكارهێنانی هەژموون و ئامرازەكانی ترەوە هاتۆتە بەرهەم، ئەمانە هێندەی تر متمانە لەنێوان كۆمەڵگە و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا ناهێڵن، ئێمە دەڵێین دامەزراوەكانی دەوڵەت ئەگەر متمانەی هاووڵاتی بەدەستنەهێنن، ئیدارەدانی دەوڵەت قورس دەبێت، بۆ گەڕانەوەی متمانەش پێویستە چاكسازییەكی قووڵ بكرێت، لە سیستمی دیموكراتی و سیستمی هەڵبژاردن و سیستمی دەوڵەتدارییدا، لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە، لە ئێستای وڵاتدا پرەنسیپی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو جێبەجێ نەكراوە. 

عیراق بەدەست زۆر تەنگژەوە دەناڵێنێت
*حزبی شیوعی پشت بە پاشخانە مێژووییەكەی دەبەستێت بۆ سەركردایەتی ناڕەزاییەكانی شەقام، یان شێوازی تر دەگرێتەبەر بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەكانی؟   

-وەك پێشتر باسمان كرد، وڵات بەدەست زۆر تەنگژەوە گیرۆدەیە، كێشەكە خۆی لە نەبوونی عەدالەتی كۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە، بەوپێیەی (رێژەی هەژاریی بەرزە، خزمەتگوزارییەكان لە زۆربەی ناوچەكاندا دەستەبەر نەكراون، كێشەی نیشتەجێبوون هەیە، كێشەی تەندروستی و فێركاریمان هەیە، بێكارییەكی زۆر لەنێو لاواندا هەیە)، ئەمانەش تەوژمێكی ناڕەزاییان لەنێو خەڵكدا دروستكردووە، حزبی شیوعیش بەشێكە لە كۆمەڵگە و لەنێو ئەو تەوژمەدایە وەك زۆرێك لە جووڵانەوە و بزاوتەكانی تر، لەگەڵ ئەمەشدا توێژێكی گەورەتری كۆمەڵگە قۆناغی پەنگخواردنەوەی تێپەڕاندووە و دەنگی ناڕەزایی بەرزدەكاتەوە و دەیەوێت بڕژێتە گۆڕەپانەكانی ناڕەزاییەوە، بەو واتایەی ناڕەزایی دەردەبڕێت و گوزارشت لە داواكارییەكانی دەكات، حزبی شیوعی لەو تەوژمەدا دەكرێت بڵێین لایەنی سەرەكییە و لەوانی تر رێكخراوترە، حزبی شیوعی لە هەموو گردبوونەوە و مەیدانێکی ناڕەزاییدا، یان پشتیوانی خۆپیشاندەرانە یاخود لایەنی سەرەكی رێكخستنی خۆپیشاندانەكانە، بۆیە هەوڵدەدەین پەیوەندییەكی پتەو لەگەڵ ئەو دەنگە ناڕازییانەی تردا دروستبكەین كە دەیانەوێت دەنگی ناڕەزایی خۆیان بەرزبكەنەوە. 
حزبی شیوعی رۆڵی بەرچاوی هەیە، لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ناڕەزاییەكان و دانانی بەرنامەی ناڕەزاییەكان، چونكە لە زۆربەی كاتەكاندا ئەو ناڕەزاییانە رەوشێكی دیاریكراوییان رەتكردووەتەوە، بۆ نموونە پشكپشکێنە و گەندەڵییان رەتكردۆتەوە، بەڵام رەنگە بەرنامەیەكی هەمەلایەنەیان گەڵاڵە نەكردبێت كە ئامانجە گشتییەكان دیاریی بكات، حزبی شیوعی لەو رووەوە رۆڵی خۆی بینیووە و كاریی لەسەر ئەو بابەتە كردووە و دید و ئاراستەكانی دیاریكردووە و بەرنامەیەكی رێكخراوی بۆ داناوە، ئەمەش كارایی سیاسی دەوێت و شوێن و پێگەی هێزە مەدەنییەكان دەپارێزێت، ئەو هێزانەی كە دەیانەوێت رەوشەكە بگۆڕن و بەرەو باشتری ببەن، لەڕووی پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و هێنانەدیی عەدالەتی كۆمەڵایەتییەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان