شۆرتی كارەبا هۆکار بوو

ئاگرەکەی بازاڕی تایەفرۆشانی کەرکوک، زیاتر لە (100) هەزار دۆلار زیان

09:30 - 2024-05-05
ڕاپۆرت
152 جار خوێندراوەتەوە
#ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی تایەفرۆشانی کەرکوک

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


ناوە ناوە لێرە و لەوێ گوێبیستی ئاگركەوتنەوە لە كۆگا، ماركێت و شوێنە گشتییەكان دەبین لە پارێزگای کەرکوک، چەند رۆژێك لەمەوبەر ئاگر لە بازاڕی تایەفرۆشانی كەركوك كەوتەوە، سەرەتا ئاگرەکە لە دوکانێکی بازاڕەکەوە دروست بوو ئەوەش تەواوی دوکاندارانی شڵەژاند و هەمووان خەریکی هێنانە دەرەوەی تایەی ناو دوکانەکانیان بوون بۆ دورخستنەوەیان لە سووتان و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان دەدا، بەڵام بە زوویی ئاگرەکە تەشەنەی سەند و بەشێک لە کۆگاو دوکانەکانی گرتەوە.
بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك كە دەست كوردستانی نوێ كەوتووە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەدا، 13 كەس برینداربوون کە ژمارەیەکیان کارمەندی بەرگری شارستانین و زیانە مادییەکانیش بە وتەی خاوەن دوکانەکان بە زیاتر لە 100هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

لە ئاگرکەوتنەوەکەدا 13 كەس برینداربوون کە ژمارەیەکیان کارمەندی بەرگری شارستانین و زیانە مادییەکانیش بە زیاتر لە 100 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت

دوکانداران گومانیان هەیە
عەبدوڵڵا عەلی خاوەنی یەکێک لە دوکانە سووتاوەکانی بازاڕی تایەفرۆشانی کەرکوکە وتی: بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئاگرەكە بەهۆی شۆرتی كارەباوە دروست بووە، بەڵام ئێمەی دوکانداران گومانی ئەوەمان هەیە دەستێکی نادیار لەپشت ئاگرکەوتنەوەکەوە بێت، چونكە ئەو كەسانەی ئەمنییەتی شوێنەكە دەپارێزن وەك پێویست نەیانتوانیوە پارێزگاری لە دوكانەكان بكەن و درەنگ لایەنە پەیوەندیدارەكانیان ئاگادار کردۆتەوە.
سامان یابە عەلی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دوای ئاگاداركردنەوەمان لە رووداوی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕی تایەفرۆشانی كەركوك، دەستبەجێ تیمە تەندروستییەكان كەوتنە حاڵەتی ئامادە باشییەوە و توانرا فریای بریندارەكان بكەون.
وتیشی: لە بازاڕەکەدا رێوشوێنی تەندروستی نەگیراوەتەبەر، بۆیە ژیانی ئەو دوکاندارانە پارێزراو نییە و ئەو کەلوپەلانەی لە بازاڕەکەدا دەفرۆشرێن بە ئاسانی گڕدەگرن.

زیانی زۆر بە خاوەن دوکانەکان کەوتووە
پێشتر بازاڕی تایەفرۆشان لەسەر شەقامی سەرەکی كەركوك ـ بەغدا بوو، بەڵام بۆ ماوەی ساڵێك دەچێت گواستراونەتەوە کۆمەڵگەیەکی نوێ کە خاوەن دوکانەکان گلەییان لێی هەیە.
مەحمود شەریف خاوەن دوکانێكی ترە لە بازاڕەکە دەڵێت: نزیكەی شەش دوكان و کۆگا سووتان و زیانێکی زۆر بە خاوەن دوکانەکان کەتووە.
وتیشی: ئەمە دووەم جارە ناحەقیمان بەرامبەر دەکرێت، ساڵی رابردوو بە زەبری هێز گواستراینەوە، شوێنەکەمان درایە وەبەرهێنێک و قەرەبوویەکی کەم کراینەوە، ئەمساڵیش ئاگرکەوتنەوە لە دوکانەکانمان زیانێكی زۆری پێگەیاندین.


سیستمی ئاگرکوژێنەوەی بازاڕەکە باش نییە
لوقمان شکور بەڕێوەبەری بنکەی بەرگری شارستانی یەک لە کەرکوک بەكوردستانی نوێی راگەیاند: دوای ئاگاداركردنەوە دەستبەجێ تیمەكانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و توانییان لە زووترین كاتدا ئاگركە كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئامێر و سیستمی ئاگركوژێنەوەی ئەو بازاڕە وەك پێویست كاری نەكردووە و ئێمەشیان بۆ پشكنینی مانگانە ئاگادار نەكردۆتەوە، بۆیە ئەو كارەساتەی لێكەوتۆتەوە.
وتیشی: بەشێك لە كارمەندانی بەرگری شارستانی كەركوك لە كاتی كوژانەوەی ئاگرەكەدا تووشی تەنگەنەفەسی بوون و رەوانەی نەخۆشخانەكان كران، بۆیە لێرەوە دەمەوێت گشت بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی كەركوك ئاگادار بكەینەوە كە پابەندی مەرجەكانی ئاگر كوژێنەوەبن بۆ ئەوەی تووشی ئەو جۆرە رووداوانە نەبن و زیانیان بەرنەكەوێت.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان