راپۆرتی / ئه‌یاز هه‌ركی
دکتۆر جوان حەمێ یەکەمین كه‌سایه‌تی و پزیشکی کوردە لە رۆژئاوای کوردستان خەڵاتی (زێڕێنی بله) وه‌رده‌گرێت کە لە دوای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریا لە ساڵی 2011ەوە خۆبەخشانە چارەسەری هاووڵاتییانی بریندار و نەخۆش دەکات لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان، دوای چەندین ساڵ خزمەتی خێرخوازی و مرۆیی بە شێوەی رێکخراو، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 23/4/2024 لە مەراسیمێکی گەورەدا لە ته‌لاری هونەری سلێمانی، خەڵاتی (زێڕینی بله)ی پێشكه‌ش كرا. ئەو مەراسیمە ساڵانە لەلایەن رێكخراوی برایم ئه‌حمه‌د فاوهندهیشنەوە بەڕێوەدەچێت و خەڵات دەبەخشرێتە چەندین کەسایەتیدیار لەهەموو بەشەکانی کوردستان.
خەڵاتی بلە بۆ من لە نۆبڵ گرنگترە
سه‌باره‌ت به كاره‌كانی له بواری پزیشكیدا دكتۆر جوان حه‌مێ، له قامیشلۆ پێی وتین: (بەڕاستی خەڵاتی «زێڕینی بله» بۆ من زۆر لە خەڵاتی نۆبڵ و ئۆسکار گرنگترە، چونکە رەوانشاد ئیبراهیم ئەحمەد، کەسایەتییەکی بە ناوبانگ و گەورەی كورده و لەسەر رێبازی کوردایه‌تی و خۆشەویستی له‌گه‌ڵ ئێش و ئازارەکانی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بێ جیاوازی خه‌بات و تێكۆشانی كردووه. کاتێک خەڵاتێک بە ناوی ئیبراهیم ئەحمەدەوە ناونراوه، بێ گۆمان زۆر گرنگ و بەنرخ ده‌بێت. پێموایە ئەگەر رۆشنبیر و خه‌باتكارێكی گه‌وره‌ی وەک ئیبراهیم ئەحمەد لەسەر رێگای کوردایەتی نەبوایە. ئەمڕۆ کەسێکی وەک من نەیتوانیبا ئەم رێبازە خێرخوازی و کوردایەتییە بگرێتە بەر).
دكتۆر جوان هه‌روه‌ها وتی: (قسه‌یه‌ك هه‌یه ده‌وترێت بۆ ئەوەی ببیتە پزیشکی باش پێویستە شەش ساڵ لە زانکۆ به‌شی پزیشکی بخوێنیت و نزیكه‌ی شه‌ست کتێبی تایبەت لە بواری پزیشکیدا بخوێنیتەوە و لەبه‌ر بكه‌یت، به‌ڵام ئەگەر کوردێک بیەوێت ببێتە پزیشک دەبێت ئێش و ئازار و ناخۆشییەکانی گەلی کورد بزانێت و بخوێنێت، ئەوکات دەبێتە پزیشکێکی باش، بە تایبەت بۆ ئێمەی خەڵکی خۆڕئاوای کوردستان، لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی سوریا لە ساڵی 2011 نیوەی نەتەوەی کورد لە سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون. هه‌روه‌ها بەهۆی ئازاری میللەتەکەمانەوە من و خێزانەکەم بڕیارماندا لە تەنیشت گەلەکەمانەوە بوەستین و هاوکاری و یارمه‌تی گەلەکەمان بکەین. لە ساڵی 2011وە له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ له ناوچه جیاوازه‌كانی كوردستانی سوریا رۆژانه چه‌ندین هاووڵاتی برینداری ته‌قینه و هێرشی تیرۆریستی و گروپە جیاوازەکان بۆ سه‌ر هاووڵاتییانی ئاسایی، من و تیمه‌كه‌م به‌رده‌وام چارەسەرییمان بۆ برینه‌كانیان ده‌كرد).
خۆم و هاوکارەکانم تا بەیانی نەوەستاین
دكتۆر جوان حه‌مێ له درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆی گێڕاینه‌وه: (له شەوی نەورۆزی ساڵی 2015 نزیکەی دە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لەناو شایی هاووڵاتییانی پارێزگای حەسەکە خۆیان تەقاندەوە. ئەو شەوە من و هاوکارەکانم زۆر خەریکی چارەسەرکردنی بریندارەکان بووین. هه‌روه‌ها
له 27/7/2015 خۆکوژێک خۆی له ناو شایی بنەماڵەی (فاتمێ) له رۆژئاوای کوردستان ته‌قانده‌وه كه (42) که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و چه‌ندین هاووڵاتی دیکه‌ش برینداربوون، له‌ناو ئه‌و ژماره‌یه (22) كه‌س له بنهماڵەی (فاتمێ) بوون.)
هه‌روه‌ها وتیشی: (هێرشی سەر دەڤەری شنگال برینێکی قووڵە لە دڵی هەموو کوردێكی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و مرۆڤدۆستانی جیهاندا. له‌وكاته‌دا من لەگەڵ تیمێکی پزیشکی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی شنگال چوومە چیای شنگال، بەداخەوە زۆربەی ئەوانەی بینیم مردبوون، كه ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیشیان تێدابوو. مناڵێکم بینی لە چیای شنگال لە تەنیشت دایکییەوە شیری دایكی ده‌خۆارد لەکاتێکدا دایکی مردبوو. لەگەڵ خۆم بردم بۆ چارەسەر، بەڵام دوای رۆژێک گیانی له‌ده‌ستدا. تا کۆتایی ژیانم کاریگەری و تراژیدیای دیمه‌نی ئه‌و دایك و منداڵه‌ی ئێزدی له‌سه‌ر من دەبێت. چونكه دیمەنێکی زۆر بە ئازار و كاریگه‌ر بوو. بابەتێکم لەبارەی ئەم رووداوەوە بە زمانی عەرەبی نووسی کە لە هەموو جیهاندا بڵاوبوویەوە).
بۆ ئەوەی ببیتە پزیشکی باش پێویستە شەش ساڵ لە زانکۆ به‌شی پزیشکی بخوێنیت و نزیكه‌ی 60 کتێبی تایبەت لە بواری پزیشکیدا بخوێنیتەوە، به‌ڵام ئەگەر کوردێک بیەوێت ببێتە پزیشک دەبێت ئێش و ئازار و ناخۆشییەکانی گەلی کورد بزانێت و بخوێنێت
کاری تیمەکەمان خۆبەخشانە بووه
هه‌روه‌ها دكتۆر جوان حه‌مێ ده‌ڵێت: (کاتێک لە ساڵی 2014 گروپی تیرۆریستی داعش هێرشی کردە سەر کۆبانێ، دەرفەتی دەربازبوونمان نەبوو بچینه ناو شاره‌كه و یارمه‌تی هاووڵاتییان بده‌ین، بەڵام هاووڵاتییانی بریندار به رێگه‌ی جیا جیا دههێنرانە نەخۆشخانەی قامیشلۆ، لەوێ نەشتەرگەریم بۆ ده‌کردن و چارەسەری برینەکانیانم ده‌كرد. هاوکات هاوکاری و یارمه‌تی ده‌یان نەخۆشی کەمپی نەورۆز و كه‌مپه جیاوازه‌كانی دیكه‌ی رۆژئاوا و باشووری كوردستان‌م کردووە. کاری تیمەکەمان خۆبەخشانە بووه و هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی و ئیدارەی خۆسەر هاوکاریمانی نەکردووه و کارەکەمان خۆبەخشانە بووه. ئەگەر رابردوو بگەڕێتەوە جارێکی تر بەردەوام دەبم لە كاری خۆبەخشی و بەردەوام دەبم لەم کارە پیرۆز و خێرخوازییە، چونکە کورد نەتەوەیەکی ماندوو و مهزڵۆمه. هەروەها خوێنم بەخشیوە بە برینداران بەتایبەتی منداڵی بریندار و نەخۆش).
دكتۆر جوان وتی: (ساڵی 2015 سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی داعش لە شارۆچکەی (تل تەمەر) لە نێوان (حەسەکە و سەرێ کانی) خۆی ته‌قانده‌وه و زۆربەی هاووڵاتییانی ئه‌م ته‌قینه‌وەیه شه‌هید بوون. کچێکی تەمەن هەشت ساڵان بریندار ببوو به ته‌نها له‌گه‌ڵ باوکی لە تەقینەوەکە رزگاریان ببوو، دایک و برا و خوشکەکانی هەموویان گیانیان له‌ده‌ستدا بوو. بە ئۆتۆمبێلەکەم ئه‌و كچه‌م له پارێزگای حەسەکەوه گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی قامیشلۆ نەشتەرگەریم بۆ برینەکەی کرد. دوای چاکبوونەوەی لەگەڵ باوکی لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بوون. ئێستا تەمەنی حەڤدە ساڵە و بەم دوایانە لەگەڵ باوکی گەڕاوەتەوە قامیشلۆ).
ئەم خەڵاتە ئەرکەکانی قورس‌تر کردم
وتیشی: (ئاواتی من ئەوەیە رۆژێک ده‌رفه‌ت هه‌بێت سەردانی هەرێمی کوردستان بکەم، بە تایبەتی لە شاری سلێمانی سەرەتا سەردانی گڵكۆی سەرۆک مام جەلال بکەم، دواتریش سەردانی گۆڕی روناكبیر و كه‌سایه‌تی گەورەی کورد ئیبراهیم ئەحمەد و مامە ریشە و شێرکۆ بێکەس بکەم. چونکە لەدوای ئه‌و پێشوازییه کوردستانییه و ئەم خەڵاتە گەورەکەی (بله) ئه‌ركی سەرشانی من قورس‌تر کردووە، ئەم خەڵاتەش نیشانەی ئەوەیە کە کوردستان هەرگیز چوار پارچه نییه، بەڵکو یەک پارچه‌یه، لە خەون و زه‌ینییه‌تی ئێمەدا وایه. هەروەها بەنیازم سەردانی گۆڕی پێشمەرگە (زێرەوان ئەکرەم مزۆری) بکەم کە لە ساڵی 2014، کاتی هاتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ رۆژئاوای كوردستان لە کۆبانێ شەهید بوو).
جوان حه‌مێ لە ساڵی 1972، لە گوندی (تالعای) سه‌ر به پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای كوردستان لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئاماده‌یی لە حه‌سه‌كه تەواو کردووە. لەساڵی 1999 زانکۆی حەلەب به‌شی پزیشكی تەواو کردووە و لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریا لە رۆژئاوای کوردستان وەک پزیشکێکی خۆبه‌خش له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌ی بێ به‌رانبه‌ر خزمەتی نەخۆش و برینداره‌كان دەکات.